شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بە ئامادەبوونی رابیحە حەمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لەگەڵ ژنانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، رۆڵ و کاریگەری ژنان گرنگە لە سەرجەم کایەکان و جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات و بڕیاردان، بوونی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاری ژنیش لە فراکسیۆنە کوردییەکان جێگەی خۆشحاڵییە، داواشیکرد، لە بەرامبەر پرسە نەتەوەییەکان و داواکارییەکانی کورد و ژنانی کورد ھەموویان یەک ھەڵوێست بن.
خانمی یەکەمی عێراق داواشیکرد ژنانی پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چالاک بن و ھاوتای پیاوان بن، ھەموو پشتیوانییەکیشی بۆ دوپاتکردنەوە.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی ھەپەگە بڵاویکردەوە، لە ھەڵمەتێکی گەریلادا لە دەوروبەری گوندی لەیلەگی پارێزگای موش لە باکوری کوردستان شەڕی سەخت لە نێوان ھێزەکانی گەریلا و سوپای تورکیا روویدا و لە شەڕەکەدا حەوت سەربازی تورکیا کوژران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای ھەڵمەتەکەی گەریلا، تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و ھێلیکۆپتەر بۆردومانی ناوچەکەی کردوە، لە ئەنجامدا گەریلایەک بە ناوی (ئاسۆ فەرزاد) کە لەدایکبووی شاری روانسەری رۆژھەڵاتی کوردستانە کوژراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەماوەی مانگی ڕابردوو لە رێکەوتی ۱ بۆ ٣٠/١١/٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد ڕەشید لەشاری سلێمانی ٢٣ ھەزار و ٤٣٠ منداڵی نەخۆش لە ھەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە سێ ھەزار و ٦١ منداڵ داخڵ کراون.
ھەر بەپێی ئامارەکە لە مانگی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد ڕەشید ۲۱۹ منداڵ لەبەشی بەدخۆراکی و ۲۳۹ منداڵ لەبەشی تیشک و دەمار و ۱٤٦ منداڵ لەبەشی ڕاھێنانەوەی چارەسەری خۆراک بینراون و ۹۳۷ حاڵەتی ھەناسەتوندی تۆمارکراوە.
ھەر لەمانگی ڕابردوودا لەنەخۆشخانەکەدا ( ۱۸٫۰۸۰) ١٨ ھەزار و ٨٠ پشکنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و ۳۱٤ پشکنینی گەشەی ھۆرمۆن و ٥٦۲ سۆنەر و۸۰ ئیکۆ و ۲٤ نازور ئەنجام دراوە و ٦۰٦ تیشک گیراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، نەسیم مەردۆخی، تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری تاران، تۆمەتی کۆبوونەوە لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە لە دژی نیزامی بەسەردا سەپێرا، لە ئێستاشدا دۆسیەکەی بۆ دادگای شۆڕش نێردراوە.
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو لە ماوەی ٨٠ رۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون، تا ئێستاش ناسنامەی ١٣٠کەسیان ئاشکرابووە، لەو ژمارەیەش ٢٧ کچ و ١٠٣ کوڕیان تێدایە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ھەنگاویش، تا ئێستا دۆسیەی کۆمەڵێک لەو منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی نێردراون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کودسات نیوزی راگەیاند، ئەمشەو تەرمی ژنێک لە چەمی توراغ سەر بە ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکوک دۆزرایەوە.
ئاشکراشیکرد، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوتووە تەرمی ژنەکە شێوێندراوە و ناسنامەی نادیارە.
لە دیدارێکدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەی کۆبوونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکانەوە وتی، کۆبوونەوەکە سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد و ھەڵگرتنی بەرپرسیارییەتین لەم قۆناغە ھەستیارەدا. وتیشی یەکێتی باوەڕی تەواوی بە ھاوبەشیی راستەقینەیە و دەیەوێت لەگەڵ ھێزە کوردییەکان بگەنە پرۆژەیەکی نیشتمانیی ھاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ھەر لە دیدارەکەدا کۆبوونەوەکەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سەرۆک بافڵ وتی، کۆبوونەوەکە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و گرفتە سیاسییەکانی تر لە عیراقدا. خۆشبەختانە ئەو ئامانجەیان لە ماڵی مام بەدیھێنا و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی گفتوگۆ و رێککەوتنەکان لەسەر بنەمای دەستوور بکرێن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە فەیسەڵ کەریم خانی برادۆستی. لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێم و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا و جەخت لە ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێز و لایەنەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکان کرایەوە لەپێناو دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی برادۆستییەکان کرد لە قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕشی گەلی کورد و وتی، یەکێتی ھەوڵ و قوربانیدانیان بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانییان لە حزبەکە جێگەی شانازی و پێزانینە.
"زیاد جەبار"سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ڕاژەی خزمەتی فەرمانبەران کۆبوەتەوە، بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر ئەو بابەتە.
وتیشی، ئەگەر یاسای بودجە ھەبێت پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران پێویستی بە بڕیار نییە، پێویستە وەک رابردوو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا حکومەت داوا دەکات پلەبەرزکردنەوە بەپێی ھەڵسەنگاندن بێت، ئەگەر بەوشێوەیەش جێبەجێ بکرێت ئەوا نادادپەروەری تێدا دروست دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە وەک رابردوو جێبەجێ بکرێت.
راشیگەیاند، راپۆرتێکیان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، لە رێورەسمێکدا کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا گرێبەستی دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبای لە وزەی خۆر لە پارێزگای ھەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای "پلوتۆ ئۆتۆ سایکڵ" ئیمزا کرد. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، وێستگەکە ٢٥ مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر بەرھەم دەھێنێت و لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا ٦١٥ مێگاوات کارەبا بۆ سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد کراوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە دوای بەرھەمھێنانی کارەبای زیاتر تا ئێستا نەتوانراوە ٢٤ سەعات کارەبا بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان گرتەڤیدیۆی سوتانی ئۆتۆمبێلەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، شەوی رابردوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدەی لە گوندی سنجاقی شێخ لە عامودێ-ی سەر بە پارێزگای حەسەکە بۆردوومان کردووە و دەستبەجێ دوو ئەندامی ئەو ھێزە کوژراون.
ھەروەھا بەرەبەیانی ئەمڕۆ تورکیا چوار گوندی کۆبانێ و سێ گوندی تل تەمری لە رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد.
ماوەی دوو ھەفتەیە تورکیا ھێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، بەھۆیەوە چەندین ھاووڵاتی و ئەندامانی ھەسەدە و سەربازی سوپای سوریا کوژراون، دەیان خانوو و خوێندنگە و مزگەوت و فەرمانگەش خاپوور کراون.
"مەزڵوم عەبدی" لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، پێشوازی لە ھەڵوێستی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ رەتکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
وتیشی، شانازی دەکەن بە ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ رەخساندنی سەقامگیری لە ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
"مەزڵوم عەبدی" ھیواشی خواست، ئەو ھەڵوێستانە بکرێنە کردار و رۆڵیان ھەبێت لە کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی تورکیا و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی دادپەروەرانە بۆ قەیرانی سوریا و دۆسیەی کورد.
"عەلی ئیسماعیل" ئەندامی لیژنەی باڵای سیستمی پێوەری زیرەک رایگەیاند، وەزارەتی کارەبا لە وەرزی زستاندا بە ھۆی زیادبوونی خواست لە سەر بەکارھێنانی کارەبا، بڕیاریداوە بڕی کارەبا لە ٤٠ ئەمپێرەوە کەمبکاتەوە بۆ ٣٠ ئەمپێر.
وتیشی، زۆرجار ھاووڵاتیان لەو رێژەیە زیاتر کارەبا بەکاردەھێنن و فیوزی پێوەری زیرەک دەکوژێتەوە و دوای ماوەیەک ئۆتۆماتیکی دادەگیرسێتەوە، بەڵام ھەندێک ھاووڵاتی دەچێتە لای محەویلەکە و کارەبای تەواوی محاویلەکە دەکوژێنێتەوە و دایدەگیرسێنێتەوە بۆ ئەوەی فیوزەکەی خۆی کارپێبکاتەوە، ئەوەش زیان بە ئامێرە کارەباییەکانی ماڵان دەدات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای سیستمی پێوەری زیرەک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستە ھاوبەشانی کارەبا خۆیان لەو دیاردەیە بەدوور بگرن و لە حاڵەتی درەنگ ھاتنەوەی کارەباکەیان پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنە تایبەتەکانی پێوەری زیرەک بکەن کە بۆیان دیاری کراوە و پەیوەندیکردن پێیانەوە بێ بەرامبەرە.
وتیشی، بە گوێرەی نرخی گازوایل نرخی کاتژمێرێک ئەمپێری موەلیدە بە (٥٧) دینار بۆ مانگی (١١) تشرینی دووەم دیاریکرا، کەبە تێکڕایی موەلیدە ئەھلیی گەڕەکەکان لەنێوان (٢٢٠) بۆ (٢٥٥) سەعات کاریان کردوە، بەمەش نرخی ئەمپێرێک کارەبا لەنێوان (١٣.٠٠٠) ھەزار بۆ (١٤.٥٠٠) ھەزار دینار دەبێت.
ھەروەھا ھەندێک موەلیدە کە بەرنامەی کارکردنیان لە ٧ی بەیانی بۆ ١ی شەو بووە، نرخی ئەمپێریان لە نێوان ١٥.٠٠٠ ھەزار دینار بۆ ١٦.٥٠٠ دینار دەبێت.
بەھۆی جیاوازی کارپێکردنی موەلیدە ئەھلییەکان و دابینکردنی کارەبا بۆھاوڵاتیان لە گەڕەکێک بۆ گەرەکێکی دیکە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبا لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە.
ھاوکات، بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان بۆ مانگی کانونی یەکەم بەم جۆرە دەبێت؛ سەعات ٦:٣٠ بۆ ٨ ی بەیانی و سەعات (١)ی پاشنیوەڕۆ بۆ (١)ی شەو، ھەرکات کارەبای حکومی نەبوو موەلیدە ئەھلییەکان کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین بکەن.
هەروەها، کە پێویستە پاش کوژانەوەی کارەبای نیشتمانی (١٠) خولەک زیاتر بەسەر کارپێکردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیکار روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.
کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبووک نوسراوێکی حکومەتی ھەرێمی بڵاوکردەوە کە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئیمزای کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حکومەتی ھەرێم لەگەڵ رێکخراوی "کەی جی لۆبی سێنتەر" گرێبەستێکی کردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی نێودەوڵەتی لەسەر کەیسی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان، لەکاتێکدا ئەو رێکخراوە ھەر بوونی نیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کارەی حکومەتی ھەرێم جگە لە سپیکردنەوەی پارە و پارە خواردن شتێکی تر نیە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو رێکارە پەرلەمانییەکان و یاساییەکانی گرتووەتەبەر.
ھاوکات داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی پرۆسەی سیاسی بکات لە سوریا کە خۆسەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا تێدا بەشدار بێت،
داواشیکرد، گوشار لە بەشار ئەسەد بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆ کۆتایی ھێنان بە ھێرشەکانی تورکیا و گەڕانەوەی ھاووڵاتیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، چوار کەس بەناوەکانی " حسین ئەردوخان زادە، شاھین ئیمانی مەحمودئاباد، میلان ئەشرەفی، منوشەھر شەھبەندی" بە تۆمەتی ھەماھەنگی ھەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەنجامدانی تاوانی رفاندن و ھەڵگرتنی چەک سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوەو سێ کەسی تریش بەتاوانی ھاوکاریکردن لە رفاندن و ھەڵگرتنی چەک سزا پێنچ بۆ ١٠ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی ئایاری رابردوو رایگەیاند، ئەندامانی تۆڕێکی نھێنییان دەستگیرکردوە کە کاریان بۆ ئیسرائیل کردوە و تۆمەتباری کردن بە تاوانی دزی و رفاندن و ھەڕەشەکردن.