مانگی رابردوو زیاتر لە ٢٣ ھەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د. جەمال بۆ منداڵان چارەسەرکراون
کوردسات نیوز
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەماوەی مانگی ڕابردوو لە رێکەوتی ۱ بۆ ٣٠/١١/٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد ڕەشید لەشاری سلێمانی ٢٣ ھەزار و ٤٣٠ منداڵی نەخۆش لە ھەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە سێ ھەزار و ٦١ منداڵ داخڵ کراون.
ھەر بەپێی ئامارەکە لە مانگی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد ڕەشید ۲۱۹ منداڵ لەبەشی بەدخۆراکی و ۲۳۹ منداڵ لەبەشی تیشک و دەمار و ۱٤٦ منداڵ لەبەشی ڕاھێنانەوەی چارەسەری خۆراک بینراون و ۹۳۷ حاڵەتی ھەناسەتوندی تۆمارکراوە.
ھەر لەمانگی ڕابردوودا لەنەخۆشخانەکەدا ( ۱۸٫۰۸۰) ١٨ ھەزار و ٨٠ پشکنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و ۳۱٤ پشکنینی گەشەی ھۆرمۆن و ٥٦۲ سۆنەر و۸۰ ئیکۆ و ۲٤ نازور ئەنجام دراوە و ٦۰٦ تیشک گیراوە.