لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران تاووتوێ دەکات
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
"زیاد جەبار"سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ڕاژەی خزمەتی فەرمانبەران کۆبوەتەوە، بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر ئەو بابەتە.
وتیشی، ئەگەر یاسای بودجە ھەبێت پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران پێویستی بە بڕیار نییە، پێویستە وەک رابردوو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا حکومەت داوا دەکات پلەبەرزکردنەوە بەپێی ھەڵسەنگاندن بێت، ئەگەر بەوشێوەیەش جێبەجێ بکرێت ئەوا نادادپەروەری تێدا دروست دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە وەک رابردوو جێبەجێ بکرێت.
راشیگەیاند، راپۆرتێکیان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت.