وەزارەتی کارەبا لەبارەی فیوزکردن و کوژانەوەی پێوەری زیرەکی کارەبا ھۆشداری دەدات
ئاکار
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
"عەلی ئیسماعیل" ئەندامی لیژنەی باڵای سیستمی پێوەری زیرەک رایگەیاند، وەزارەتی کارەبا لە وەرزی زستاندا بە ھۆی زیادبوونی خواست لە سەر بەکارھێنانی کارەبا، بڕیاریداوە بڕی کارەبا لە ٤٠ ئەمپێرەوە کەمبکاتەوە بۆ ٣٠ ئەمپێر.
وتیشی، زۆرجار ھاووڵاتیان لەو رێژەیە زیاتر کارەبا بەکاردەھێنن و فیوزی پێوەری زیرەک دەکوژێتەوە و دوای ماوەیەک ئۆتۆماتیکی دادەگیرسێتەوە، بەڵام ھەندێک ھاووڵاتی دەچێتە لای محەویلەکە و کارەبای تەواوی محاویلەکە دەکوژێنێتەوە و دایدەگیرسێنێتەوە بۆ ئەوەی فیوزەکەی خۆی کارپێبکاتەوە، ئەوەش زیان بە ئامێرە کارەباییەکانی ماڵان دەدات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای سیستمی پێوەری زیرەک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستە ھاوبەشانی کارەبا خۆیان لەو دیاردەیە بەدوور بگرن و لە حاڵەتی درەنگ ھاتنەوەی کارەباکەیان پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنە تایبەتەکانی پێوەری زیرەک بکەن کە بۆیان دیاری کراوە و پەیوەندیکردن پێیانەوە بێ بەرامبەرە.