کوردستانکوردستان

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، حکوومەتی فیدراڵیی عیراق دەبێ ھەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و لە خاکی عیراقەوە ھەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەکرێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

زۆر بە توندی سەرکۆنەی تاوانی بۆمببارانکردنی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ دەکەین کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک ھاووڵاتی و گەشتیاری سڤیلی ناوچە جیاکانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان.

دووبارەبوونەوەی بۆمبباران و بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکان، بە تەواوی ڕەتکراوە و قبووڵنەکراوە و ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و سنووری نێودەوڵەتیی عیراقی شێواندووە، ھەروەھا بووەتە ھۆی چۆڵکردنی سەتان گوند و دێھاتی ناوچەکە.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خێزان و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و ھاودەرد و ھاوخەمیانین، ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. نەخۆشخانە و لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموو یارمەتی و خزمەتگوزارییەکی پێویست پێشکەش بە بریندار و بەرکەوتووان دەکەن.

سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەبێ شەڕ و پێکدادان ڕابگرن و چیتر نەبنە ھۆکاری کوشتن و وێرانکاری لە ناوچە سنوورییەکان و شەڕ و بەڵای خۆیان لە یەخەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە. حکوومەتی فیدراڵیی عیراقیش دەبێ ھەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و لە خاکی عیراقەوە ھەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەکرێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٧/٢٠

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان:

بە داخەوە جارێکی دیکە بە ھۆی لێکەوتەکانی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنورییەکان، و بە ھۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ھاوینەھەواری پەرەخی سنوری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

پەرلەمانی کوردستان وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی ئەم تۆپبارانەی سوپای تورکیا، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بە پێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی بە ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی ھەستێ و سەروەری ئاسمان و خاکی ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی وڵاتانی دەوروبەر و ھێزە لە یاسا دەرچووەکان بپارێزێت و ھەموو ھەنگاوێکی یاسایی و دیپلۆماسی بگرێتە بەر بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم پەلامارانە.

پێویستە تورکیا و پەکەکە بەڵای شەڕ و ململانێکانیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان دووربخەنەوە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و سەروەری ھەرێم لە کێشە و ناکۆکییەکانیان دوور بخەنەوە.

داوا لە دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەموو ھەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەکجارەکی و دڵنیاکردنەوەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە پەلامار و ھێرشەکانی وڵاتانی دەوروبەر و ھێزە لەیاسادەرچووەکان پارێزراو دەبن.

پرسە و سەرەخۆشی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی خزم و کەسوکاری ئەو ھاووڵاتییە گەشتیارانە دەکەین کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ھاتبوونە ناوچە دڵرفێنەکانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە بوونە قوربانی شەڕ و ناکۆکیەک کە ھیچ پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە نیە.

لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕادەسپێرین بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم رووداوە نەخوازراوە بکەن و رێکاری پەرلەمانی بگرنە بەر.

پەرلەمانی کوردستان
۲۰۲۲/۷/۲۰

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

تۆپبارانکردنی سەرەڕۆییانەی ھاوینەھەوارێکی زاخۆ لە لایەن ھێزەکانی تورکیا کە چەندین کەسی سیڤل بوونە قوربانی، بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەم.

وەزیری تەندروستی د.سامان بەرزنجیم بۆ شوێنی تۆپبارانەکە ناردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوھدار شێخۆ قسەم کردووە بۆ ئەوەی ھەرچی پێویست بێت بۆ بریندارەکان و ئەو خێزانانەی ئازیزەکانیان لەدەستداوە، ئەنجام بدەن.

ھێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت. ئەم جۆرە ڕووداوانە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە ، بۆیە دەبێت ئەم ھێرشانە بوەستێت. ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە ھەماھەنگیداین بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەرفراوان.

ھەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕاکێشراوەتە ناو شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە. کە زیان و ئازارێکی زۆری بە ھاووڵاتیانمان گەیاندووە و دەبێت کۆتایی پێبێت.
ھاوخەمم لە گەڵ کەسوکاری قوربانییەکان .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی روونکردنەوەکە:

لە سایتی ئاوێنە بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبوان (مام جەلال و کاک نەوشیروان) کە گوایە دەستیان ھەبووە لە تیرۆر کردنی (شەھید قاسملو) و ھاوڕێکانی دا.

بەر لە ھەموو شت، پێم ناخۆشبوو لە سایتی ئاوێنە کە خاوەنی ڕێزو جێگەی متمانەی خەلکە، ئەو ھەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە. بابەتەکە سەرلەبەری ناڕاستە و بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم ڕونکردنەوەی لەسەر بدەم.

لە دڵمەوە خەفەتبارم کە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، ھەتا بەرگری لە خۆیان بکەن و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کە وەک شایەتحالێک و وەک ئەوەی ئاگاداری ڕوداوەکەم، لەڕێی ئەم ڕونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو ھەواڵە ناڕاست و ھەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو.

مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە ھاوڕێی زۆر نزیکی شەھید دکتۆر قاسملو بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بە توانا و زیرەکی و لێھاتوویی دکتۆر قاسملو کە دکتۆرای لە زانستی ئابوریدا ھەبوو، بەڵام شارەزایی لە زۆربەی بوارەکاندا ھەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و ھونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی ١٩٨٥ لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستملەکارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملوی ڕاسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دا، کە ھێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لە حزبی دیموکرات، مامۆستا عبداللەی حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی ئێران بوو ھات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و ھێزی لێکردین، خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبوینەوە. 

ڕاستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە ھێز کۆبکەینەوە و بەندە وەکو بەرپرسی ھێزەکانی یەکێتی چووم بۆ ھاوکاری حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بە ھێزێکی ٢ ھەزار کەسی بەشداری شەڕەکانمان کرد. ئەو بەڕێزانەی کە لە ناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە ژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو ڕوداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توند بوون، مام جەلال ھاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەھید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد.

سەبارەت بەشەھیدکردنی (دکتۆر قاسملۆ) لە ساڵی ١٩٨٩ دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە (کاک نەوشیروان) لە دەرەوەی وڵات بوو؛ ھیچ ئاگای لە گفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو. (کاک نەوشیروان) ئەو کات لە فەرەنسا بوو. (شەھید قاسملۆ) لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لە ڕێگەی (دکتۆر کەنداڵ)ەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دوربوو لە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.

 (بەرێز مام جەلال) لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حیزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لە ڤێنای پایتەختی نەمسا لە ماڵی (کاک خەبات کەریم مەعروف) دەستی پێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) ڕاسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بە دەمانچەوە بۆ پاراستنی (دکتۆر قاسملو). 

کاتێک (مام جالال) گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمە ڕەش بووین لەسەر سنوری عێراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێرایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن. 

دوای ئەوە، (مام جالال) لە رێگەی ئێرانەوە بە نیازی سەفەربوو بۆ دەرەوەی وڵات. (مام جەلال) پێش ڕۆشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ (د.قاسملو) نوسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوو، بۆی نوسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووھەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوە و نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لەکوێ دەست پێبکاتەوە. بۆ (دکتۆر قاسملۆ)ی نوسیبو، کات و شوێنی کۆبونەوەکە بە بروسکە بۆ (ملازم عومەر) دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێئاگاداردەکاتەوە.

نوسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیھازی ڕاکاڵی لێبو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، (مام جەلال) بروسکەی بۆ کردم، نوسیبووی کەوا ئێرانیەکان (بە تایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتویانە ھەرکات بە تەواوی گەیشتینە ڕێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەردا ئیتر اگلاعات و ھیچ لایەنێک ناتوانن لە د‌ژی بوەستنەوە.

پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلالیان وتبوو کە ھەندێک کادری یەکێتی لە شاری سەردەشت بڵاویان کردۆتەوە کە وا حیزبی دیموکراتی ئێران بە نێوەند گیری (ی.ن.ک) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕێک دەکەون؛ اگلاعات پێیان زانیوە و کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا ھیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دوھەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بە من گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملو بنوسە کە ئێرانیەکان بە ڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دوورخەنەوە. من ھەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بە نامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملو) نارد.

دوایی دەرکەوت ئێرانیەکان بە (د.قاسملو)یان ڕاگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بە یەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە ھەردوولامان ئێرانین و پێویستمان بە نێوەندگیری نەماوە. پێشبینیەکەی مام جەلال ڕاست دەرچوو کە وا ئێرانیەکان ویستویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دوورخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملو) جێبەجێبکەن.

دەرکەوت جەولەی دووھەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداری مام جەلال و یەکێتی، لە ماڵی (شەھید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملو، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتیشیان شەھید کردو و چونە ڕیزی شەھیدانی کورد و کوردستانەوە. بەداخەوە شەھیدبونی دکتۆر قاسملو گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتی دا لەو سەردەمەدا.

پاش شەھیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی ھەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسیەتی بۆ ئێمە کردوە کە ئەو پارانەی لە بانک ھەیەتی، ھی خۆی نیە، ھی حزبی دیموکراتە و دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزی دیموکرات کردبوو.

تێبینی: چەندین نامەی دەستخەتی سەردەمی پێشمەرگایەتیم لای خۆم پاراستووە. لێرەدا ھەندێکی کە پەیوەندیدارە بە پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و دیموکرات، بەتایبەتی ھاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دا بڵاودەکەمەوە.

نامەی ١ بۆ ٤ (دکتۆر قاسملو-سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران). 

نامەی ٥ بۆ ٨ (دکتۆر سادقی شەرەفکەندی جێگری دکتۆر قاسملو بوو، پاش شەھیدبوونی دکتۆر قاسملو، دکتۆر سادق بوو بە سکرتێر ھەتا ساڵی ١٩٩٢ کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا شەھید کرا. دکتۆر سادق ناوە حزبیەکەی سەعید بوو، دکتۆرای لە فەڕەنسا خوێندبوو لە کیمیادا، برای ھەژاری شاعیر بوو).

نامەی ٩ بۆ ١٤ (سەرکردەکانی تری حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران).

نامەی ١٥ بۆ ٢٦ (نامەکانی مام جەلال لە بارەی ھاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات).

درود بۆ گیانی پاکی شەھید قاسملو و شەرەفکەندی و سەرجەم شەھیدانی کوردستان

عومەر عبدللە محمد (ناسراو بە ملازم عومەر)

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئیریک شوڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە کۆبوونەوەیکدا کە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەیبوو، جەختی کردەوە کە پێویستە گفتوگۆ و دانوستان بکرێتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی چەقبەستوی پێکھێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاکان لە عێراق.

لە کۆبوونەوەیەکەدا تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەھەرێمی کوردستان و عێراقدا کرا لەبەر رۆشنایی ھەلومەرجە ھەرێمییەکان و جەختکرایەوە کە دەبێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەپێناو خێراترکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێک کە لەئاستی چاوەڕوانی شەقامی عێراقیدا بێت و خزمەتی ھاوڵاتیانی بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا پتەو کردنی زیاتری پەیوەندییەکانی فەرنسا و ھەرێمی کوردستان باسی لێوەکرا، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ھەموو ھەماھەنگییەکانی ئەو وڵاتەی کرد لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ھەریەکە لە رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و ئەنجومەنی گشتی ڕاژە و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون، ھەڵسەنگاندن کرا بۆ بڕیارەکانی کۆبونەوەی پێشوو لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی. 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتی کار و ڕۆڵی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە و ڕێکخستنەوەی میلاکات، ئاماژە بەوەشکرا کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەتە لەپرسی ڕێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی چاکسازی ئیداریی و رێکخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بە پێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاری کردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت پشت بەست بە میلاکاتی ئەلکترۆنی کە بڕیارە دروستبکرێت.

ھەروەھا لەکۆبوونەوەدا جەختکرایەوە کە لەڕێی ئەنجومەنی ڕاژەوە کاربکرێت لەسەر چۆنییەتی ڕاگرتنی ھاوسەنگی کارگێڕی و رێکخستنەوەی ھەیکەلیەت و دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران بەسەر وەزارەت و داموودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و گونجاوتر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاروان ستونی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ئیرشاد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو یەکەم کاروانی حاجییان لە مەککە بەڕێکەوتون و بەیانی ئەمڕۆ دەگەنەوە ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو خشتەیەشی دیاری کراوە تاکو ٢٤ی مانگ سەرجەم حاجیان دەگەڕێنەوە. 

پێشتریش کاروان ستونی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، ژمارەی ئەو حاجیانەی لە سعودیەوە دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێم دوو ھەزار و ١٢٠ حاجییە و لە ئەمساڵدا ھیچ حاجییەکی ھەرێم لەکاتی بەجێھێنانی فەریزەی حەج گیانی لەدەست نەداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢ پشکنەری کار لە بەردەم کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەلایەتی سوێندی یاساییانخوارد، تاوەکو بەشێوەیەکی یاسایی و بە پێی یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێم وەک پشکنەری رەسمی سەردان و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت بکەن.

پێشتر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرنگی بە کەرتی تایبەت و مافی کرێکار و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان دەدەن و کۆمەڵێک ھەنگاویان بۆ ئەو مەبەستە ناوە.

وتیشی، ژمارەی کۆمپانیا و کرێکاری دەستەبەرکراو زیادیانکردووە و ۱٦ ھەزار کۆمپانیا و ۱٣٣ ھەزار کرێکار دەستەبەرکراون.



 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی ئەم راگەیندراوە ئەو کەسە ناوی "زارا مەنسووری ھەمەدانی" ناسراو بە "سارا"یە کە لە لایەن راگەیاندنەکانی دژ بە ئێران وەکوو چالاکی کەمینە جێندەرییەکان ناسێندراوە.

لە درێژەدا ھاتووە: ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دوای بەدواداچوونێکی چەندین مانگە و چاودێریکردنی ئەم ژنە، گەیشتوون بە باندێکی گەورەی بەقاچاخبردنی ژنان و کچانی ئێرانی بۆ ھەولێر.

ئەم باندە لە رێگای دوو کەسەوە بە ناوەکانی "عەلیرەزا فەرجادی‌ کیا" و "کەتی‌" یەوە و بە ھاوکاری "سارا" سەدان کچ و ژنی ئێرانییان بردووە بۆ ھەولێر. بە پێی ئەم راپۆرتە ژمارەی ئەم کچ و ژنانە کە زیاتر لە ھەزار کەسن لە ھەولێر فرۆشراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی وردبینی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و بەکاربردن و داھاتی نەوتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ماوەی نێوان یەکی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ تا ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە.

بە پێی راپۆرتەکە ھەناردەکردن و بەکاربردنی نەوتی خاو ، ٣٩ملیۆن و ٨٨ ھەزار و ٧١٠ بەرمیل بووە کە ٣٦ ملیۆن و ٤٥٣ ھەزار و ٥٩٠ بەرمیلی بە بۆری ھەناردەکراوە، ھەر بەرمیلێکیش بە ٨٦ دۆلار و ٧٣٠ سەنت فرۆشراوە و کۆی بەھای نەوتی فرۆشراو بە بۆری ٣ ملیار و ٢٨ ملیۆن و ٩٠٣ ھەزار دۆلار بووە. 

بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، ٤٠٩ ھەزار و  ٣٧بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی ٨٤ دۆلار و ٢٣٠ سەنت لە ناوخۆ و بە پاڵاوگەکان فرۆشراوە و داھاتەکەشی ٣٤ ملیۆن و ٤٥٣ ھەزار و ٣٩٤ دۆلاربووە.

کۆی داھاتی نەوتی فرۆشراو لە رێی بۆری و ناوخۆ ، کە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار بووە، زیاتر لە ١٧٥ ملیۆن دۆلار  بۆ گۆڕانکاری لە رەسیدی حساباتی کڕیارەکان و زیاتر لە ٥٨ ملیۆن دۆلار بۆ سود و رسوماتی دیکە و سپاردەکان رۆیشتوە، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ شایستەی دارایی بەرھەمھێنەرانی نەوت و زیاتر لە ١٢٧ ملیۆن دۆلار بۆ تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی و زیاتر لە ١٢٢ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای بۆری نەوتی کوردستان تەرخانکراوە.

ھەروەھا ١٢٥ ملیۆن دۆلار دراوەتەوە بە قەرزی کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پێترۆڵی تورکی نێودەوڵەتی، جگەلەوەش زیاتر لە ٨٨ ملیۆن دۆلار بۆ لایەنی سێیەم یان لەبری حکومەتی ھەرێم دراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت، بڕٍی سافی ئەو داھاتەی بۆ حکومەتی ھەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە کۆی فرۆشتنی نەوت و چالاکییە پەیوەندیدارەکاندا ماوەتەوە یەک ملیار و ٣٤٣ ملیۆن دۆلارە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی روونکردنەوەکە...


لە وتەیەکی بەڕێز وەزیری رۆشنبیری باس لە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە کە لە ساڵی ۲٠۱۷ سەبارەت بە ھەردو وانەی کوردی و عەرەبی بە سوکایەتی کردن بە زمانی کوردی ناوی بردوە .

ئەم وتەیە چەندین ھەڵەو نا تێگەیشتنی تێدایە لەکاتێکدا بڕیارێکی زانستی و ئەکادیمییە کە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەریکردوە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ھەموو لایەک بخەمەڕوو:

یەکەم/ لە کابینەی پێشوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەندین بڕیاری بۆ پێشخستن و زیاتر ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی داوە، لەوانە دانانی پرۆگرامی خوێندنی کوردی بۆ ئەو خوێندکارو قوتابیانەی کورد نین، بۆ ئەمەش لەڕێگەی پرۆگرامێکەوە ئاشنای زمان و ئەدەبی کوردی کراون لە زانکۆکانی کوردستان.

دووەم/ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی، پڕۆژەکە بریتی بوو لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی.

سێیەم/ بەمەبەستی پشتیگیریکردنی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و ئایندەی خوێندکارە کوردەکانی ئەو ناوچانە، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی خوێندنگە کوردییەکان لەو ناوچانە بەھەمان پێوەرو مەرجی خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراون.

چوارەم/ بەھیچ شێوەیەک زمانی کوردی لە بڕیارەکە لانەدراوە، بەڵکو دەرچوانی لقی زانستی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانی (کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست) ڕێگەیان پێدراوە کە بتوانن تەنھا نمرەی وانە پەیوەندیدارەکانی (فیزیا، کیمیا، بیرکاری، زیندەوەرزانی، زمانی ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان بە کوردی و عەرەبیەوە دەرچوبێت.

پێنجەم/ لە خوێندنگە ئەھلی و ناحکومییەکان و قوتابخانە ئینگلیزییەکان و ئەوانەی لە دەرەوە دێنەوە ھەرێمی کوردستان، دەیان ساڵە ئەم بڕیارە ھەیەو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تەنھا کە ئەم ئیمتیازە بۆ خوێندنگە حکومییەکان و خوێندکارە ھەژارەکان جێبەجێ کرا، کراوە بە کێشە !!؟؟

شەشەم/ وەک لە ڕاپرسییەکان دەرکەوت، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان پاڵپشتی بڕیارەکە بوونە، ھەروەک چۆن ئەم جۆرە خوێندنە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان بۆ خوێندنی زاستی باوە.

لە کۆتاییدا ھیوادارم بۆ گەشەپێدان و پێشوەچونی زمانی کوردی، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی جدی لە ئاستی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان و خوێندنگەو قوتابخانە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بدەنەوە، ھەروەھا ھەوڵی بەستانداردکردن و یەکخستنی ئەم زمانە بدرێت وەک بەھێزترین خەسڵەتی ناسامەی نەتەوەییمان.


د یوسف گۆران
وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاروان ستونی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ئیرشاد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند: لە ١٨ ئەم مانگەوە گەڕانەوەی کاروانی حاجیان لە سعودیەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و، بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری کراوە تاکو ٢٤ مانگ سەرجەم حاجیان دەگەڕێنەوە.

کاروان ستونی وتیشی، ژمارەی ئەو حاجیانەی لە سعودیەوە دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێم ژمارەیان دوو ھەزار و ١٢٠ حاجییە و لە ئەمساڵدا ھیچ حاجییەکی ھەرێم لەکاتی بەجێھێنانی فەریزەی حەج گیانی لەدەست نەداوە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر  دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری خوێندی باڵا گرنگترین چالاکیەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو رایگەیاند ، لەسەرەتای دەستبەکاربونیانەوە لە کۆی ١٤ سەرۆک زانکۆی حکومی ،  ١٢سەرۆک زانکۆیان گۆڕاون.

ھەروەھا گۆڕانکاری لە ڕاگری کۆلێژەکان ئەنجام دراوەو نزیکەی ٦٠ ڕاگر لە زانکۆکان گۆراون. 

ھەر لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا، کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانیان بە ڕێژەی ٤٥٪ کەمکراوەتەوە، کرێی خوێندنی تایبەتیش، کەمکراوەتەوە و کارکراوە بۆ دامەزراندنی یەکەمەکانی ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) و (٢٠١٦-٢٠١٧)  کە ژمارەیان نزیکەی ٣ ھەزار قوتابی دەبێت.

جگە لەوەش کورسی بێبەرامبەر لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ھاوسەر و منداڵانی شەھیدان و خوێندکارانی (شەنگال و کەرکوک و خانەقین) و ناوچەدابڕاوەکانی کوردستان و ئاوارەکانی سوریا  دابینکراوە، ھەروەھا بە بڕی ٧ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکارانی زانکۆ دەستبەر کراوە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی رۆژی ھەینی رابردوو عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بە نەخۆشی لە شاری بۆنی ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد، بڕیارە سبەی تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

بەپێی وتەی کەسوکارەکەی، سبەی لە ھەمان رۆژ تەرمەکەی عەلی قازی بەڕێ دەکرێت بۆ کەلار و لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بەخاک دەسپێردرێت.

بە پێی زانیارییەکان تەرمی عەلی قازی لە قەزای کەلار لە تەنیشت گۆڕی خوشکەکەی بەشێوەی کاتی بەخاکدەسپێردرێت.

عەلی قازی، لە ساڵی ١٩٣٣ لە شاری مھابادی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، دوای روخانی کۆماری مھاباد لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێبووە، سەرۆکی پێشوی پارتی ئازادی کوردستان بووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا حکومەتی ھەرێم باج و رسوماتی گومرگی لەسەر ژمارەیەک ماددەی خۆراکی ھەڵگرت، بە تایبەت ئەو ماددانەی سەرەکین بۆ ھاووڵاتیان و پێداویستی رۆژانەی خەڵکن.
ئەمڕۆش فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، باج و رسوماتی گومرگ لەسەر زەیتی گوڵەبەڕۆژە و برنج و ئارد و شەکر و پاقلەمەنییەکان و چای ڕەش لەگەڵ شیری منداڵان و رۆنی بەستووی حەیوانی و رووەکی، تاوەکو ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ درێژکرایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھۆگر عەزیز  وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو لە چەند شوێنێکی شاری ھەولێر چەند حاڵەتێکی دزینی جانتای ژنان روویداوە، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی تۆمەتبارەکان تواندراوە لە لایەن ھێزەئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێن. وتیشی، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.

ھاوکات پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای ھەولێرەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی چەند ئۆتۆمبێلێک گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ھەڵمەتێکدا و لەلایەن بنکەی پۆلیسی چوارچراوە توانرا ئۆتۆمبێلەکان بدۆزرێنەوە و دەستیبەسەردا بگیرێت. ھەر لەو ھەڵمەتەدا دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا گیرا کە تابلۆکەی ساختە بووە و خاوەنەکەشی دەستگیرکراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...573574575576577...924