پۆلیسی سلێمانی: دوو کەس بە تۆمەتی دزینی چوار ملیۆن دینار و پێنج هەزار دۆلار دەستگیرکران
محەمەد رزگار
١٧ی ئابی ٢٠٢٦
لە سلێمانی دوو تۆمەتبار کە چوار ملیۆن دینار و پێنج هەزار دۆلاریان دزیبوو دەستگیرکران.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بڕی چوار ملیۆن دینار و پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکییان لە هاووڵاتییەک دزیبوو.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای سکاڵای هاووڵاتییەکە، بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستیپێکرد و توانرا هەردوو تۆمەتبارەکە بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر بەشێکی پارە دزراوەکەدا گیراوە و بەشەکەی تریشی لەلایەن تۆمەتبارانەوە بۆ کڕینی ماتۆڕسکیل و کەلوپەلی تر خەرجکرابوو.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکان ناویان (ع، ج، ح) لەدایکبووی 1195 و (ز، ف، ع) لەدایکبووی 1997ە، لە ئێستادا بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



