لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای شاری هەولێر، شەڕ لە نێوان کەسوکاری نەخۆشێک و پاسەوانی نەخۆشخانەکە روویدا و لە ئەنجامدا چوار لە کەسوکاری نەخۆشێک برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر پێی راگەیاندین کە شەڕەکە لە نێوان کەسوکاری نەخۆشێک بووە کە پێشتر لە رووداوێکی هاتوچۆدا برینداربووە، لەگەڵ پۆلیسی نەخۆشخانەکە.
پەیامنێری کوردسات نیوز پێی راگەیاندین: "لە ئەنجامی شەڕەکەدا چوار کەس لە کەسوکاری نەخۆشەکە بە سووکی بریندار بوون و هەر لە هەمان نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە".
لە دووهەمین دیداری یەکێتیدا و لە چاوپێکەتنێکدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنی یەکێتییە و لە بەغداد هەرچی دەیانەوێت جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی یەکێتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لە دووهەمین دیداری یەکێتی رایگەیاند: "هەڵبژاردنی داهاتوو تەنها بۆ ئەوەیە دیاری بکات کێ دەتوانێت لە عێراق و لەسەر ئاستی وڵاتانی نێودەوڵەتی خزمەتی زیاتری میللەتی کورد بکات".
پرەنسیپی نوێی حیزب و سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی ئێستا بە پرەنسیپێکی نوێ کاردەکات و ئەمەش بووەتە هۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە قسەکانیدا وتی: "حیزبەکەمان توانیویەتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی عیراقدا، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی لایەنە کوردستانییەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ یەکێتی و هەموو ئەندامانی".
پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی:
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی رایگەیاند: "یەکێتی، ئێستاش هێندەی کاتی هەڵبژاردن توندە بەرامبەر پارتی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە نێوان هەردوو لا لە ئارادایە تەنها گفتوگۆیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە حکومەتی هەمووان بێت."
سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە: "گفتوگۆکانی ئێستای نێوانمان لەسەر پرەنسیپی حوکمڕانییە، بەڵام ئەگەر حکومەت بەو شێوازە نەبوو کە دەمانەوێت، ئەوا هەڵبژاردەکانی بەردەممان کراوەن و هەر پۆستێک وەربگرین بێ تەواوکردنی ئەم پرەنسیپانە، هیچ سوودێکی نابێت."
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبەکەی بە "بێوێنە" وەسفکرد و رایگەیاند: "لە نێوان دیداری یەکەم و دووەم پێنج جار بۆ گفتوگۆ و دیداری سیاسی سەردانی ئەمریکامان کردووە، هەروەها لە 29ـی ئەم مانگەش جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆدەبینەوە."
سەرۆکی یەکێتی بە شانازییەوە رایگەیاند: "لە دنیادا هیچ حیزبێک وەکو یەکێتی نییە کە لەیەک کاتدا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئێران، رووسیا، چین، وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەبێت."
هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە:
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، رایگەیاندووە: "ئێمە خوێندنەوەی وردمان بۆ گۆڕانکارییەکان کردووە و پێمان وایە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەلێکی گونجاوە بۆ میللەتی کورد و پێویست ناکات لێی قەلەق بین."
سەرۆکی یەکێتی داوای لە سەرجەم حیزبەکان کرد یەکدەنگ بن تاکو "دۆزی کورد بگەیەنن بە قۆناغێکی باشتر".
دەرگای حیزب کراوەیە بۆ ئەندامە ناڕازییەکان:
لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی ئەو ئەندام و کادیرانەی ئێستا لە حیزبەکە نەماون، رایگەیاند: "ئاساییە هەرکەسێک نیگەران بێت و قسەشمان پێ بڵێت، بەڵام ئێمە دەرگای حیزبەکەمان دانەخستووە. رەنگە رۆژێک بۆچوونەکانیان بگۆڕێت و بەرپرسیارێتی ئێمەیە سوپاسیان بکەین کاتێک دەیانەوێت دووبارە لەگەڵ هەڤاڵەکانیان خزمەتی حیزب و هاووڵاتیان بکەن."
سەرۆکی یەکێتی دواجار جەختی کردەوە کە جیاوازی ئەوان وەک یەکێتی لەگەڵ پارت و حیزبەکانی دیکە ئەوەیە کە رێگە دەدەن جیاوازی بیروبۆچوون هەبێت.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پلانێکی گرنگی بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە پەیکەری وەزارەتەکەی راگەیاند کە بە پێی زانیارییەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی ژمارەی فەرمانگەکان و سنووردارکردنی قەبارەی وەزارەتەکە.
بەپێی راگەیەندراوێک، روبیۆ ئەم هەنگاوەی بە "گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە" لە وەزارەتێکدا وەسف کرد کە بە وتەی خۆی ماوەیەکی درێژە کەوتۆتە بەر رەخنەی بەردەوام لەلایەن چاودێرانەوە.
روبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پەیکەری ئێستای وەزارەتی دەرەوە تووشی هەڵئاوسانێکی نا پێویست بووە کە رێگرە لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییە سەرەکییەکانی، ئەمەش دەرفەتی پێویستی لەبەردەم بەرەوپێشچوونی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهاندا سنوردار کردووە."
بەپێی زانیاریە میدیاییەکان، وەزارەتی دەرەوە بەنیازە ژمارەی فەرمانگەکانی لە 734 فەرمانگەوە بۆ 602 فەرمانگە کەم بکاتەوە، واتە بڕینی 132 فەرمانگە. هاوکات، داوا لە سەرجەم بریکارەکان کراوە کە لە ماوەی مانگێکدا پلانێک ئامادە بکەن بۆ کەمکردنەوەی 15% لە کۆی ژمارەی فەرمانبەرانیان.
لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئەگەر هەیە بکرێت:
- هەڵوەشاندنەوەی پۆستی بەرپرسی ئاسایشی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، کە پۆستێکی ستراتیژی بوو لەژێر سەرپەرشتی جێگری وەزیری دەرەوەدا.
- دامەزراندنی نووسینگەی هەماهەنگیی هاوکاری دەرەکی و کاروباری مرۆیی، کە بەرپرسیارێتی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (USAID)یش لە ئەستۆ دەگرێت، ئەو دەزگایەی کە لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لە 80% بەرنامەکانی راگیراون.
- هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی ململانێکان کە ئەرکی سەرەکی رێگرتن بوو لە تاوانەکان لە دەرەوەی ئەمریکا پێش روودانیان.
سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە بە میدیاکانی وتووە؛ کە ئەم گۆڕانکارییانە دەکرێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە بەشێک لەو پرۆگرامانەی کە لە رابردوودا پشتگیری دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤیان دەکرد، لەوانەیە بە تەواوی رابگیرێن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی سازدانی دووهەمین دیداری یەکێتیەوە پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتییەکان کرد و تیایدا دەڵێت: دڵنیابن پێکەوە بە رۆحیەتی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی چۆنایەتی، یەکێتی نوێتر و گەشاوەتر دەکەینەوە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان رێکدەخەینەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ:
یەکێتییە سەربەرزەکان، هەڤاڵانی سەرۆک مام جەلال و قوتابخانەکەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردایەتی.
ئەمڕۆ بە شانازی و رۆحیەتی بەرزی یەکێتییانەمانەوە، دووهەمین دیداری یەکێتیمان کردە وێستگەیەکی دیکەی رێکخراوەییمان بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەکێتی بوونمان و خۆئامادەکردنمان بۆ رێکخستنەوە و گۆڕانکاریکردن لە پەیکەر و ستراتیژیی حیزب و نیشتمانیمان.
ئێوەی هەڤاڵان و کادرانی سەربەرزی یەکێتی بە بەشداری گەرموگوڕتان، بە سەرنج، پێشنیاز، تێبینی و رەخنەکانتان قۆناغێکی نوێ لە ژیانی یەکێتییەکەمان دەهێننە ئاراوە و پێکەوە خۆمان بۆ راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسساز و نیشتمانییەکان باشتر ئامادە دەکەین.
دڵنیابن پێکەوە بە رۆحیەتی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی چۆنایەتی، یەکێتی نوێتر و گەشاوەتر دەکەینەوە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان رێکدەخەینەوە، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەل و خاکەکەمان هەنگاو دەنێین و رۆحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانمان شادتر دەکەین و لەسەر رێباز و ئامانجی رەوایان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین.
لە دڵەوە سوپاسی هەڤاڵانی ئازیزم سەرپەرشتیاری گشتی، سکرتێری دیدار، لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی دەکەم کە دڵسۆزانە و پەرۆشانە بۆ یەکێتییەکی بەهێزتر ماندوو بوون لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی دیدارەکەماندا و هەر بمێنن بۆ یەکێتییەکەتان.
بەرەوە یەکێتییەکی بەهێزتر
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڕیاری دا بە راگرتنی هەموو جۆرەکانی نەشتەرگەری لابردنی چەوری ورگ و نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی کێش لە هەموو نەخۆشخانە حکومی و نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی؛ ئەم بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتییە، تاوەکو بە هەماهەنگی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و کۆمەڵە پزیشکییەکان، رێنمایی نوێی تایبەت بەم جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەکرێن.
ئەوەش هاتووە؛ داوا لە بەڕێوەبەری هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت دەکەین کە لە رۆژی دەرچوونی ئەم راگەیەندراوەوە پابەندی ئەم بڕیارە بن، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی. لە کاتی سەرپێچیکردن، هەر لایەنێک بێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووەمین دیداری یەکێتی لەسەر چەند پرسێکی گرنگ قسەدەکات
کەمێک پێش ئێستا ژان نۆیێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەرێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ ژان نۆیێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە بەغداد چاوی بە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق کەوت، بەپێی زانیاریەکانی کوردستان نیوز، بڕیارە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
نوێدەکرێتەوە...
لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رایدەگەیەنێت، ئەو گوڕوتین و ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە بەهێزەی ئەمڕۆ لە دووەمین دیداری یەکێتی بینرا، مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەترە.
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لەبارەی بەڕێوەچوونی دووهەمین دیداری یەکێتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، ئیتر ئەوە دروشم نییە کە دەڵێن یەکێتی حزبی کادرانە، چونکە بە کردار کادران بەشداری چالاکانەیان هەیە لە دانانی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کاتێک یەکێتی پشتی بە کادرەکانی بەستبێت بەرەو لوتکە هەڵکشاوە، دڵنیاین لەم قۆناغە نوێیەشدا یەکێتی پشبەستوو بە کادرە ژیر و پێگەیشتووەکانی ساڵ لە دوای ساڵ و کۆنگرە لە دوای کۆنگرە و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن و دیدار لە دوای دیدار تۆکمەتر و بەهێزتر و گەورەتر دەبێت".
قوباد تاڵەبانی وتیشی، "بەڵێ، ئەو گوڕوتین و ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە بەهێزەی ئەمڕۆ لە دووەمین دیداری یەکێتی بینرا، مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەترە.
جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ دووەمین دیداری گشتی یەكێتی بە ئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ژنێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ژنێک لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانیدا گیانی لەدەستداوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو ژنە تەمەنی 36 ساڵ بووە و دایکی سێ منداڵ بووە.
ئەوەشی خستە روو، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی لە دەرەوەی وڵاتە، هێشتا تەرمی ژنەکە لە پزیشکی دادی سلێمانییە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی دەکەن، بۆئەوەی تەرمەکە رادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 14ی مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆکرا، گیانی لەدەستدا، کە خاوەنی دوو منداڵ بوو.
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای 60 رۆژ لە ئەنجام نەدانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، سزای دواکەوتن دەیگرێتەوە.
جەزا مەحمود لێپرسراوی هۆبەی گرێبەستەکان و کۆمپانیاکان لە بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، بەپێی راگەیەنراوی ژمارە 2ـی ساڵی 2022ـی وەزارەتی ناوخۆ، گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆماوەی 60 رۆژ دەدرێت بۆ تۆمارکردن یاخود گواستنەوەی خاوەندارێتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدوای تەواوبوونی ماوەی رێگەپێدراو بەپێی بڕگەی 1ـی ماددەی 5ـی هەمان راگەیەنراو، هەموو رۆژێک بڕی 10 هەزار دینار سزای دواکەوتنی دەچێتە سەر.
ئەويسی خستە روو، ئەگەر هاوڵاتییەکە نەیەوێت مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتییەکە ئەنجام بدات، پێویستە سەردانی بەشی یاسا بکات بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بۆ ئەوەی سزای دواکەوتن نەیانگرێتەوە.
تەندروستیی سلێمانی رایەیاند، لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی یاریگای نەورۆزدا 62 کەس بریندار بوون، کە 27 بریندار بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و یەکێکیان نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردوولا دروست بوو، 62 کەس بریندار بوون، کە هەر لە یاریگاکەدا چارەسەری خێرا بۆ 25 کەس کرا و 27 برینداریش بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 10 لە بریندارەکانی دیکە لەلایەن کەسوکارییانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ کراوە.
تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە روو، جگە لە یەک بریندار لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، کە ئەو بریندارەی لە نەخۆشخانەیە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی، دووهەمین دیداری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستی پێ کرد.
دووەمین دیداری گشتی یەكێتیی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
پێشتریش لە 15ی شوباتی رابردوو كۆنفرانسی مەڵبەند و ئۆرگانەكانی یەكێتی بە مەبەستی ئەنجامدانی دووەمین دیدار دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەوەش لە كاتێكدایە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندكراوی كۆنگرەی پێنجەم، دیداری یەكێتی چالاكییەكی رەسمی دەورییە و بەشێكە لە وێستگەكانی خەبات، یەكەمین دیداری گشتیش لە 28ی5ی2022 لە سلێمانی بەئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێت دەستیپێكرد و رۆژی 31ی5ی2022 كۆتایی هات.
دۆزینەوەی چەند شوێنەوارێکی نوێ لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی نوێ بۆ مێژووی کشتوکاڵ لە ناوچە کوردییەکان دەنووسێتەوە، کە ئەو شوێنەوارانە دەری دەخەن، زیاتر لە 11 هەزار ساڵە کشتوکاڵ لەو ناوچەیەدا کراوە.
لە تەپۆلكەی چۆغاگۆلان لە ناوچەی گۆلان سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام شوێنەواریی مێژویی دۆزراوەتەوە كە دەیسەلمێنێت ژیانی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوون لەو ناوچەیە تەمەنی بۆ زیاتر لە 11 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
حوججەت دارابی سەرپەرشتیاری تیمی شوێنەوارناسان رایگەیاندووە، دوای 45 رۆژ كنە و پشكنین لە تەپۆڵكەی چۆغاگۆلان چەند شەوێنەوارێكیان دۆزیوەتەوە كە دەریدەخەن مرۆڤەكانی ئەو ناوچەیە هەر زوو دەستیان بە چاندنی دانەوێڵە كردووە و دەستبەرداری ژیانی كۆچەریی بوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان دروست كردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپاڵ ئەوەشدا بەپێی شوێنەوارەکە، گەچ بەکارهێنراوە و کەرستەی بینازاسی دۆزراوەتەوە، لەو بارەیەوە دارابی ئەوەی خستووەتە روو، هەوڵ دەدەن ئەو دۆزینەوە نوێیە لە ئاستی جیهانیدا تۆمار بکەن.
مێژووی زیاتر لە 11 هەزارەی کشتوکاڵ لە خاکی کوردستان و خەرابڕەشک - گرێ ناڤۆکێ "گۆبەکلیتەپە"
دۆزینەوەی کشتوکاڵ و تەمەنی زیاتر لە 11 هەزار ساڵەی لە خاکی کوردستاندا نوێ نییە، لە شوێنەواری مێژوویی گرێ ناڤۆکێی باکوری کوردستان کە ناوە تورکییەکەی "گۆبەکلیتەپە"یە، چەندین ئاماژەی کشتوکاڵکردن و کاری هەرەوەزی لەلایەن مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەوە دۆزراونەتەوە.
خاڵی سفری ژیان یان دەستپێکی مێژوو
خەرابڕەشک - گرێ ناڤۆکێ و بە تورکی گۆبەکلیتەپە، ئەو شوێنەوارەیە کە دەکەوێتە دامێنی زنجیرەچیای تۆرۆس لە شاری رحای باکووری کوردستان "ئورفا"، خەرابڕەشک مێژوویەکی 12 هەزار ساڵەی هەیە، بۆیە پێی دەوترێت "خاڵی دەستپێکی مێژوو"، بە رەحاش دەوترێت "خاڵی سفری ژیان".
ئەگەرچی خەرابڕەشک لە ساڵی 1963دا دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 1994دا دەست کراوەبە توێژینەوە و هەڵکۆڵین تیایدا، کە تەنها لەو 31 ساڵەدا، توانراوە چەندین شوێنەواری گرنگی لێ بدۆزرێتەوە کە سەرجەمیان بە کۆنترین لە مێژوودا ناودەبرێن، گرنگترینیشیان، بوونی ساڵنامە و کشتوکاڵ و پەرتسگا و سیمبولی چەندین زیندەوەر بووە.
یونسکۆ لە ساڵی 2018دا خەرابڕەشکی وەک میراتی جیهانی تۆمار کرد و ئاماژەی بەوەکرد، یەکێکە لە کۆنترین مۆنۆمێنتی هونەریی تەلارسازی لە جیهاندا.
لەبارەی گۆبەکلیتەپەوە پ. د. نەجمی کاروڵ سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی گۆبەکلیتەپە رایگەیاندووە، ماوەی جەندین ساڵە لێکۆڵینەوە لەم شوێنە مێژووییەدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە چەند بەشێکی شوێنەکە، پێویستە کارکردن و هەڵکۆڵینەکان بە وردی ئەنجام بدرێن، بۆیە رەنگە هەڵکۆڵینی بەشێکی شوێنەکانی زیاتر لە 100 ساڵ بخایەنێت.
دوو ساڵ بەر لە ئێستاش نووسینگەی راگەیاندنی زانکۆی ئیدینبرەی بەریتانی رایگەیاند، لە دۆزینەوەیەکی نوێدا لە شوێنەواری مێژوویی گۆبەکلیتەپەی باکوری کوردستان، ساڵنامەیەکیان دۆزیوەتەوە، کە دەتوانن بە کۆنترین ساڵنامەی مێژوو ناوی ببەن، کە تیایدا ساڵێک بە 365 رۆژ و 12 مانگ و 11 رۆژی زیادە دانراوە. لەوبارەیەشەوە مارتن سویتمانی توێژەری بەریتانی ئەوەی خستووەتە روو، لە دزۆینەوەکەدا ئەوەیان بینیوە سێ کۆمەڵە ستوون هەن، کە لە هەر کۆمەڵەیەکدا چەند ستوونێک لەشێوەی سیستمی خۆر، بە شێوەی بازنەیی بە دەوری دوو ستوونی دیکەدا دروستکراون، کە لەسەر ستوونەکانی کۆمەڵەکان هێما و سمبولی دیاریکردنی رۆژ و وەرز دەبینرێت.
لە گرنگترین ئەو هێمایانەی لە خەرابڕەشک هەن، کاری هەرەوەزی و کشتوکاڵ و هێمای تەلارسازی و وێنەی چەندین باڵندە و ئاژەڵ و پەلەوەر و خشکۆن، لە دیارترینی زیندەوەرەکانیش کۆمەڵەی شیردەرەکان و "کەو"ـە.
جگە لەوەش تۆمارکردنی رووداوی مێژوویی وەک بەرکەوتنی نەیزەک بە زەوی و گۆڕانی رەوتی ژیان لەو شوێنەوارەدا هەیە، کە لە ساڵی 2017دا توێژەران بڵاویانکردەوە، هێماکان روداوی فەلەکناسین وەک ئەوەی ئاماژە بەوە بدەن 13 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا نەیزەک بەر زەوی کەوتووە و رەوتی ژیان گۆڕاوە.
خاکی ئەدەن
هەندێک سەرچاوەکان گریمانەیەک باس دەکەن و بە خاکی ئەدەن ناوی دەبەن، واتە خاکی ئادەم و حەوا، بەشێکیشیان بە خاکی پێگەمبەران ناوی دەبەن، چونکە کۆنترین پەرستگای لێ دۆزراوەتەوە، کە ئەمەیان گریمانە نییە و بەڵگەییە.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، دووەمین دیداری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستپێدەكات.
دووەمین دیداری گشتی یەكێتیی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
پێشتریش لە 15ی شوباتی رابردوو كۆنفرانسی مەڵبەند و ئۆرگانەكانی یەكێتی بە مەبەستی ئەنجامدانی دووەمین دیدار دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندكراوی كۆنگرەی پێنجەم، دیداری یەكێتی چالاكییەكی رەسمی دەورییە و بەشێكە لە وێستگەكانی خەبات، یەكەمین دیداری گشتیش لە 28ی5ی2022 لە سلێمانی بەئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێت دەستیپێكرد و رۆژی 31ی5ی2022 كۆتایی هات.
وەزارەتی ناوخۆ ئەنجومەنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکەی یاریگەی نەورۆز پێکدەهێنێت، داواش لە هاندەرانی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ دەکات بە رۆحی وەرزشی مامەڵە بکەن.
وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، ئەمشەو، لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عیراق کە لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچوو، بەداخەوە گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سووکی برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی نەخوازراو کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکرا و بەیانی سەردانی شوێنی روداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ داواش لە هاندەرانی هەردوو یانە و هاووڵاتیان دەکات کە بە گیانی وەرزشی مامەڵە بکەن و کەناڵەکانی میدیاش هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی گیانی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.