رۆژی یەکشەممە دووی نیسان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دەکات.
رۆژی ١٣ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی پەسەندکرد، بەوەش ھەڵەبجە بوو بە پارێزگای ژمارەی ١٩ی عێراق، ئەوکات بڕیاردرا پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت تاوەکو بەیاسایەکی فیدڕاڵی وەکو پارێزگای ژمارە ١٩ی عێراق ھەژمار بکرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یاوەری رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە شاری بەغداد سەردانی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی کرد.
لە سەردانەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و ھاوخەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ کۆچی دوایی سادق حەکیم، کوڕی محەمەد باقر حەکیم گەیاندە عەمار حەکیم و خانەوادەکەی و رایگەیاند، دۆستایەتی لەمێژینەی سەرۆک مام جەلال و خانەوادەی حەکیم بناغەیەکی قوڵ و لەمێژینەی ھەیە و ئەوانیش درێژەپێدەری دەبن، وتیشی، پشتیوانی و رۆڵی جوامێرانەی ئەو خانەوادەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کورد لەیاد ناکەن و بە چاوی رێزەوە لێی دەڕوانن.
ھەر لە دیدارەکەدا، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی کێشەکانی ھەرێم و عیراق کرا و جەخت لە چارەسەرکردنیان و بەردەوامی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوولا کرایەوە، لەپێناو ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە خەڵک و پشتگیریکردن لە بەرنامەی چاکسازی لە وڵاتدا.
دەقی پیرۆزباییەکە...
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
بەبۆنەی یادی ٨٩ ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
ھیوادارم بۆ قۆناغی ئایندەی خەباتی دیموکراسی و سیاسی باشتر ریزەکانتان یەکبخەنەوە و بەشداری کاراترتان ھەبێت لە پرۆسەی سیاسی و پێکەوە لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانیتری کوردستان کار بکەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان تا ھەرێمەکەمان بگەڕێتەوە سەر راستەڕێگای ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری.
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
لە دیداری نێوان ھەردوولادا بارودۆخی سیاسی و دواین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێکرا، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەو کێشە ھەڵواسراوانەی نێوان ھەردوولا کە کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ھەیە .
سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خوازیاری چارەسەری ھەموو کێشە و گرفتەکانە بە رێگەی گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتن کە دواجار بەسوود و بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەوێتەوە، وتیشی، یەکێتی ساڵانێکی زۆرە و زۆر دەمێک پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس ھەوڵی چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی لەنێوان ھەولێر و بەغدا دەدا، لەسەردەمی کابینەکەی حکومەتی مالیکی و کابینەکانی دوای ئەویش .
ھاوکات سوپاس و ستایشی رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد بەتایبەتی ھەوڵەکانی خاتوو جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ، کە ھەمیشە بە پەرۆشبووە بۆ چارەسەری ئاشتیانە و یاساییانەی کێشەکان .
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران بڵاودەکرێتەوە و پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەش لەبەردەستدایە.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، لیستی مووچەی مانگی سێی لیوا ھاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە بانکەکان و لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتووەوە دەستپێبکات.
پێشتر وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم رایگەیاندبوو، ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد تەنھا بۆ مووچەیە و بۆ ھیچ بابەتێکی دیکە خەرج ناکرێت.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێنماییەکانی تایبەت بە ھێنانی دەرمان رێنماییەکی گشتگیرە بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی نەخۆش و بە ھاوکاری کۆگاکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی، لەئێستادا زیاتر لە ١٤ ھەزار جۆری دەرمان ستیکەری بۆ کراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ مۆڵەتی وەرگرتووە، لەگەڵئەوەشدا تائێستا بە تەواوەتی ھێنانی دەرمان بەرێگەی نایاسایی کۆنتڕۆڵنەکراوە.
قازی محەمەد، سیاسەتمەدار و دادوەر و یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ناوچەی موکریان لە ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ بە ھاوکاری چەند کەسێکی دیکە کۆماری کوردستانیان لەشاری مھاباد دامەزراند، دوای رووخانی کۆمار لە ٣٠/٣/١٩٤٧ لەگەڵ سەدری قازی برای و محەمەد حسێن خان سەیف قازی ئامۆزای لەلایەن حکومەتی شای ئێران لە مەیدانی چوارچرای شاری مھاباد و لە ھەمان ئەو شوێنەی ئاڵای کۆماری کوردستان ھەڵکرا لە سێدارەدران.
قازی محەمەد لەکاتی لەسێدارەدرانی رێگەی نەدا چاوی ببەستن و رایگەیاند، حەز دەکات لە دوایین چرکەی ژیانی بەسەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆی بڕوانێت.
دوای لەسێدارەدانیان و ھەر لەو رۆژەدا تەرمی قازی محەمەد و ھاوڕێیانی لەلایەن خەڵکی شاری مھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی شارەکە بەخاکسپێردران.
قازی محەممەد، مرۆڤێکی خۆش بەیان و ھونەر دۆست، ئەھلی ڕاوێژ و لەھەمانکداتدا خەباتگێڕێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو کە لەگەڵ ھەموو چین و توێژەکان ھەڵسوکەوتی دەکرد و لەکاتی پێویستدا کەڵکی لە بیرو بۆچوونەکانیان وەردەگرت.
ھەروەک لە وەسیەتنامەکەیدا ھاتووە، قازی محەمەد برایەتی و یەکگرتویی گەلی کوردی بە گەورەترین ھۆکاری سەرکەوتن زانیوە، بۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی ئەوکات چاپکراون لەسەر بابەتی یەکێتی و برایەتی دواوە و ھەر ئەوەشی بە مەرجی مانەوەی کۆماری کوردستان و زاڵبوون بەسەر دوژمنانی زانیوە.
پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان جاربەجار لە ڕۆژنامەی کوردستان بەناوی پێشەوا باسی لێوە دەکرا و دوای دامەزراندنی کۆمار بە شێوەی رەسمی نازناوی پێشەوای پێبەخشرا.
رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەمەد و ھاوڕێیانی لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە رۆژی شەھیدان ناسراوە و بەو بۆنەیەشەوە، سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی رۆژھەڵات چەند پەیامێکیان بڵاوکردەوە و مستەفا ھیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش رایگەیاند، لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و ھاوڕێیانی، تێرۆر و شەھیدکردنی ڕێبەرانی کورد بە درێژایی خەباتەکەی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە قبوڵکردن و بەرەسمی ناسینی ناسنامەیەک بە ناوی کوردبوون روبەڕوی بەربەستێکی گەورەی پراکتیکی و فکری بە ناوی پاوانخوازی بووەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ھەرێمی کوردستان دەبێت بە بەھای شەش ملیار دۆلار نەوت بدات بە چەند کۆمپانیایەک کە پێشتر پارەکەی وەرگرتووە.
رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای ڤیتۆل و پێتراکۆ دوو لەو کۆمپانیایانەن کە ھەریەکەیان ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ ملیۆن دۆلاریان داوە بە ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی نەوتی خاودا، بەڵام ئێستا کە ھەناردەی نەوتی ھەرێم راگیراوە کێشە بۆ ئەو مامەڵەیەش دروستبووە.
راوێژکارێکی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆیتەرزی وتووە، حکومەتی عێراق ئامادە نیە بچێتە ژێر باری دانەوەی قەرزی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە چەندین ملیار دینار مەزەندە دەکرێت لەکاتێکدا بەغداد ئاگاداری نەبووە و بەشداری تێدا نەکردووە.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دیکەی وەزارەتی نەوتەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تاوەکو ئێستا ھیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی قەرزەکانی ھەرێمی کوردستان رووینەداوە.
رۆژی ٢٥/٣/٢٠٢٣ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە تورکیا ناتوانێت بەبێ رەزامەندی بەغدا، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیھانەوە بۆ بازارەکانی جیھان بگوازێتەوە، دوای دەرکردنی بڕیارەکە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە بەندەری جەیھانەوە راگیرا.
ھاوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کورستان لە شاری ھەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە وەفدێکی یۆنامی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا تاوتوێکران.
سەعدی ئەحمەد پیرە جەخیکردەوە، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، خوازیاری چارەسەرکردنی ھەموو کێشە و گرفتەکانە بە گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتن، کە دواجار بەسوود و بەرژەوەندی کۆمەنی خەڵکی کوردستان بکەوێتەوە.
وتیشی، یەکێتی ساڵانێکی زۆرە و پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە تایبەت دۆسیەی نەوتی لە نێوان ھەولێر و بەغداد دەدات.
قائیمقامیەتی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و بەرووبومی ئاژەڵی، رۆژی سێشەممە لە دیوانی قائیمقامیەت، لیژنەی دیاریکردنی ھاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوەی مانگانەی ئەنجامدا.
راشیگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لە مانگی نیساندا بە رەچاوکردنی لایەنی تەندروستی، کارئاسانی بۆ ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بکرێت، بە تایبەتی ئاژەڵی بچووک. ھەروەھا، لەپێناو پڕکردنەوەی خواستی ھاووڵاتیان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ، رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ دەکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دەستیانکردووە بە داخستنی کێڵگە نەوتییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان، دوای چوار رۆژ لە ئاگادارکردنەوەیان سەبارەت بە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەشێوەیەکی کاتی بۆ بەندەری جەیھان.
کۆمپانیاکە کە لە ھەردوو کێڵگەی "تاوکێ" و "فیشخاپور" لە دھۆک کاردەکات لە بواری نەوت و غاز راشیگەیاند، لە بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوامبوون، بەڵام توانای کۆگاکردنیان سنوردارە.
ناوەندی تێکڕای بەرھەمھێنانی نەوتی ئەو کۆمپانیایە لە کێڵگەی "تاوکێ" و "فیشخاپور" لە ساڵی ٢٠٢٢ لە رۆژێکدا ١٠٧ ھەزار بەرمیل بووە، کە یەک لەسەر چواری ھەناردەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنێت، ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرھەمھێنان لە کێڵگەی "فیشخاپور" شەوی رابردوو راگیرا و داخستنی کێڵگەی "تاوکێ"ش دەستیپێکردووە، بەڵام بەھۆی زۆری بیرە نەوتەکانەوە کە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە، رێکارەکان کاتی زیاتری پێویستە.
موسافر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆش رایگەیاند، نیگەرانە لەوەی گەیشتوونەتە ئەم رەوشە، چونکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، رۆژی سێشەممە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان بۆ کاروباری زانستی تاوتوێی دوایین ھەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی خوێندنی باڵا کرد.
راشیگەیاند، سەعات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا لە زانکۆکانی ھەرێم ڕادەگەیەنن.
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، گەنجێک بە ناوی ئازاد ڕەزایی، تەمەن ٢٥ ساڵ، پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرەدێژی شاری کرماشان، لە دەوروبەری گۆڕەپانی نیایشی ئەو شارە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ھێزە ئەمنییەکان لە پشتەوە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئازاد رەزایی کردووە و سەری پێکراوە، بەو ھۆیەشەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئازاد رەزایی لەگەڵ سێ ھاوڕێی دیکەی لەناو شاردا سوڕاونەتەوە و ناوبراو شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، ھێزە ئەمنییەکانی کرماشان رایانگەیاندووە کە لە خاڵێکی پشکنینی ئەو ھێزانەدا ڕانەوستاوە و بەوھۆیەوە تەقەیان لێکردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن خانەوادەی رەزایی و ھاوڕێکانییەوە رەتکراوەتەوە.
بەشی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینیدەکرێت لە درەنگانی شەوی پێنجشەممەوە بارستە ھەوایەکی سارد ناوچەکە بگرێتەوە و رۆژی ھەینیش تەواوی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بە پێی پێشبینییەکەی وەزارەتی گواستنەوە، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بارستە ھەوا ساردە، پلەکانی گەرما بەچەند پلەیەک نزمدەبنەوە، پێشبینیشدەکرێت کەمێک باران و بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکان ببارێت.
وەزارەتی گواستنەوە دەشڵێت، چڕترین ماوەی بەفربارین دەکەوێتە شەوی ھەینی و بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئاستی بەفری پێشبینیکراویش لەنێوان (٥-١٥)سانتیمەردا دەبێت، ھەروەھا رۆژی شەممە نزمترین پلەکانی گەرما لە قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان نزیکدەبێتەوە لە سفر پلەی سیلیزی و لە سەنتەری پارێزگاکانیش لە نێوان (٢-٤) پلەی سیلیزی دەبێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندووە، بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێم جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی ڕەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دوکانن.
روونیشیکردەوە، ئەو دوو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن و خۆشبەختانە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان ئاوێکی زۆریان گلداوەتەوە، بەوەش کارەبای زیاتر بەرھەمدەھێنن و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (٢) کە لە ٢٠ ئازاری ٢٠٢٣ دەرچووە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە بە بەدامەزراندنی سندوقێک بەناوی سندوقی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو سندوقە پارەدار دەکرێت لەو سزاو پێبژاردنانەی کە لەیاساکەدا دەقی لەسەر نوسراوەو لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سندوقە سپاردە دەکرێت.
بە پێی بڕگەیەکی ڕێنماییەکە پارەی ناو سندوقەکە تەنھا بۆ ئەو دامەزراوە تەندروستیانە خەرجدەکرێت کە لەمادەی ٣٨ یاساکەدا ھاتووە و بۆ ھیچ مەبەستێکی دیکە خەرجناکرێت، ھەروەھا ئەو بڕە پارانەی بەپێی یاسا وەردەگیرێت بۆ مەبەستی سندوق دەکرێتە داھاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی حکومەتی ھەرێم و ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەر ھەژماری سندوقەکە.
ھاوکات لیژنەی باڵا دەسەڵاتی خەرجکردنی بڕی تەنھا یەک ملیۆن دیناری ھەیە بۆ ئەو لایەنەی کە ماددە ھۆشبەرەکە دەستبەسەردادەگرێت.