ئەمرۆ ٧٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەمەد و ھاوڕێیانی تێپەڕی
شۆرش
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٣
قازی محەمەد، سیاسەتمەدار و دادوەر و یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ناوچەی موکریان لە ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ بە ھاوکاری چەند کەسێکی دیکە کۆماری کوردستانیان لەشاری مھاباد دامەزراند، دوای رووخانی کۆمار لە ٣٠/٣/١٩٤٧ لەگەڵ سەدری قازی برای و محەمەد حسێن خان سەیف قازی ئامۆزای لەلایەن حکومەتی شای ئێران لە مەیدانی چوارچرای شاری مھاباد و لە ھەمان ئەو شوێنەی ئاڵای کۆماری کوردستان ھەڵکرا لە سێدارەدران.
قازی محەمەد لەکاتی لەسێدارەدرانی رێگەی نەدا چاوی ببەستن و رایگەیاند، حەز دەکات لە دوایین چرکەی ژیانی بەسەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆی بڕوانێت.
دوای لەسێدارەدانیان و ھەر لەو رۆژەدا تەرمی قازی محەمەد و ھاوڕێیانی لەلایەن خەڵکی شاری مھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی شارەکە بەخاکسپێردران.
قازی محەممەد، مرۆڤێکی خۆش بەیان و ھونەر دۆست، ئەھلی ڕاوێژ و لەھەمانکداتدا خەباتگێڕێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو کە لەگەڵ ھەموو چین و توێژەکان ھەڵسوکەوتی دەکرد و لەکاتی پێویستدا کەڵکی لە بیرو بۆچوونەکانیان وەردەگرت.
ھەروەک لە وەسیەتنامەکەیدا ھاتووە، قازی محەمەد برایەتی و یەکگرتویی گەلی کوردی بە گەورەترین ھۆکاری سەرکەوتن زانیوە، بۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی ئەوکات چاپکراون لەسەر بابەتی یەکێتی و برایەتی دواوە و ھەر ئەوەشی بە مەرجی مانەوەی کۆماری کوردستان و زاڵبوون بەسەر دوژمنانی زانیوە.
پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان جاربەجار لە ڕۆژنامەی کوردستان بەناوی پێشەوا باسی لێوە دەکرا و دوای دامەزراندنی کۆمار بە شێوەی رەسمی نازناوی پێشەوای پێبەخشرا.
رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەمەد و ھاوڕێیانی لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە رۆژی شەھیدان ناسراوە و بەو بۆنەیەشەوە، سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی رۆژھەڵات چەند پەیامێکیان بڵاوکردەوە و مستەفا ھیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش رایگەیاند، لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و ھاوڕێیانی، تێرۆر و شەھیدکردنی ڕێبەرانی کورد بە درێژایی خەباتەکەی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە قبوڵکردن و بەرەسمی ناسینی ناسنامەیەک بە ناوی کوردبوون روبەڕوی بەربەستێکی گەورەی پراکتیکی و فکری بە ناوی پاوانخوازی بووەتەوە.