لە دیداری نێوان ھەردوولادا بارودۆخی سیاسی و دواین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێکرا، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەو کێشە ھەڵواسراوانەی نێوان ھەردوولا کە کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ھەیە . 

سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خوازیاری چارەسەری ھەموو کێشە و گرفتەکانە بە رێگەی گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتن کە دواجار بەسوود و بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەوێتەوە، وتیشی، یەکێتی ساڵانێکی زۆرە و زۆر دەمێک پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس ھەوڵی چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی لەنێوان ھەولێر و بەغدا دەدا، لەسەردەمی کابینەکەی حکومەتی مالیکی و کابینەکانی دوای ئەویش . 

ھاوکات سوپاس و ستایشی رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد بەتایبەتی ھەوڵەکانی خاتوو جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ، کە ھەمیشە بە پەرۆشبووە بۆ چارەسەری ئاشتیانە و یاساییانەی کێشەکان .