کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دەستیانکردووە بە داخستنی کێڵگە نەوتییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان، دوای چوار رۆژ لە ئاگادارکردنەوەیان سەبارەت بە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەشێوەیەکی کاتی بۆ بەندەری جەیھان. 

کۆمپانیاکە کە لە ھەردوو کێڵگەی "تاوکێ" و "فیشخاپور" لە دھۆک کاردەکات لە بواری نەوت و غاز راشیگەیاند، لە بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوامبوون، بەڵام توانای کۆگاکردنیان سنوردارە. 

ناوەندی تێکڕای بەرھەمھێنانی نەوتی ئەو کۆمپانیایە لە کێڵگەی "تاوکێ" و "فیشخاپور" لە ساڵی ٢٠٢٢ لە رۆژێکدا ١٠٧ ھەزار بەرمیل بووە، کە یەک لەسەر چواری ھەناردەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنێت، ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرھەمھێنان لە کێڵگەی "فیشخاپور" شەوی رابردوو راگیرا  و داخستنی کێڵگەی "تاوکێ"ش دەستیپێکردووە، بەڵام بەھۆی زۆری بیرە نەوتەکانەوە کە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە، رێکارەکان کاتی زیاتری پێویستە. 

موسافر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆش رایگەیاند، نیگەرانە لەوەی گەیشتوونەتە ئەم رەوشە، چونکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دەبێت.