روسیا رایگەیاند کە ئۆکراین بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەری و بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ لە تێلێگرام، هەر چوار فڕۆکەخانە سەرەکییەکەی پایتەخت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەهۆی هێرشەکەوە داخران.
سێرگێی سۆبیانین، شارەوانی مۆسکۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند کە لانیکەم 19 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئوکراین "لە ئاڕاستە جیاوازەکانەوە" لەناوبراون پێش ئەوەی بگەنە شارەکە. ئاماژەی بەوەشداوە هەندێک لە پاشماوەکان کەوتوونەتە سەر یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی چوونە ناو شارەکە، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبووە.
ئوکراین تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشە نەداوە. بەڵام شارەوانی خارکیڤ رایگەیاند، کە هاوکات روسیاش هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەنجامداوە بەتایبەت لە ناوچەکانی کیێڤ.
پارێزگاری ناوچەی ئۆدێسای ئوکراین، ئۆلێه کیپێر، رایگەیاند کە کەسێک لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی روسیادا کوژراوە.
ئەمە دووەم شەوە بە دوای یەکدا روسیا بڵاویدەکاتەوە، کە لەلایەن ئۆکراینەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش دەکرێتە سەری - رۆژی دووشەممەش، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند کە 26 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئوکراینی لەناوبردووە.
لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە کە روسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە، کیێڤ چەندین هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەرەو مۆسکۆ ئەنجامداوە. گەورەترین هێرشیشی لە مانگی مارسدا بوو کە تیایدا سێ کەس کوژران و زیاتر لە 10کەسیش بریندار بوون.