بەشی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینیدەکرێت لە درەنگانی شەوی پێنجشەممەوە بارستە ھەوایەکی سارد ناوچەکە بگرێتەوە و رۆژی ھەینیش تەواوی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بە پێی پێشبینییەکەی وەزارەتی گواستنەوە، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بارستە ھەوا ساردە، پلەکانی گەرما بەچەند پلەیەک نزمدەبنەوە، پێشبینیشدەکرێت کەمێک باران و بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکان ببارێت.

وەزارەتی گواستنەوە دەشڵێت، چڕترین ماوەی بەفربارین دەکەوێتە شەوی ھەینی و بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئاستی بەفری پێشبینیکراویش لەنێوان (٥-١٥)سانتیمەردا دەبێت، ھەروەھا رۆژی شەممە نزمترین پلەکانی گەرما لە قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان نزیکدەبێتەوە لە سفر پلەی سیلیزی و لە سەنتەری پارێزگاکانیش لە نێوان (٢-٤) پلەی سیلیزی دەبێت.