حکومەتی ھەرێم دەبێت بە بەھای شەش ملیار دۆلار نەوت بدات بە چەند کۆمپانیایەک
کوردسات نیوز
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٣
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ھەرێمی کوردستان دەبێت بە بەھای شەش ملیار دۆلار نەوت بدات بە چەند کۆمپانیایەک کە پێشتر پارەکەی وەرگرتووە.
رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای ڤیتۆل و پێتراکۆ دوو لەو کۆمپانیایانەن کە ھەریەکەیان ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ ملیۆن دۆلاریان داوە بە ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی نەوتی خاودا، بەڵام ئێستا کە ھەناردەی نەوتی ھەرێم راگیراوە کێشە بۆ ئەو مامەڵەیەش دروستبووە.
راوێژکارێکی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆیتەرزی وتووە، حکومەتی عێراق ئامادە نیە بچێتە ژێر باری دانەوەی قەرزی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە چەندین ملیار دینار مەزەندە دەکرێت لەکاتێکدا بەغداد ئاگاداری نەبووە و بەشداری تێدا نەکردووە.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دیکەی وەزارەتی نەوتەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تاوەکو ئێستا ھیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی قەرزەکانی ھەرێمی کوردستان رووینەداوە.
رۆژی ٢٥/٣/٢٠٢٣ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە تورکیا ناتوانێت بەبێ رەزامەندی بەغدا، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیھانەوە بۆ بازارەکانی جیھان بگوازێتەوە، دوای دەرکردنی بڕیارەکە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە بەندەری جەیھانەوە راگیرا.
ھاوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم.