نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزبووەوە
کوردسات نیوز
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٣
بەھمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ دینار و موحەسەن لە ١٠٥٠ بۆ ١٠٧٥ دینار و بەنزینی سوپەریش لە ١٢٠٠ دینار بۆ ١٢٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی غازی شل (ئێڵ پی جی)ی دابەزیووە و بووە بە ٤٢٥ دینار.
وتیشی، ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەنزین بۆ زیادبوونی خواست و کەمی خستنەڕو دەگەڕێتەوە، چونکە پشکی پێویستی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێم و عێراقیش ناگاتە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان.
راشیگەیاند، ھۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی ھەیە بە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، بەھۆی ئەوەی سوتەمەنی بازرگانی لە دەرەوە ھاوردەدەکرێت و بازرگانەکانیش بە دۆلار دەیکڕن، بۆیەش ناچارن بە نرخێکی گرانتر بیخەنەبازارەوە.