کوردستانکوردستان

کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند،  لەسەر داوای ئەوان و لە رێگەی نوێنەریان لە لیژنەی تەندروستی پەرلەمان د.گەیلان قادر، وەزیری تەندروستی عێراق رەزامەندی پیشاندا لەسەر ناردنی بەشێک لە دەرمانی نەخۆشانی درێژخایەن لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان، کە بەپێ لیستێک ئیدارەی نەخۆشخانەی گشتی کەلار ناردبووی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتیانی گەرمیان بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن و بەھۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لە بازاڕدا دەرمان بکڕن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی ھەرێم رایگەیاند، بەشێکی دیکەی شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٣ خراوەتە سەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی ھەرێم و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە، بڕی ٥ ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و ٣ ملیار دینار بۆ ھەولێر و ٢ ملیار دیناریش بۆ جوتیارانی پارێزگای دھۆک تەرخانکراوە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پیرۆزباییەکە...

جەژنی چلەی ھاوین لە ھەموو خوشک و برا ئێزدییەکان پیرۆز دەکەم و ھیوادارم ئەم جەژنە لە دڵخۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم پشتیوانی تەواوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتبکەمەوە بۆ پاراستن و بەدیھێنانی ماف و خواستەکانتان، ھەروەھا یەکخستنی ھەوڵەکان لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی خەڵکە خۆشەویستەکەی بۆ زێدی خۆیان.

شاد و سەرفرازبن

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:

گەلەکەمان بە ئازار و توڕەیەوە یادی چل ساڵەی ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە کە ھەزاران لە ڕۆڵەکانی کوردستان لە بارزانییەکانی لە نێوان شەھید و بێ سەرو شوێنکراوانی کردە قوربانی لە ھەرێمی کوردستان.
ئەو تاوانە قێزەونەی کە ڕژێمی دیکتاتۆری ئەنجامیدا، دەربڕینی ئەو دڕندەییەیە کە تایبەتمەندی ڕەفتاری ستەمکارانەی نیشاندا، کەدرێغی نەدەکرد لە ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان.
تاوانی بەئامانجگرتنی ھاونیشتمانیانی بارزانییەکان زنجیرەیەک تاوانی جینۆسایدی بەدوای خۆیدا ھێنا لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال ناسرابوو، دواتر تاوانی ھەڵەبجە بە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی دژی ھاونیشتمانیانی مەدەنی، و ھەموو ئەو تاوانانەش بە ئامانجی کۆمەڵکوژی بوو ، بەرامبەر بە ھەزاران پیاو ، گەنج و پیر، ژن و منداڵ بەبێ گوێدانە ھیچ بەھایەکی مرۆیی.
زۆریش زەحمەت نیە پەیوەندی نێوان ئەو تاوانانەی ڕژێمی دیکتاتۆرییەت پێشتر ئەنجامیدا و تاوانەکانی تیرۆر و جینۆساید کە بە ھەزاران ھاوڵاتی بونە قوربانی پێکەوە گرێبدرێت، وەک ئەوەی لەسەر دەستی داعش لەکاتی داگیرکردنی ژمارەیەک پارێزگا و شار و گوندی عێراقدا ڕوویدا.ئەمانەیش شێوازی جۆراوجۆری ڕەگەزپەرستی و تایەفەگەری  نەتەوەی وئایینیە . 
چەسپاندنی دیموکراسی و پتەوکردنی دەسەڵاتی یاسا و باوەڕی ڕاستەقینە بە قبوڵکردنی فرەچەشنی و جیاوازییەکانی بنەمای سەرەکین بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی ھاونیشتمانیان لە وڵاتێکدا کە ھەست بە مافەکانی خۆیان بکەن و بەرگری لەسیستمە دیموکراسییە دادپەروەرەکەی بکەن و ئاستیشی بەرزبکەنەوە بۆ ڕیزی دیموکراسییە چەسپێنراوەکان لە جیھانی ھاوچەرخماندا.
یادی شەھیدە سەربەرزەکان و قوربانیانی جینۆساید دەکەینەوە و لەگەڵ قوربانیدان و ئازارەکانی بنەماڵەکانیانین وەک وانەیەکیش زیاتر ئیرادەمان بەھێز دەکات بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیەکان و شکۆمەندکردنی قارەمانێتی و کارکردن بۆ پاراستنی مافی خێزانە زەحمەتکێشەکان .

سەربەرزی  بۆ شەھیدان.
و پرسە و سەرەخۆشی قووڵم بۆ خانەوادەی قوربانیانی گەلەکەمان، لە کاتێکدا کە کاروان بەردەوامە بەرەو بونیادنانی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و دادپەروەر و شکۆمەند.

دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەدا، داوای لە ھێز و پارت ولایەنە کوردستانییەکان کرد کە ھاوھەڵوێست و یەکدەنگ بن لە سەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کە لە ناو بودجەدا جێگیرکراوە، ھەروەھا ھەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی راسپارد، کە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی بۆ ھاوڵاتییان.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کرد، کە لە کابینەی پێشووی حکومەتی ھەرێمەوە کاری لەسەر بە دیجیتاڵکردنی کاروباری فەرمانگە حکومییەکان کردووە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ھەوڵەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان،  داواشی لە حزب و لایەنە سیاسییەکان کرا پشتیوانی لەو ھەنگاوە بکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ بەغداد ٥٩٨ ملیار دیناری وەک بەشێک لە پشکی ھەرێمی کوردستان رەوانەکرد و سبەینێ لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق رێکارەکانی ناردنی پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی تەواو دەکات.

وتیشی، لە دەوروبەری کاتەکانی نیوەڕۆی سبەینێ وەزارەتی دارایی لیستی مووچە رادەگەینێت و مووچەی چەند وەزارەت پێڕاگەشتن دابەشی دەکەن و رۆژانی داھاتوو مووچەی وەزارەتەکانی تر و دەستەکان و خانەنشینان دابەش دەکرێت.

پێشتریش پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بۆ دابینکردنی مووچە پێویستیان بە ٩١٢ ملیار دینارە کە لە عێراقەوە بێت، بەڵام پارەی پێویست نەنێردراوە و تەنھا ٥٩٨ ملیار دینار ھاتووە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاوژین عوسمان سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تاکو رۆژی پێنجشەممەی کۆتایی ئەم ھەفتەیە چاوەڕوانی ھاتنی مووچە دەکەن بە پێچەوانەوە لە سەرەتای ھەفتەی داھاتووەوە بایکۆتی دەوامەکانیان دەکەن.

وتیشی، داوایان لە سەرجەم بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کردووە، بۆ ئەم چەند رۆژە، لەرووی دەوامکردنەوە فشار لە کارمەندەکانیان نەکەن و دەوام کەمبکنەوە.

لە بەرامبەردا، محەمەد عەلی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ بایکۆتکردنی دەوام نین، بەڵام مووچەش بە مافێکی سەرەکی کارمەندەکان دەزانن و مافی خۆیانە ئەگەر مووچە نەبێت دەوام نەکەن.

تائێستا لە ھەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز دابەشنەکراوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە چاوی لە ھاتنی بەشە بودجەکەیە لە بەغدادەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو فەرماندە تۆفیق کانی وەتمانی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی فەرماندە (تۆفیق کانی وەتمانی)م بیست.

کۆچکردوو (تۆفیق کانی وەتمانی) تێکۆشەرێکی دێرین و بەئەمەکی کوردستان و فەرماندە و پێشمەرگەیەکی قارەمان بوو، کۆچکردنی جێگای داخە. 

بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم. 

خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگای بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت. 

انا للە و انا الیە راجعون 

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارێزگای حەسەکە دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا و شەش ناحیەی ھەیە، ھەروەھا سەنتەری شارەکە، ٢٥ گەڕەکی ھەیە و زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار دانیشتووی ھەیە.

پارێزگاکەکە سێ کامپی ئاوارەکانی تێدایە، کە نزیکەی ٥٠ ھەزار کەسیان تێدایە، بەڵام چەند ھەفتەیەکە تورکیا ئاوی وێستگەی عەلووکی لەسەر دانیشتووانی ئەو پارێزگایەی رۆژئاوای کوردستان گرتووەتەوە و بەوھۆیەوە پێنج ناحیە و ٢٥ گەڕەک و ٤٢٢ گوند و سێ کامپی ئاوارەکان بێئاون.

تورکیا دوای داگیرکردنی شارۆچکەی سەرێ کانێ لە ساڵی ٢٠١٩، دەستی بەسەر وێستگەی ئاوی عەلووکدا گرت، لەوکاتەوە ئاو وەک چەکێک دژی دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە بەکاردەھێنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە ئاستی ئەو پێشێلکارییە بێ دەنگن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد راگەیاند، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم بدرێت و ٩٠٧ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی ھەرێم بکات.

وتیشی، بەپێی رێککەوتنی حکومەتی ھەرێم و عێراق، دەبێت بەغداد مانگە ٩٠٧ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات.

ھاوکات بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغداد بکات و لەبارەی شایستە داراییەکان و دۆسیەی نەوت، دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێستا لە مانگی ھەشتداین و ھێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی حوزیرانی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادیاری ماوەتەوە و نازانرێت کەی دابەشدەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

بەڕێزان بنەماڵەی سەربەرزی ھەڤاڵ تۆفیق کانی وەتمانی 

بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین (تۆفیق کانی وەتمانی)ـمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە، پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای وەفاداری و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.

لەدەستدانی ھەڤاڵ تۆفیق کانی وەتمانی کە پێشمەرگەیەکی ئازا و شۆڕشگێڕێکی بەئەمەکی کوردستان بوو، جێگەی دڵتەنگی و نیگەرانیی قووڵی ئێمەیە.
لەخوای گەورە داواکارم ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەروین بوڵدان و میتحەت سەنجار ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە کۆبونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی "ھەدەپە" و پارتی چەپی سەوز ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، لە ١٥ بۆ ٢٥ی ئاب ھەڵسەنگاندن بۆ راپۆرت و رەخنەی کۆبوونەوەکانی رابردوو دەکرێت بە مەبەستی ھەنگاوی بنیاتنەر بۆ بەستنی کۆنگرەی گشتی "ھەدەپە"، لەبەرئەوەی بە گرنگییەوە لەو ڕەخنانە دەڕوانن.

راشیگەیاند، دوای ئەوەی قۆناغەکانی ھەڵسەنگاندن و گفتوگۆکان کۆتاییھات، لە مانگی ئەیلولی داھاتوو کۆنگرەی گشتی ئەنجام دەدەن و لیژنە نوێیەکان دیاری دەکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، دوای رێگەپێدان بۆ ھاوردەکردنی بەنزین لە ٣٠.٧.٢٠٢٣، مانگانە ٧١ ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێت.

ئەو وەزارەتە راشیگەیاند، ھۆکاری گرانی نرخی بەنزین ئەوەیە پشکی ھەرێمی کوردستانی لە پێدانی بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕدراوە و ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین چڕکردووەتەوە و " کێشەی بەنزین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا چارەسەر دەکرێت".

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  دەشڵێت، "بەھۆی ئەوەی حکومەتی عێراق لە ١٠.٧.٢٠٢٣، پشکی ھەرێمی کوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی کەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵکشانی خواست لەسەر بەنزین".

بەپێی ئامارەکانی ئەو وەزارەتە، ھەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستیی بە سێ بۆ سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزین ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمەراسیمەكەدا، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و فەرماندە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئامادەییبوون، ژیانی پڕ سەروەری و تێكۆشانی ئەو فەرماندەیە بەرز نرخێندرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.... 

لە یادی  نۆ ساڵەی کارەساتی پڕ لەتاوانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پەلاماردانی شەنگال و دەوربەری لەلایەن  تیرۆریستانی داعش کە دڕندانەترین ڕەفتاریان دژ بەمرۆڤایەتی تۆمارکرد ،وێڕای ھەوڵە بەردەوامە کوردستانییەکان  و ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی  ئیتیحادی و بەھاوکاری لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسیەکوردستانی وعیراقیەکان کە بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ئەوتاوانە گیراونەتە بەر ،بەڵام ھێشتا زامەکانی تاوانەکە بە تەواوەتی سارێژ نەبوون ،چونکە سەرەڕای رزگاربوون لەچنگی داعش ، بەڵام ھێشتا وەک پێویست دەستی ئاوەدانکردنەوە بەوناوچانە نەگەیشتوە و خەڵکێکی زۆر لە ناو کەمپ وچادرگەکاندا ژیانێکی کولەمەرگی  لەئاوارەییدا بەسەردەبەن .

 دوای ڕاماڵینی داعش  لەوناوچانە ،ھەرچەندە ژمارەیەکی زۆری بەدیل گیراو و کەنیزەکە رفێنراوەکان  رزگاریان بوە ،بەڵام ھەرچی زیاترە پێویستمان بە چڕکردنەوەی ھەوڵەکانە بۆ سۆراغکردنی چارەنووسی ئەوانەی لە ڕۆژانی کارەساتەکەوە تاکو ئێستا بێ سەرو شوێنن . 

 بەئەرکی  سەرشانی ھەموو لایەکی دەزانین  شەنگال و دەوروبەری لەھەر مەترسی و ھەڕەشەیەک بپارێزین وئەم کەیسە دوای قۆناغی پاشەکشێی ناجوامێرانە و کەمتەرخەمی نیشتمانیی،  وەک کارتێکی سیاسیی مامەڵەی پێوە نەکرێ و مەینەتی کەسوکارمان لە ئێزدیخان درێژە نەخایەنێت.

ھەرلەم یادە پڕ لە ئازارەدا درود بۆ ڕۆحی شەھیدانی دەستی غەدری تاوانی شەنگال دەنێرین و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ کەس و کاری سەربەرزیان دەخوازین .

مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی عیراق، ھەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی رێکخراوەیی بە وردیی تاوتوێکران، بە تایبەتیش کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر لە سەروشیانەوە دواکەوتنی موچە و بژێوی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتیش ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پرسی ئیداری، خزمەتگوزاری و ئەمنی بە وردیی گفتوگۆیان لە بارەوە کرا، و لەو بارەیەوە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدین رایگەیاند؛ جگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو ناوچانە ھیچ رێوشوێنێکی دیکە قبوڵ ناکات، چونکە ناوچەیەکی تێکەڵە لە نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزای جیاواز، بۆیە دەبێت تایبەتمەندی ئەو ناوچانە لەبەرچاو بگیرێت.

ئاسۆ مامەند تەئکیدیشی کردەوە؛ کە جیاکاری لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا و گرینگیدان بە پێکھاتەیەک و پشتگوێخستنی ئەوانی دیکە، خزمەت بە ھیچ کەس و لایەنێک ناکات، چونکە دۆخی عیراق و ئەو ناوچانەش ئەوەمان لێدەخوازێ کە پڕەنسیپی سازان و پێکەوە ژیان بکرێنە بنەمای بەڕێوەبردن، و لە رێگەیەوە خزمەتی دانیشتوانەکەی پێ بکرێت.

لە بارەی پرسی رێکخراوەییشەوە  کارگێڕی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە درووست بووە و ھەر لەو پێناوەشدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات، و سازش لەسەر ماف و خواستەکانیان ناکات، بە تایبەتیش ئەو پرسانەی کە پەیوەندیدارن بە خاک، نەتەوە و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتییان.

لە کۆتاییشدا ھەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک-سەڵاحەدین جەختیان کردەوە؛ کە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید کردنەوەیە لەسەر ھەمان ئەو پڕەنسیپانەی کە لە پێناویدا درووست بووە، دروشمی سەرکەوتن تا نەسرەوتنیش بنەمای پشوودرێژی خەباتی نەپساوەی یەکێتییەکەمانە تا گەیشتن بە تەواوی خواست و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بە گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...407408409410411...925