وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شەممە تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی ١٢ی ئـامـادەیی سەعات ٧:٣٠ خولەك دەستپێدەكات و هەفتەی دوو تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت و رۆژی ٢٧ی حوزەیران تاقیكردنەوەكان كۆتاییان دێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رۆژانی تاقیكردنەوەدا هێڵی ئینتەرنێت لە سەعات٦:٣٠ خولەك بۆ سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی لە هەرێمی كوردستان رادەگیرێت.
هاوكات بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردە،١١٧ هەزار و٣٦٤ خوێندكار بەهەموو بەشەكانییەوە بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن، كە ژمارەی خوێندكارانی زانستی ٧٥ هەزار و٢٣٩ خوێندكارە و وێژەیی ٣٩ هەزار و ١١٣ خوێندكار و پیشەییەكانیش سێ هەزار و ١٢خوێندكارە.
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری ھەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان پرسی کردنەوەی مەرزی شوشمێ - تەوێڵەی تاوتوێکردووە و ھەردوولا لەسەر کردنەوەی مەرزەکە بەڕەسمی گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگار کردنەوەی مەرزەکەی بەرووی گەشتیاری و بازرگانی بە گرنگ وەسفکردووە، لەبەرامبەریشدا پارێزگاری کرماشان جەختی لەوەکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەدان ھەرچی زوورە مەرزەکە بکرێتەوە.
ھاوکات، مامۆستا قادر قادری پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی پاوە کە یەکێکە لە نوێنەرە دێرینەکانی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتاری ھەینیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان پارێزگای کرماشان و ھەڵەبجە بڕیارە جەژنی قوربان مەرزی شوشمێ بکرێتەوە.
مەکتەبی سیاسی پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتی کرد و ھیوای بەردەوامی و ھەنگاوی نوێتر و باشتر بۆ یەکێتی دەخوازێت.
لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا جەختدەکاتەوە ھەماھەنگی و تەبایی و تێکڕای ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگاریەکانی قۆناغی ئێستا و داکۆکیکردن لە مافەکانی ھاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی ھەرێم.
ھەروەھا داوای پتەوکردنی گیانی یەک وتاری و یەکھەڵوێستی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی کوردستان و چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەھێزترکردنی پایەکانی دیموکراسی دەکات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لە سەرۆک و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان و مەکتەبی سیاسی و سەرکرایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتیی کرد.
ھەروەھا ئاماژەی بۆ رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال کرد و ھیوای خواست ئەو یادە ببێتە ھاندەری تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی.
لە یادی ٤٨ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوادەکات ھەموو ھێزە سیاسییەکان پێکەوە کاربکەن و ھەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی بکەن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکات.
راشیگەیاند، ھیوادارە لەو بارودۆخەدا گشت ھێزە سیاسییەکان پێکەوە کاربکەن و ھەموو لایەک ھەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بکەن و خزمەتکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان بکەن بە رێڕەوی کاری ئێستا و داھاتوویان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال، دامەزرێنەرانی یەکێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرێت، جەختیشدەکاتەوە لە وەفاداری و پابەندبوون بە خوێنی شەھیدان و بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی کە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەیان لەپێشە، جگە لە یەکڕیزی و تەباییش ھیچ رێگەیەکی دیکە ناتوانێت زامنی مانەوە و بەھێزیی قەوارەی ھەرێم بکات، بۆیە دەیانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری کێشەکان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێکەوە کوردستان بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ئاڕاستە بکەن.
راشیگەیاندووە، یەکێتی ھەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و دەبێت ناکۆکییەکان لە رابردوودا جێبھێڵن و پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر ھەنگاوبنێن.
دەقی پەیامەکەی ئاسۆ مامەند...
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..!کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان..!پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرانی ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..!
بەبۆنەی یادی (٤٨) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و (٤٧) ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، گەرمترین پیرۆزبایی یٔاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە و ڕێکخستنە دێرینەکان، زیندانییە سیاسییەکان، کەمیٔەندامانی سەنگەر، پێشمەرگە قارەمانەکان، سەرجەم کادیر و یٔەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارودۆخی نالەباری دوای ھەرەس، و بۆ سەرخستنی خەباتی رزگاری نیشتمانیی گەلی کوردستان، و بە ئامانجی بەریگریکردن و دابینکردنی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، و لەسەر بنەمای چەسپاندنی مافی چارەنووس، ھاتە کۆڕی خەبات و تێکۆشان، لەو نێوەندەشدا رابەر و سەرکردە سەرۆک مام جەلال، و ژمارەیەک لە ھاوسەنگەرانی دەستپێشخەرییەکی مێژووییان لە خەباتی نەپساوەی گەلەکەماندا تۆمارکرد، دوای ساڵێکیش لە دامەزراندنی یەکێتیی، سەدان ھەزار تێکۆشەر و رۆڵەی ئەم نیشتمانە بوونە ھەوێنی دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
ھەڤاڵانی یەکێتیی..!
ئەم کاروانە.. ئامانجی گەورە و بەرچاوی بەدیھێناوە و بەردەوامیش دەبێت لە خەبات و تێکۆشان، ھێشتا زۆری تریش ماون کە بەدییان بھێنێت، ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رابەرایەتیی سەرۆک مام جەلال، و قوربانیی ھەزاران شەھید، و رەنج و ماندوو بوونی سەدان ھەزار تێکۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدراڵی، و سەرۆک مام جەلالیش بووە یەکەم سەرۆکی ھەڵبژێردراوی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ.
ھەڤاڵانی تێکۆشەر..!
لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە گەش و پڕ لە سەروەرییەی یەکێتیی دەکەینەوە، رووداو گەلێکی زۆر لە سەر ئاستی جیھان، ناوچەکە، عێراق و کوردستان ھاتوونەتە ئاراوە، کە وامان لێدەخوازێت یەکێتیی بە دیدێکی تازەوە بە رۆڵی کاریگەر و مێژوویی خۆی ھەڵبسێت و ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانیش لەئەستۆ بگرێت. لەسەر ئاستی کوردستان وەک یەکێتیی پابەندین بە پاراستنی یەکڕیزی ھێزە سیاسییەکان تاکو ئەو کۆ دەنگی و یەکگرتوییەی گەلی کوردستان بکەینە بناخەی کاری ھاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا بۆ بەشدارییەکی کارای کورد لە پرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراکەت، پاراستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان لە حکومەتی عیراقدا.
ھەڤاڵانی خۆشەویست..!
لە کاتێکدا یادی ئەو دوو بۆنە شکۆدارە دەکەینەوە، یەکێتیی ھەموو ھەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ نوێبونەوە و چاکسازی لە ھەردوو ئاستیی رێکخراوەیی و حکومی، ئەم ھەنگاوانەیش پێویستیی بە بەشدارییەکی کارای ھەڤاڵانی یەکێتییە کە لە ھەموو ئۆرگان و ناوچەکانەوە نەخشەرێیەکی تازەی کارکردن بھێنینە کایەوە بە ئامانجی سەرخستن و بە ئاکام گەیاندنی ئەو بەرنامەو پڕۆژەیە، و دۆزینەوەی رێگا چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوکمرانی، تا ھەموومان پێکەوە ئەم ئەرکە حزبی، و دیموکراتیی و نیشتمانییە سەر بخەین.
دانیشتوانی ئازیزی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..!
ھەموومان دەزانین کە عیراق و ھەرێم بەرەو وەرزی ھەڵبژاردنەکان ھەنگاو دەنێ، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە سۆنگەی باوەڕ بوونی بە پڕۆسەی دیمۆکراسی، پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دەکات لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای ھەڵبژاردن، و پێکھاتەی کۆمیسیۆن، و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران لە ھەر لێڵی و کەموکورتییەک، داواش دەکەین کە مشتومڕەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بە زمانێکی ئارام و دوور گرژی و ئاڵۆزی بەڕێوە بچن، بۆ ئەوەی ئارامی کوردستان زەمینەی قووڵکردنەوەی دیموکراسی باشتر بخوڵقێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتیی بەردەوام ئامادەیی خۆی دوپاتکردووەتەوە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەپێناو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
دووبارە شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان..!
سڵاو لە سەرۆک مام جەلال رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان..!
سڵاو لە رۆحی پاکی شەھیدان..!
ئاسۆ مامەند
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ....
ئەمڕۆ ١٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی کاک دارۆ شێخ نوری، سەرکردە و شۆڕشگێڕی کوردایەتی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تێدەپەڕێت.
کاک دارۆ یەکێکبوو لە سەرکردە خۆنەویست و دڵسۆزەکانی کوردستان و ژیانی خۆی لەپێناو گەل و سەرخستنی شۆڕشی نوێدا تەرخانکردبوو. ھەر ئەمەش وایکردبوو متمانە و خۆشەویستیی سەرۆک مام جەلال بەدەستبھێنێت.
ئەو نەک ھەر خۆی، بەڵکو خانەوادەکەشی نموونەی خەبات و قوربانیدان بوون و خاتوو نەرمین عوسمانی ھاوژینیشی، ژنە شۆڕشگێڕێکی ئازا و بەئەمەکی کوردستان بوو کە تاوەکو ئێستاش لە خەبات بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کورد بەردەوامە.
ئێمە سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانمان لەیادناکەین و یاد و یادەوەرییان ھاندەرمان دەبن بۆ بەردەوامی و خەباتمان لەپێناو سەرفرازیی کورد و کوردستاندا.
دروود بۆ رۆحی کاک دارۆ و سەرفرازی بۆ خانەوادە سەربەرزەکەی
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رزگار حەمەخدر راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتن کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم، لە ٣٧٥ ھەزار تۆنەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار تۆن زیادبکرێت.
راشیگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریداوە رێگە بە جوتیارانی ھەرێم بدات تا بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق ساغبکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم پێشبینیدەکات بەرھەمی ئەمساڵی گەنم لە ھەرێم زیاتر لە ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار تۆن بێت، ئەگەریش حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی گەنم لە جوتیاران وەرنەگرێت دەبێ جوتیار خۆی لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە، کە بەگوێرەی جۆری گەنمەکان، تۆنێک گەنم لە بازاڕدا لە نزیکەی ٦٠٠ بۆ ٦٥٠ ھەزار دینارە.
ئاژانسەکانی ھەواڵ لە رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن، بەھۆی داخستنی دەروازەی سێمالکاوە نرخی پێداویستی رۆژانەی ھاووڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و دابەزینی بەردەوامی لیرەش، دۆخی ھاوڵاتیانی سەختتر کردووە.
کەرەستەکانی بیناسازی و خۆراک لە رۆژئاوا زۆرترین بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە کە دەگاتە دوو بەرامبەری ئەو نرخەی پێش داخستنی دەروازەی سێمالکا ھەیانبوو.
شارەزایانی ئابوری لە رۆژئاوا دەڵێن، بەردەوامی داخستنی سنور بۆ ئەوانەی داھاتیان سنوردارە یان لەسەر کرێی رۆژانە دەژین کارەساتبارە، داواش دەکەن رێگری لە بەرزبونەوەی نرخەکان بکرێت.
سەردانەکە لەسەر بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و مەبەست لێی زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی و کلتوری و گەشتیارییەکانی ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
پێشتریش د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاندبوو، لەو سەردانەیاندا، لەگەڵ پارێزگاری سنە و ورمێ و کرماشان بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری دەکەن لە ئێران، کە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە ئیئتیلافی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووە دەرفەتی زیاتر بە گفتوگۆ لەبارەی بودجە بدرێت، ئەوەش بووەتە ھۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر چۆنێتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم رێککەوتوون.
وتیشی، ھیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی ھەرێم لە بودجەدا نییە کە ١٢.٦٧٪، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی باوەڕی وایە پێویستە ھەرێم پابەند بێت بە ھەناردەکردنی لانی کەم ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە، داھاتەکەشی بخرێتە سەر ھەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمیش مافی خەرجکردنی ھەیە بەپێی بڕیارەکانی بودجە، لەگەڵ ھەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان و لە ئەگەری نەتوانینی ھەناردەنەکردنی نەوتی ھەرێمیشدا لەناوخۆ بەکاردەھێنرێت و حکومەتی عێراق لە رێگەی کێلگەکانی باشوورەوە قەرەبووی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراقدا دەگاتە ١٩ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لەگەڵ پشکی دەرمان و کۆبوونی خۆراک و چەند بابەتێکی تر، پشکی ھەرێم دەگاتە نزیکەی ٢٠ ترلیۆن دینار، ئاشکراشیکرد، ناکۆکی سەرەکی پارتی لەسەر چەند خاڵێکە، یەکەمیان دەیەوێت داھاتی نەوتی ھەرێم لە ھەژمارێکی بانکی سەر بە ھەرێمی کوردستان دابنرێت بەبێ ئاگاداری بانکی ناوەندی عێراق، دووەمیان پارتی دژی ئەو بڕگەیەیە کە باسی دانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات.
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان بەبێ پشتبەستن بە سەرچاوەی رەسمی ھەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە و باسیان لەوە کردوە کە لیژنەی دارایی لە پرۆژەیاسای بودجەدا بڕگەیەکیان پەسەندکردووە کە تایبەتە بە بڕینی ١٪_ی مووچەی فەرمانبەران بۆ دەزگای شەھیدان و زیندانیانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە و زانیارییەکە بەو شێوەیە نییە کە باسکراوە، بەڵکو پێشنیازێک ھەبووە بۆئەوەی لە ھەزارا یەکی مووچەی فەرمانبەر ببڕدرێت بۆ دەزگای شەھیدان، کە بۆ ھەر ملیۆنێک دینار لە مووچە تەنھا ھەزار دینار دەبڕدرێت و بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار مووچەش تەنھا ٥٠٠ دینار دەبڕدرێت کە ئەوەش بڕێکی زۆر کەمە، ھەر فەمانبەرێکیش مووچەکەی لە خوار ٥٠٠ ھەزار دینارەوە بێت ئەو پارەیەی لێ نابڕدرێت.
دەقی پەیامەکە...
لە چل و ھەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چل و حەوتەمین ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، بەرابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرین و نوێ و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەرو ژنانی تێکۆشەری نێو یەکێتیی، سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزە فڕی شکۆی نەتەوەو نیشتمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان.
ئەم یادە تەنیا یادکردنەوەیەکی سادەی دامەزراندنی حزبێکی خەباتگێڕو خاوەن قوربانی زۆر و دەستکەوتی فرەو گەورە نییە، بەڵکو یادکردنەوەی شۆڕشی میللەتێکە لە پێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیرو ئاڕاستەی سیاسی جیاواز و فرەی کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و سیستمێکی فیدراڵی شاد بووە.
لە مێژووی رابردوی شۆرشی نوێ؛ دوای شکستی ١٩٧٥ و بێ ئومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرۆژی ١-٦-١٩٧٥، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی و ئومێدی خەڵکی بڵاوکردەوە و شۆڕشێکی راستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرسا؛ کە بە خوێنی ھەزاران شەھیدی سەر بەرز گەیشتە ئامانجی رەوای خۆی کەسەربەستی میللەتی کوردو رزگاربوون لە فاشیەتی بەعس.
ئەم یادە یادکردنەوەی ھەزاران شەھیدی قارەمان و سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکێکی مێژوویی و حەکیم و نموونەییە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کرد؛ تا دوا ساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و کوردستانیش بۆ مافی ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکان.
یادکردنەوەی ئەم بۆنە گرنگە ھاوکاتە لەگەڵ بارودۆخێکی نەخوازراو و دوڕدۆنگ کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و تەبایی و یەکڕیزی ئەزموونەکەمان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکانی خستووەتە بەر مەترسی و لەسەروو ھەمووشیانەوە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان، بۆیە لەھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی و حیکمەت و دووربینی و قبوڵکردنی بەرامبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق وداھێنەریان بووە و کردوونیەتە بنەمای کارو خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەم ھەلومەرجە ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە غیابی سەرۆک مام جەلال چەندە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەرە و جێگەی پڕنابێتەوە، کوردستان-یش سەرۆک و پایەیەکی گەورەی حوکمڕانی و سەرکردایەتیکردنی بەرەو کەناری ئارامی لەدەستداوە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدرککردن بە ھەستیاری رەوشەکە، بەتوندی دەستی بە تێز و بنەماکانی کاری سەرۆک مام جەلال-ەوە گرتووە و کردوونیەتە ئەجێندا و کارنامەی بۆ ئێستا و داھاتووی خۆی.
دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزارندنی حزبی شەھیدان
بەرز و باڵا بێت خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بەرابەرایەتی ی.ن.ک.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
راگەیاندنی پارێزگای شرناخ دەڵێت، لەماوەی ھەفتەی رابردوودا ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنیان بۆ دەستگیردنی ئەو کەسانە ئەنجامداوە بە کە تۆمەتبارن بە ھاوکاری پەکەکە/کەجەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٢٢ کەس لە ئۆپەراسیۆنەکان دەستگیرکراون، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکانیش لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، چوار کەس لەوانەی دەستگیرکرابوون، دەستبەسەرکران و ئەوانی دیکەیان بە مەرج ئازادکراون.
پێش ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ھێزە ئەمنییەکان لە ئەنقەرە، ئیستەنبوڵ و باکوری کوردستان بەردەوام بوون لە دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە ئاھەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ.
دادگای فیدراڵی عێراق سبەینێ جارێکی دیکە لەسەر سکاڵایەک سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە ئەو سکاڵایە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە.
رۆژی ٢٤ی مانگ، دادگای فیدراڵی ھەشتەمین دانیشتنی سەبارەت بە تانەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و تێیدا گوێی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گیرا بۆ زانینی رۆڵ و توانایان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم.
نوێنەری کۆمیسیۆنیش لە دادبینییەکەدا رایگەیاند، ئەوان بەپێی یاساکەیان دەتوانن پەیڕەو و رێنمایی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دابنێن و سەرپەرشتیی بکەن و رێکیبخەن، دادگاش بڕیاریدا نوسراوەکەیان وەربگرێت و بەشدارییان لە دۆسییەکە کۆتایی پێبھێنێت و کۆتایی بە دادبینی بھێنێت، سبەینێ دادگای فیدراڵی کۆدەبێتەوە بۆ راگەیاندنی دوابڕیاری سەبارەت بەکۆی دۆسیەکە.