بەهۆی بۆردومانێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لە گوندێكی سەر بە عەین عیسا ١٢ هاووڵاتی یەك خێزان گیانیانلەدەستدا كە شەشیان منداڵن.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، بۆردومانەكە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوە بۆسەر ماڵێك لە گوندی مەستریحە لە عەین عیسا سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بەهۆیەوە ١٢ كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، ئەو كەسانەی گیانیانلەدەستداوە هەموویان لە یەك خانەوادەن و شەشیان منداڵن.

هەر ئەمڕۆ سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی بە چەكی قورس گوندی ئوم كیف سەر بە شاری تل تەمر و چەند گوندێكی تری سەر بەو شارەیان بۆردومان كردووە.