ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر رۆژی بایکۆتیان دیاریکرد
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر رۆژی یەکشەممەیان وەک کاتی بایکۆت دیاریکردوە و چەند داواکارییەکیشیان هەیە.
ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر ئەمڕۆ هەینی ٦ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە: لەسەرەتا و دەستپێکی ساڵی خوێندن بەڕوونی هۆشداریماندا کە لەئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دووبارە و وەک ساڵانی پێشتر و بەگڕوتینێکی زیاترەوە دێینەوە مەیدانی خەباتی مەدەنی و بێ ماندوو بوون و سڵەمینەوە هەر ڕێگایەکی مەدەنی و یاسایی پێویست بێت دەیگرینەبەر.
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "پێشوازی دەکەین لەو بایکۆتە ناچارییەی مامۆستایان دەستیان پێکردوە و لەیەک شەممەی داهاتووشەوە بایکۆتی سەرجەم هۆڵ و ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە".
ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر چەند داواکارییەکیان خستووەتەڕوو کە بریتییە لە؛
١- دەست پێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی
٢- پێدانی مووچەکانی مانگەکانی دە و یانزە لە نزیکترین کاتدا، هەروەها پێدانی موچەی مانگی دوانزە لەکاتی خۆیدا
٣- بەخێرای جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی تەوتین کردنی مووچە لەلایەن بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵی.