بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سوریا بکەن
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەی سوریا بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.
لەدیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر کرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری پێکبهێنرێت و رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت، بە کارنامەیەکی بەهێز و دوور لە دەستتێوەردانی حزبییەوە خزمەتی هەموولایەک بکات و کارەکانی لەپێناو ئاوەدانیی کوردستان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەتردا بێت.
لەدرێژەی دیدارەکەدا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، یەکێتی بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکان دەکات، بڕواشمان وایە پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.