وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٢ـی رادەستی بەغداد كرد، تا ئێستاش وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ نادیارە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی دووشەممە لیستی موچەی مانگی كانونی یەكەمی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرا.

رادەستكردنی لیستی موچەی مانگی ١٢ بە بەغداد لە كاتێكدایە تا ئێستا وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی ١٠ـی رانەگەیاندووە و دەڵێت، ئەو پارەیەی رەوانەكراوە كە بڕەكەی ٧٦١ ملیار دینارە بەشی موچە ناكات.

رۆژی یەكشەممە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە ئێستادا گرفتەكانی بەردەم تەمویلكردنی موچە چارەسەركراوە و تا كۆتای ئەمساڵ موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ دابەشدەكرێت.

ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، بەوهۆیەشەوە بەشێكی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە.