فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت، دۆخێكی نوێ لە سوریا هاتووەتە ئاراوە و داعش دەستیكردووەتەوە بە هێرشكردن.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" رایگەیاند، لە حەلەب بەرگری لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەكەن و پەیوەندییان لەگەڵ "تەحریر شام" هەیە و گفتوگۆ دەكەن، تائێستا بڕیاریان نەداوە دژی ئەو گروپە شەڕ بكەن.

راشیگەیاند، لە ئێستادا ژیانی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی كورد لە حەلەب لە مەترسیدایە، دەشیانەوێت كێشەكانیان لەگەڵ توركیا بە دیالۆگ چارەسەر بكەن.

سەبارەت بە ئاوارەكانی شەهبا مەزڵوم كۆبانێ وتی، بەهاوكاری ئەمریكا توانیوانە تەواوی ئاوارەكانی شەهبا رزگاربكەن، بەڵام داعش لە نزیك كەمپی هۆل هێرشیكردووە و مەترسی لەسەر دانیشتووانەكەی هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەماهەنگییان لەگەڵ روسیا و عیراقدا هەیە و داوای لە حكومەتی سووریاش كرد، چارەسەرێكی سیاسی بۆ دۆخی وڵات بدۆزێتەوە.