چاودێری دارایی عیراق: لە ٨٠٪ـی بەبانكیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەواوكراوە
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
عیراق دوا مۆڵەت بۆ بایۆمەتری فەرمانبەرانی هەرێم دیاریدەكات و چاودێری دارایی دەڵێت، بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكەكانی سەر بە بانكی ناوەندیی لە ٨٠٪ـی تێپەڕاندووە.
چاودێری دارایی عیراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێكردنی هەمواری یاسای بودجە، كە ماددەیەكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، سەرۆكی چاودێری دارایی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە ئەهلییەكانی سەر بە بانكی ناوەندی عیراق لە ٨٠٪ـی تێپەڕاندووە و پێویستە لە هەمواری بودجەدا میكانیزمی گونجاو بۆ پاكتاویی دارایی پێش كۆتایی ئەمساڵ دابنرێت.
وتیشی، هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستنەكردووە پێویستە ئەو ئەركانەی لەسەریەتی وەك خۆی جێبەجێیبكات.
هاوكات، عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاند، پێویستە هەمواری بودجە كۆتایی بە ناكۆكییەكانی بەغداد و هەرێم لەبارەی نەوت بهێنێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، كە كۆتایی ئەمساڵ وەك دوا وادە بۆ هەموو فەرمانبەرێك لە هەرێم دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی بایۆمەتری و چارەسەكردنی كێشەكانی پەیوەست بە موچە.