قائیمقماییەتی سلێمانی هۆشداری "توند" دەداتە کارگەکانی دروستکردنی شیرینی و رایگەیاندووە، هه‌ر كارگه‌یه‌كی شیرینی كاكڵه‌ گوێزی خراپبوو به‌كاربهێنێت، به‌جۆرێك سزا ده‌درێت جارێكی دیكه‌ سه‌رپچی نه‌كاته‌وه‌.


قائیمقماییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، لە گەڕانی لیژنەکاندا دەست بەسەر 817 کیلۆگرام کاکڵەگوێزی خراپبوودا گیراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا چوار کارتۆنی 10 کیلۆگرامی کاکڵەگوێزی خراپبوو؛ لە دوکانێکی شیرینیدا دەستی بەسەردا گیراوە، دواتر سەرچاوەکەی ئاشکرا کراوە.


قائیمقامییەتی سلێمانی روونیشیکردووەتەوە، دوای بەدواداچوونی لیژنەکان توانراوە لەناو بازاڕدا ئەو کۆگایە بدۆزرێتەوە کە کاکڵەگوێزەکانی هەبووە و دەست بەسەر 62 کارتۆن کاکڵەگوێزدا گیراوە، هەروەها کارگەی شیرینییەکە و خاوەنی کۆگاکەش رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.


ئەوەش هاتووە، خاوەنی کۆگاکە بەنیاز بووە کاکڵەگوێزەکان بەسەر دوکانی شیرینییەکاندا ساغ بکاتەوە.


لەوبارەیەشەوە، ئازاد نه‌بی نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی رایگه‌یاندووە، هه‌ر كارگه‌یه‌كی شیرینی كاكڵه گوێزی خراپبوو به‌كاربهێنێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ پسوڵه‌ی سه‌رپێچی بۆ ده‌كرێت و به‌جۆرێك سزا ده‌درێت جارێكی دیكه‌ له‌ شوێنه‌كه‌یدا سه‌رپچی نه‌كاته‌وه‌.
داواشی لە کارگەکانی شیرینی و هەویرەمەنی کرد، خۆیان له‌ به‌كارهێنانی گوێزی خراپبو بپارێزن.