سەرۆک بافڵ: ئەمڕۆ بە شانازییەکی زۆرەوە بەشداربووم لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە
محەمەد رزگار
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە شانازییەکی زۆرەوە بەشداربووم لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە شاری سلێمانی.
وتیشی، لە رێوڕەسمەکەدا لەبری برای خۆشەویست و شۆڕشگێڕم مەزڵوم عەبدی خەڵاتی زێڕینی بلەم وەرگرت کە ئەمساڵ یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی ئەم شانازییەی بێبەخشرا.
سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، ئەم رێوڕەسمە کە لە ساڵیادی ژیانئاوایی مامۆستای کوردایەتی و رۆشنفیکری گەلەکەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رێکدەخرێت، دەرفەتێکی گەورە و مێژووییە تاوەکو هەموو ئەو کەسایەتییانەی خزمەتی گەلی کوردیان لە بواری سیاسی، کولتووری و فەرهەنگی کردووە، ئاوەڕیان لێبدرێتەوە و بە شکۆوە خەڵاتی بلەیان پێشکەشبکرێت، ئەمە هێمای ئەوەیە کە ئێمە دۆستەکانمان و هەموو ئەوانە لەیادناکەین کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵمان مانەوە و بەرگرییان لە شوناس و مانەوەمان کردووە و بەشێکن لە سەروەرییەکانی کوردستانەکەمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستخۆشی و پێزانینی بێپایان بۆ رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن دەردەبڕم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمە شایستەیە بە خەبات و مێژووی ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کە سەرکەوتووانە ژمارەیەک کەسایەتییان دەستنیشانکرد تاوەکو خەڵاتی بلەیان پێببەخشرێت کە هەریەکەیان رەمزێکی دیار و نموونەیەکی پڕشانازین بۆ گەلەکەمان.
روونیشیکردەوە، ئەمڕۆ خەڵاتی زێڕینی بلە بەجیا بەخشرا بە شەڕڤان و هەڤاڵی شەهیدمان عەڤدۆ ئەحمەد عەبدی 'شەڕڤان کۆبانێ' کە لەپێناو سەربەرزی گەلەکەمان ژیانی خۆی بەخشی، هەروەها کەسایەتی ئایینی و مەرجەعی باڵای شیعەکان و دۆستی کورد سەید موحسین حەکیم کە بە فەتوایەک خوێنڕشتنی کوردی حەرامکرد، ناو و یادەوەریی هەردووکیان بە رێزەوە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵینەوە.






