ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دەیانەوێت نێو ماڵی کورد ێک بخەن و بەیەک کوتلەی کوردییەوە بچنە گفتو گۆوە لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکە لە کەرکوک.
وتیشی، نەک تەنھا لە کەرکوک بەڵکو لەتەواوی ناوچە دابڕێندراوەکان دەیانەوێت ئەو یەکڕیزیە دروستبکەن بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە.
ئاسۆ مامەند راشیگەیاند، لەسەر ئاستی کەرکوک کۆدەنگی تەواوی حزب و لایەنە کوردییەکان بەدەست دەھێنن و لەم ھەفتەیەشدا بانگھێشتی تەواوی لایەنە کوردیەکانی کەرکوک دەکەن بۆ کۆبوونەوە.
ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی کە پێشتر ئەنجومەنی یاسادانان بوو سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بنەماکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی حەوت بڕیاری دەکرد و لە سەرووی ھەمووشانەوەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کە لە ٢٠ ئەندام و لەماوەی ١٠ رۆژدا پێکدێت لەگەڵ لیژنەی دادگای پاراستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی کە لە ھەشت بۆ ١٠ کەس پێکدێت.
بەشێکی تر لە بڕیارەکانیش بریتین لە دەرکردنی یاسای شارەوانییەکان پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای دادگای پاراستنی پەیمانی کۆمەوڵایەتی، پێکھێنانی دامەزراوەی گشتی دارایی و ژمێریاری.
ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان جەختیشیکردووەتەوە، پێویستە سەرجەم بڕیارەکان لەماوەی ١٥ رۆژدا جێبەجێ بکرێن.
رێکخراوی ھەنگاو رایگەیاند، چوار گەنجی کورد کە خەڵکی شارەکانی مەھاباد و دێولان و بۆکان و کامێرانن لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی ئیسرائیل سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکەن.
دەشڵێت، بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە لە کاتی دەستبەسەرکردنیان ھیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی راگرتنیان نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار گەنجە لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەشکراون و ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە زیندایکراون و ناوەندە ئەمنییەکان دەیانەوێت پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکەیان.
فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم سەردانی گەرەکی نەورۆزی پارێزگای کەرکوکی کرد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەرچیان پێبکرێت بۆ دانیشتوانی گەرەکی نەورۆز ئەنجامی دەدەن و لە بەغداد سکاڵای یاسایی لەسەر پێشێلکارییەکانی ئەو گەرەکەتۆمار دەکەن.
دوپاتیشیکردەوە کە دەبێت پرسی دەستوەردانی سوپا لە کەرکوک بنبربکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان گوندی "كرسور" لە ریفی رۆژئاوای قامیشلۆ بۆردوومان كرد، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەو بۆردوومانە خاڵێكی سەربازی بە ئامانج گیراوە و تەنها زیانی ماددی هەبووە.
بۆردومانەكە هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنە سەربازییەكانی ناوچەكە، كە توركیا بەردەوام بە درۆن و مووشەك هێرش ئەنجام دەدات.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە کۆبونەوەی وەفدی ھەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەستپێدەکات و بەغداد تا ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە پارە بەشێوەی قەرز بۆ ھەرێم دەنێرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرێمی کوردستان داوای ٩١٣ ملیار دیناری کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییە ناڕەسمییەکان بەغداد دەیەوێت بە نزیکەیی ٧٧٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێم رەوانەی ھەرێم بکات.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، بۆ چارەسەری گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوای پشووەکانی سەری ساڵ دەستبە ھەمواری یاسای بودجە دەکەن و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەن بۆ ئەوەی لیژنەی دارایی تاوتوێی بکات و دەنگی لەسەر بدرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، وەفدی ھەرێم گەیشتە بەغداد، وەزارەتی داراییش دەڵێت، ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەکردنی گرفتی مووچە چڕ دەکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا چیای زێوکە و جاسوسانیان لە گوندی شێنێی قەزای پشدەر بۆردوومانکرد.
ھاوکات، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا زۆر بە نزمی بەسەر ناوچەکانی باڵەکایەتی بناری قەندیل سوڕاونەتەوە و بە ووردی چاودێری ناوچەکەیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردمانی سنوری قەزای ماوەت و چەند ناوچەیەکی شارباژێڕیان کرد.
پەیامنێری کوردسات رایگەیاند، سوپای تورکیا تۆپبارانی چڕی گەلی مغارێ و ناوچەکانی سنین لە سنوری برادۆست کردووە.
تائێستاش زیانی بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە ھەرێم ئاشکرانەکراون.
وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، وەفدی ھەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی ھەرێم گەیشتنە بەغداد و بڕیارە چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجامبدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەوەری کۆبوونەوەکان چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمە لەگەڵ بەغداد و گفتوگۆکردن لەسەر یاسای نەوت و غاز.
دەشڵێت، ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر ئاستی باڵا ھەوڵەکانیان چڕ کردوەتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەش لە رێگای ھەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤.
ھاوکات سەرچاوەیەک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، جگە لە پرسی مووچە وەفدی ھەرێم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە بارەی یاسای نەوت و غازەوە گفتوگۆ دەکەن.
پێشتریش پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغداد دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای نەوت و غاز و ھەمواری یاسایی بودجە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی یەکجارەکی بۆ بابەتی مووچە و چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە چڕکراونەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە بایکۆت تێیاندا بەردەوامە.
وتیشی، چەند رۆژی رابردوو کۆبوونەوە لەوبارەیەوە کراوە، بڕیارە ھەفتەی داھاتووش ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆببێتەوە و یاداشت و داواکاری مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، داواکاری پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەو داواکارییانەن کە بە نوسراوی رەسمی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن.
ھاوکات محەمەد کەریم بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی راپەرین لە بەرنامەی رەھەندی کوردسات نیوزدا ئاماژەی بەوەکرد، کار لەسەر ئەوە دەکرێت یاداشتی مامۆستایان وەڵام بدرێتەوە و ئاماژەی ئەرێنی باش ھەیە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری مامۆستایان لەلایەن حکومەتەوە.
لای خۆیەوە، عادل حەسەن یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی رایگەیاند، داواکارییەکانی مامۆستایان قورس نین کە بریتین لە دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەراندنی مامۆستایان وانەبێژ و دابەشکردنی مووچە لەوادەی خۆی و دیاریکردنی چارەنوسی ئەو مووچانەی بە ناوی پاشەکەوت و لێبڕین دابەش نەکراون.
مەریوان بەگۆک عەزیز بەڕێوەبەری گشتیی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە ئێستادا ١٤٤ ھەزار و ٩٣٠ کرێکار ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە و بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە ٣٩ی ١٩٧١ و یاسای کاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ھەر خاوەن پرۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاوەکو خۆیان دەستەبەر بکەن.
وتیشی، لەو دەستەبەرەدا، ٥٪ی مووچەی کرێکار و ١٢٪ی داھاتی خاوەن پرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی و دوای ئەوەی کرێکارەکە خانەنشین بوو، خانەنشینییەکەی پێ دەدرێت.
دەشڵێت، بەپێی یاسا تەمەنی خانەنشینی پیاوان پێویستە کەسەکە تەمەنی گەیشتبێتە ٦٠ ساڵ بێت و ھەروەھا دەبێت ٢٠ ساڵ خزمەتی ھەبێت، بۆ ژنانیش دەبێت تەمەنی ٥٥ ساڵ بێت و ٢٠ ساڵیش خزمەتی ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت مووچەی کرێکار لە ٣٥٠ ھەزار دینار کەمتر بێت.
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی پێنج شەممە لەگەڵ نوێنەرانی ٣٧ گوندی ناحییەکانی خەلەکان و خدران کۆبوونەوە و لەکۆبوونەوەکەدا راستەوخۆ بڕیاری چارەسەری بەشێک لە کێشەکانیان دەرچووە.
وتیشی، بەڵێنیان پێداون لە داھاتوویەکی نزیکدا سەرجەم کێشەکانی دیکەشیان بۆ چارەسەر بکەن، لە بەرامبەریشدا دانیشتوانی ئەو گوندانە بڕیاریاندا کۆتایی بە خۆپیشاندان و داخستنی رێگای دوکان-رانیە بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان بھێنن و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
قائیمقامی قەزای دوکان ئەوەشی خستەڕوو، بە ھەوڵی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم چارەسەری کێشەی دانیشتوانی ناحییەی خەلەکان و خدران کراوە و کار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەشیان دەکەن.
عەلی رەحمون، ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند، مەسەدە لە ھەموو کۆبوونەوەکانی پێشوتریدا داوای کۆنگرەیەکی نیشتیمانی بەبەشداری ھەموو لایەنەکانی سوریای کردووە، بەپێی ئامادەکارییەکانیش بەھاری داھاتوو رۆژئاوای کوردستان پێشوازی لەو کۆنگرەیە دەکات.
وتیشی، لەو کۆنگرەیەدا ھەوڵ دەدەن سورییەکان لەسەر پڕۆژەیەک بگەنە رێککەوتن و بە کرداری ھەنگاوی پێکەوەیی بۆ چارەسەری قەیرانەکانی سوریا بنرێت.
بڕیاربوو ئەو کۆنگرەیە حوزەیرانی رابردو ئەنجامبدرێت، بەڵام بەھۆی ھەڵوێستەکانی تورکیا و نەیاری حکومەتی سوریا و رووداوەکانی دێرەزور، مەسەدە سازدانی ئەو کۆنگرەیەی بۆ کاتێکی دیکە دواخست.
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە وەزارەتی پەروەردەوە پێیان راگەیەندراوە، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو نووسراوێکی وەزارەت دەردەچێت تایبەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی ھەمیشەیی.
ئەوەشی خستەڕوو، نووسراوەکە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستپێکردنەوەی خوێندن لەوناوچانەی بەھۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە خوێندن تیایاندا راگیراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەھۆی دواکەوتنی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە بایکۆتی خوێندنیان کردووە و بەوھۆیەشەوە پرۆسەی خوێندن لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی ئەو ناوچانە ڕاگیراوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی شاری کرمان دەکات و پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆیان ئاڕاستەی گەلی ئێران و کەسوکاری قوربانییەکان دەکات.
ھەروەھا جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەرکی ھەموولایەکە بە یەکگرتووییەوە ھەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان یەکبخەن و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوسۆزە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ناتوانن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە دیاریکراوە کە ٢٥ی شوباتی ئەمساڵە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، ھەفتەی داھاتووش بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لێپرسرسراوانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
وتیشی، بە نوسراوێکی رەسمی داوایان لە سەرۆکایەتی ھەرێم کردووە وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.