ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم لەسەر دوو گرێبەستەكەی  نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ئەمریكییەكان قوڵتربووەوە و حكومەتی عیراق لە دادگای بازرگانی لە كەرخ سكاڵای دژی حكومەتی هەرێم تۆماركرد.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، حكومەتی عیراق لە دادگای بازرگانی كەرخ لە بەغداد، سكاڵای دژی حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەسەر ئەو دوو گرێبەستەی نەوت و غاز كە لەنێوان حكومەتی هەرێم و دوو كۆمپانیای ئەمریكی ئەنجامدراوە، لە سكاڵاكەشدا داوایكردووە حكومەتی هەرێم ئەو دوو گرێبەستە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، حكومەتی عیراق دژی ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمە و پێیوایە قۆرغكردنی نەوت و غازە.

رۆژی 19ـی ئەم مانگە، لە واشنتۆن دوو گرێبەست لەنێوان حكومەتی هەرێم و دوو كۆمپانیای ئەمریكیدا بە بەهای زیاتر لە  100 ملیار دۆلار ئیمزا كرا، بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی میرانی سنووری چەمچەماڵ و پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی تۆپخانە و كوردە میر لە گەرمیان، هەر زووش وەزارەتی نەوتی عیراق گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی رەتكردەوە و بە نایاسایی و نادەستووری لەقەڵەمی دان.