قوباد تاڵەبانی: سلێمانی گەشەیەكی ئابووریی بەرچاوی لە بازاڕی كار و كلتووردا بەخۆیەوە بینیوە
لازیا عەلی
١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە لوتكەی سلێمانی بۆ خانوبەرە و پیشەسازی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سلێمانی رووی لە گەشەیەكی بەرفراوانی ئابووری كردووە و رۆڵی گەنجانیشی لە بواری زیرەكیی دەستكرددا بە بەردی بناغەی بەپایتەختكردنی داهێنان لە شاری سلێمانی وەستف كرد.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە لوتكەی سلێمانی كە بە دروشمی "ئاراستەكردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانوبەرە و پیشەسازی" بەڕێوە چوو، جەختی لەسەر گەشەسەندنی هەمەلایەنەی ناوچەكە كردەوە.
ئاماژەی بەوە كرد: سلێمانی گەشەیەكی ئابووریی بەرفراوانی لە سێكتەرەكانی بازاڕی كار، رەخساندنی هەلی كار، و بوارەكانی هونەر و كلتووردا بەخۆیەوە بینیوە، و باسی لە رۆڵی گەنجان كرد و رایگەیاند: گەنجانی ئەمڕۆ بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد، توانیویانە سلێمانی بكەنە پایتەختی داهێنان.


