بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم هۆشداریدەدات لە هاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە، کە دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانی هەوای روسیا کە بارستە هەوایەکی وشک و ساردی لەگەڵدایە، پێشبینی دەکرێت نزمترین پلەی گەرما لە ئەمشەوەوە تاوەکو شەوی یەکشەممەی داهاتوو 21/12/2025 روو لە دابەزین بکات.

کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سیلیزی دادەبەزن. بەپێی خشتەی پێشبینییەکان، لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان پلەی گەرما دەگاتە 5 پلە خوار سفر و لە سەنتەری شاری سلێمانیش لە رۆژی یەکشەممەدا بۆ 3 پلە خوار سفر دادەبەزێت.

هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پلەی گەرما بۆ 1 پلە خوار سفر دادەبەزێت، لەکاتێکدا لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک پلەکانی گەرما لە سەرووی سفرەوە دەمێننەوە، بەڵام هەست بە سەرما دەکرێت.