مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستە دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەیان کراوەیە، هاوکات بەغداد بە قووڵایی ستراتیژیی هەرێم دەزانێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانونی یەکەمی 2025، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە و پرسەکانی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، یەکێتی سووربوونی خۆی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانی نیشانداوە و لەسەر ئەو بنەمایەش دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
سەبارەت بە بەغدادیش، مەکتەبی سیاسی جەختیکردەوە، یەکێتی مەبەستییەتی لە بەغدادیش حکومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت، کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراو بێت و گوزارشت لە خواستی هەموو پێکهاتەکان بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەمەش لە سۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە، بۆیە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەردەوام دەبێت".
وەک هاوخەمییەک بۆ قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەری ساڵی دەرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریداوە سەرجەم ئاهەنگ و بۆنەکانی سەری ساڵی نوێ لە سنووری پارێزگاکەدا هەڵبوەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە وەک رێزێکە بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی لافاوەکەی ئەم دواییەی قەزای چەمچەماڵ و دەربڕینی هاوخەمییە لەگەڵ خانەوادە و کەسوکارەکانیان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پارێزگای هەڵەبجە بەم هەنگاوە هاوبەشیی خۆی لە خەمی خەڵکی چەمچەماڵ دووپات دەکاتەوە و جەخت لەسەر رۆحی یەکگرتوویی و هاوپشتیی گەلی کوردستان دەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەوە تا سەرەتای ساڵی نوێ لە دامودەزگاکان پشووی رەسمی دەبێت، بەڵام دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە رۆژی پێنجشەممە 25ی کانونی یەکەمی 2025، تا رۆژی شەممە 3ی کانونی دووەمی 2026، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی رەسمی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممە 4ی کانونی دووەمی 2026، دەوامی رەسمی لە دامودەزگاکان دەستپێدەکاتەوە.
سەبارەت بە موچە، فەرمانگەکە روونیکردووەتەوە، لە کاتی هاتنی پارەی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەران، پرۆسەی دابەشکردنی موچە لە رۆژانی پشوودا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، هاوکات دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری دەبێت
لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی تەرمی هاووڵاتییەک لەناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کە هەڵگری رەگەزنامەی سوریایە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دانیشتووانی گەڕەکیێک لە سەرچنار لە شاری سلێمانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆشەوە، هێزە ئەمنییەکانیان لە بوونی تەرمێک لە ماڵێکدا ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری رێکخستنی پەیوەندییەکان (JCC)، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی سوریایە و لە سلێمانی نیشتەجێ بووە، بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند رۆژێکە گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی تێکچووە و بۆنی لێهاتووە.
ئێستا تەرمەکە رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی داد لە سلێمانی کراوە بۆ توێکاری و دەرکەوتنی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی سودانی كۆدەبێتەوە و بڕیارە لە بڕگەیەكدا گفتوگۆ لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و بەغداد بكرێت.
بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، لەسەر داوای دیوانی چاودێری دارایی عیراق، بڕگەی سێی كارنامەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر شاییستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق.
پەیامنێری كوردسات نیوزیش رایگەیاند، لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی عیراق و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی زانیارییەكانیان لەبارەی شایستە داراییەكان دەخەنەڕوو، وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری خەرجكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابوری لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێم و شایستە داراییەكان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم پشووی رەسمییە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، رۆژی پێنجشەممە 25ی کانونی یەکەمی 2025، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت پشووی رەسمی دەبێت.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، وەک رێزێک بۆ قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، ئیدارەی کەرکوک بڕیاریداوە ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێک بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە ساز نەکات.
پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، نەگێڕانی ئاهەنگ لەو بۆنەیەدا پەیوەندی بەو کارەسات و ناڕەحەتییەوە هەیە کە بەهۆی لافاوەوە رووبەڕووی "ئازیزانمان" لە قەزای چەمچەماڵ بووەوە.
سەبارەت بەو هاووڵاتی و پێکهاتانەی کە دەیانەوێت ئاهەنگ بگێڕن، رێبوار تەها وتی: "راستە ئێمە وەک ئیدارە ئاهەنگ ناگێڕین، بەڵام ئەگەر پێکهاتەکان بیانەوێت ئاهەنگ و خۆشی خۆیان دەرببڕن، ئەرکی ئێمە و هێزە ئەمنییەکانە لە کەرکوک بیانپارێزین و ئاسایشیان دابین بکەین".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ، کاتی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی وەرگرتنی قەرەبووکانی دیاریکرد و وتیشی، "ئەمشەو تا سەعات 12 بانک کراوەیە بۆ وەرگرتنی پارەکان"
عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی قەرەبووکردنەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە 639 چەکی هاوکاری وەربگرن و تا سەعات 12ـی شەو بانک کراوەیە دەتوانن پارەکان وەربگرن، ئەو خێزانانەشی فریاناکەون رۆژێکی دیکەیان بۆ دیاریدەکەین.
عەتا محەمەد ئاماژەی بەوەشدا: هەوڵی تەواو دەدەین هەفتەی داهاتوو رۆژێک دیاریبکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی دوکانەکان و ئۆتۆمبێلەکان.
"سبەینێ تەکیە و ئاغجەلەر و شۆرش هاوکارییەکان وەردەگرن"، عەتا محەمەد وادەڵێت.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کەسێک بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە، کە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا بووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر هەڵساوە بە تەقەکردن و دروست کردنی کاری ئاژاوەگێڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستیان بەسەر چەکێکی بێ مۆڵەت جۆری (کلاشنکۆف) گرتووە، دەشڵێت؛ دوای دەستگیرکردنی دەرکەوتووە ئەو تۆمەتبارە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و چەند گرامێک مادەی هۆشبەری لە جۆری کریستال لابووە ، لەگەڵ بڕێک دراوی ساختەی عیراقی لە جۆری دەهەزار دیناری.
بەهۆی تەقینەوەی مین لە چیای بەنەباریک لە گوندی گرتگی سەر بەناحیەی سەنگەسەر لەقەزای پشدەر نزیکەی 20 سەر بزنی هاووڵاتیەک مرداربوونەوە .
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چیای بەنە باریک لەکاتی لەوەڕاندنی بزنەکانی مینێکی سەردەمی رژێمی بەعس بە مێگەلە بزنەکانی هاووڵاتییەک تەقیوەتەوە.
وتیشی، بەهۆیەوە نزیکەی 20سەر بزنی بریندار و مرداربوونەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، جەخت لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی و هادی عامری هاوڕابوون کە دەبێت حکومەتی نوێی عیراق وەڵامدەرەوەی ویست و داواکارییەکانی هاووڵاتییان و پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکان بێت.
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەتی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم و بەغداد تاوتوێ دەکرێت.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕگەی سێی کارنامەکە دیاریکراوە بۆ قسەکردن لەسەر شاییستە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا بێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی 10ـی هەرێم بۆ عیراق دەنێرین
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغداد كۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، دوایین هەوڵە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق تاوتوێکرا.
هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێرا بکرێت و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بخرێتە سەرووی هەموو ململانێیەکانەوە، بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی خەڵک پارێزراوبن.
لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ بە وەکالەت رایگەیاند، پۆست و لێپرسراوێتی بەرپرسیارێتییە و ئەوا نەهاتون وەک دەسەڵاتدارێک لە چەمچەماڵ دابنیشن، بەڵکو ئەرکیان خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵە و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کرد هاوکاریان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاڵوگۆڕی پۆستی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ لە نێوان رمک رەمەزان و ئاسۆ بەکردا ئەنجامدرا، لە لێدوانێکی رۆژناموانیشدا قائیمقامی نوێ چەمچەماڵ رایگەیاند، لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران فەرمانی دەستبەکاربونی بۆ دەرچووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لێپرسراوێتی وەک بەرپرسیارێتی و خزمەتکردن دەبینن، نەهاتون وەک بەرپرس دابنیشن، وتیشی جێی شانزیییە بۆی، کە لە چەمچەماڵ خزمەتی خەڵکی چەمچەماڵ و کەسوکاری ئەنفالکراون بکات.
داواشی لەخەڵک و لایەنە سیاسیەکان و میدیاکانیش کرد پشتیوانیان بن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن باشتر خزمەتی خەڵی قەزاکە بکەن و ئەو کیشە وگرفاانەی ەئوان درکی پێناکان پێیان بڵێین.
لە کۆتایدا، ئاسۆ بەکر وتیشی، کەس سەردانی نەکات بۆ پیرۆزبایی، ئەو هاتووە بۆ خزمەت کردن و خۆی سەردانی هەمووان دەکات.