کونسوڵخانەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە هاندەرانی زاخۆ دەکات
راهۆز
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی "باشترین هاندەر"ـی رێکخراوی فیفا بۆ ساڵی 2025.
کونسوڵخانەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، جامی جیهانیی ساڵی 2026 گەورەترین پاڵەوانێتی دەبێت لە مێژووی فیفادا، کە تێیدا 48 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن.
باس لەوەش کراوە، لە جامەکەدا 11 شاری ئەمریکا میوانداریی 78 یاری دەکەن و یاری کۆتایی لە یاریگای "مێت لایف" لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو رووداوە مێژووییە هاوکات دەبێت لەگەڵ 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکا و دەرفەتێک دەبێت بۆ نیشاندانی توانای میوانداریی ئەو وڵاتە.



