لە یاری بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید هانی خەڵكی جیهان دەدرێت سەردانی كوردستان بكەن
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
یاریی دوو گەورەكەی ئیسپانیا لە جامی شا روداوێكی تەواو جیاواز و ناوازەی بەخۆوە بینی بۆ كوردستان كە بۆ یەكەم جار بینەران لە كاتی سەیكردنی یاری بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید بینیان كە داوا لە خەڵك دەكرێت سەردانی كوردستان بكەن.
بە هەوڵی دارەوان حاجی حامیدی پەیامنێری پێشووی كوردسات نیوز لە ئەوروپا كە ئێستا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئیسپانیا لەكاتی یاری بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا هانی خەڵكی جیهان درا كە سەردانی كوردستان بكەن.
دارەوان ساڵانێكی زۆر پەیامنێری كوردسات نیوز بووە لە ئەوروپا سەردانی یاریگا جیوازەكانی ئەوروپا كردوە لە نێویاندا یاریگاكانی ئیسپانیا و بەهۆیەوە پەیوەندیەكی زۆر باشی لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی ئەو وڵاتە دروستكردوە.
ئێستاش كە دارەوان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە سودی لەو پەیوەندیە وەرگرتوە بۆ ئەوەی هانی گەشتیاران بدات سەردانی كوردستان بكەن.
لە كاتی یاری ئەو دوو گەورەیەی ئیسپانیا لە شریتی ریكلامی چواردەوەری یاریگاكە چەند جارێك بە ئینگلیزی دەنووسرا سەردانی كوردستان بكەن لە تەنیشت نووسینەكەش ئاڵای رەنگینی كوردستان دانرابوو.



