بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرس و جگەری فێرکاری، تیمێکی پزیشکی توانیویانە بە سەرکەوتوویی پولێکی دۆمینە لە گەدەی مێرمنداڵێک دەربهێنن.

تەندروستیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2025 روویداوە و تەنە نامۆکە "پولێکی دۆمینە" بووە کە لەلایەن مێرمنداڵەکەوە قوتدرابوو. پرۆسەکە لەلایەن تیمێکی پێشکەوتووی هەناوبینی و بێهۆشکارییەوە ئەنجامدراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەندە بەگشتی دەرهێنانەوەی تەنی نامۆ لە گەدە کارێکی زۆر دژوار نییە، بەڵام بەهۆی قەبارە و شێوە و پێکهاتەی پولە دۆمینەکە، کارەکە ئاسان نەبووە و تیمەکە ناچاربوون چەندین ئامێری تایبەت بەکاربهێنن تا سەرکەوتوو بوون لە دەرهێنانەوەی.