میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بڵاویانكردەوە، دادگای باڵای تاوانەكانی شاری ئاگری لە توركیا سزای بەسەر 10 سیاسەتمەداری كورددا سەپاندووە، كە بە كۆی گشتیی سزاكانیان دەگاتە 177 ساڵ و حەوت مانگ زیندانیكردن.
رۆژنامەی زەمانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بڵاویكردەوە، دادگای باڵای تاوانەكانی ئاگری توركیا بە تۆمەتی پەیوەندی بە لایەنە نەیارەكانی حكومەتی توركیا، سزای بەسەر 10 سیاسەتمەداری كورددا سەپاندووە.
ئەوەشی خستووەتە روو، لێكۆڵینەوەكانی ئەو دۆسیەیە لە ساڵی 2015 وە لەسەر 16 كەس دەستپێكردووە و لە ئێستادا سزای بەسەر 10 كەسیاندا سەپێنراوە، كۆی گشتی سزای ئەو 10 سیاسەتمەدارە دەگاتە 177 ساڵ و حەوت مانگ زیندانیكردن.
راشیگەیاندووە، لە دیارترین سزادراوەكان شاكر كیلیتچی ئەندامی شارەوانی ئاگرییە، كە سزاكەی دەگاتە 44 ساڵ.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە هەڵەبجە بەرێوەدەچێت.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی '٢٢٢'ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵەبجە بەڕێوەبچێت، کە تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێک پێشکەش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەرنەڤاڵەکە ئەمڕۆ سەعات 2:00ی پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی نێودەوڵەتی کۆلێژی وەرزش لەهەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی خانمی یەکەمی عیراق، لەم هەفتەیەدا دەست دەکرێت بە وەرگرتنی نمونەی سامپڵی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە شاری چەمچەماڵ بە مەبەستی ناسینەوەی روفاتی ئەنفالکراوانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق روونکردنەوەیەکی بڵاویکردەوە و رایگەیاندووە، لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە ئەنفال کراوان و کەس و کاریان و پاش پێشکەش کردنی سکاڵاکانی تایبەت بە تۆمەتبار عەجاج احمد حەردان بە دادگا، بریارە لەم هەفتەیەدا دەست بکرێت بە وەرگرتنی نمونەی سامپڵی خوێن لە کەس و کاری ئەنفال کراوان لەشاری چەمچەماڵی خۆشەویست بە مەبەستی ناردنی بۆ تاقیگەکان و ناسینەوەی رووفاتی ئەنفال کراوانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەو مەبەستە داواکارین لە کەسوکاری ئازیزی ئەنفالکراوان لەکات و شوێنی دیاریکراوی دواتردا ئامادەبن و هاوکاری تیمەکان بکەن.
بەیانی ئەمڕۆ روداوێکی سەختی هاتوچۆ لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رویدا، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی روداوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
عامر نەریمان وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بە دیاریکراوی سەعات 7:30 لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک روداوێکی هاتوچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکی جۆری بارهەڵگری تانکەری ئاو رویدا.
وتیشی، تانکەری ئاوەکە سەرقاڵی ئاودانی نەمامەکانی شۆستەی شەقامەکە بووە و بەپێی زانیارە سەرەتاییەکان ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بە خێراییە زۆر لە شەقامەکە هاتووە و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێڵە بارهەڵگەرەکەدا، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان ژنن.
بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لەهەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، سبەینێ بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێک پێشکەش دەکات.
وتیشی، کەرنەڤاڵەکە لە هۆڵی نێودەوڵەتیی کۆلێژی وەرزش لە هەڵەبجە، سەعات 2ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت: نابێت دانیشتووانە رەسەنەکەی هەولێر، پەراوێز بخرێن و لە خێروبێری شارەکە بێبەش بکرێن.
قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبوک ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتە و نووسیویەتی: راستە شەکرەشار پایتەختی هەموومانە و شانازی بە مێژووەکەی و خاکەکەی و خەڵکە میهرەبانەکەیەوە دەکەین، بەڵام هاوکات نابێت دانیشتووانە رەسەنەکەی خۆی، هەولێرییە رەسەنەکانی سەیداوە و تەیراوە و تەعجیل و سێتاقان و منارە و باداوە و.. پەراوێز بخرێن و لە خێروبێری شارەکە بێبەش بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی ٩ـی سەیداوە و ١١ـی تەیراوەی هەولێر ئاماژەم بەو جیاوازییە چینایەتییە گەورەیە کرد کە تا دێت لە هەولێر تۆختر دەبێتەوە، هەروەها ئەوەی جێی داخە بەشێکی گەورەی هەولێرییە رەسەنەکان لە چینە پەراوێزخراو و کەم داهاتەکەن. دەشڵێت، یەکێتی هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات لەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و موچەوە لە کورتماوەدا بازاڕی هەولێر و شارەکانی کوردستان سەقامگیربێت و لە درێژماوەشدا لەڕێی گەشەپێدانی هاوسەنگ و بەردەوامەوە جیاوازیی چینایەتی لە هەولێر و کوردستان کەم بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، بڵاویکردوەتەوە توانیویانە دەستبگرن بەسەر چوار کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر و 750 حەب، کە بە دوو بازرگان بوون و ئەوانیش دەستیگرکراون و بە بڕیاری دادوەر روبەروی یاسا کراونەتەوە .
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بە هەماهەنگی ئاسایشێ راپەڕین دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە سنوری راپەڕین راگەیاند.
وەک ئەوەی هاتووە؛ ئاسایشی راپەرین بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، شەوی 2025/10/13 لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان لەسنوری ئیدارەی راپەڕین، دووبازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبەسەر بڕی چوار کیلۆ ماددەی هۆشبەر لەجۆری(کریستاڵ) و بڕی(750)دەنک حەبی ترامادۆڵ بگرن.
ئەوەشیانخستوەتەڕوو؛ لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیار دادوەر و بە ماددەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای قوم رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ حوکمی لەسێدارەدانی سیخوڕێکی موساد لە شاری قوم جێبەجێ کرا.
بەپێی وتەی کازم موسەوی، دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە و رەتکردنەوەی داوای لێبوردن، لە زیندانی قوم، حوکمەکەی ئەنجامدراوە.
کازم موسەوی رایگەیاند، ئەم سیخوڕە لە ساڵی 2023ەوە دەستی بە چالاکی و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی دوژمن کردووە و لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا دەستگیرکراوە.
دوای کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تەواو و داننان بەوەدا، کە زانیاری بۆ دوژمن ناردووە، بەپێی یاسا، ئەم سیخوڕە بە تۆمەتی "هاوکاری هەواڵگری و سیخوڕیکردن بۆ ئەفسەرێکی هەواڵگریی موساد" سزا دراوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە؛ بە زووی دەستگیرکراوە و دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاری ئیسرائیلی کردووە.
رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی بە پشت بەستن بە شارەزایانی هەواڵگریی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ئێران لە هەوڵی خۆبەهێزکردنەوەدایە و رەنگە ئەمە ئامادەکارییەک بێت بۆ خوێی نوێی شەڕ وپێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل.
رۆژنامەکە لە زاری ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیلەوە رایەگیاندوە، تاران دوای لاوازبوونی هێزەکانی بە وەکالەت لە لوبنان، سوریا و غەززە، هەوڵدەدات دەرفەتی ئێستای بۆ بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت.
جەختیکردوەتەوە لەوەی کە ئێران هەرگیز دەستبەرداری ئامانجی کۆتایی خۆی نابێت کە لە ناوبردنی ئیسرائیل و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییە.
جیا لە بەهێزکردنەوەی خۆی، رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردوە، تاران لەهەوڵدایە حەماس پڕچەکبکاتەوە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ترەمپ و ناتانیاهۆ رایانگەیاند، ئەگەر حەماس چەک دانەنێت بەزۆر چەکی پێدادەنێن و کۆتایی هاتنی شەڕی غەززەش پەیوەستە بە پرسی چەکدانانی حەماسەوە.
لۆران نۆنیز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە لە هێرشیکی چەکداریدا بۆ سەر مۆزەخانەی لۆڤەر ژمارەیەک خشڵ و گەوهەری بەناوبانگ، کە"بەهایان نەخەمڵێنراوە" دزران.
لۆران نۆنیز، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فەرەنسا ئەنتەر"، روداوەکەی لۆڤەری وەک "دزییەکی گەورە" وەسف کرد. وتیشی کە دزەکان لە دەرەوەی مۆزەخانەکەوە چوونەتە "هۆڵی ئەپۆلۆ" و دزییەکەیان ئەنجامداوە.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختی لەوەشکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە مۆزەخانەی لوڤەر روینەداوە و وتیشی: دوور نییە تاوانباران بیانی بن.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پڕۆسەی دزییەکە لە نێوان کاتژمێر 9:30 بۆ 9:40خولەکی بەیانی رویداوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریسیش رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی لە "دزیی رێکخراو و پیلانگێڕیی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان" دەستپێکردووە.
ماڵپەڕی "بی ئێف ئێم تی ڤی"ی فەرەنسی رایگەیاند: "دزەکان گەوهەر و خشڵیان برد، بە تایبەت، پێش ئەوەی هەڵبێن شوێنی نمایشی گەوهەرەکانی ناپلیۆن و هەندێک لە پاشا فەرەنسییەکانیان کردبووە ئامانج."
خوێندکارانی یاسا لە دیمەشق چونە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای گەڕانەوەی سیستەمی تاقیکردنەوەی ئۆتۆماتیکی کرد، ئەم خۆپیشاندانەش دوای ئەوە هات، وەزارەتەکە بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە و پەسەندکردنی تاقیکردنەوە تەقلیدیەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زانکۆی دیمەشق، ژمارەیک خوێندکار، گردبونەوە ونارەزایەتییان بەرانبەر بە بڕیاریکی وەزارەتی خوێندنی باڵای وڵاتەکەیان دەربڕی.
خوێندکاران بە دروشمی پیویستمان بە سیستمی ئۆتۆماتیکیە و رەتکردنەوەی دەستی نمرەکان بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی ئەنجامەکان، گردبونەوەیەکی گەورەیان ئەنجامدا.
خوێندکارە نارازییەکان، جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت چارەنووسی ئەکادیمییان بە تەواوی بۆ ئیرادەی پرۆفیسۆرەکان جێبهێڵرێت و داوایانکرد بەرپرسان پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن، تا مافە ئەکادیمییەکانی خوێندکاران نەفەوتێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لەسەردەمی حکومەتی نوێێ سوریادا و لە 13ی تشرینی یەکەم، مامۆستایان و خوێندکارانی فاکەڵتی ئاداب لە زانکۆی دیمەشق گردبوونەوە و نارەزایەتیان دەربڕی دوای ئەوەی هێرشێکی چەکداری بۆ سەرۆکی ڕاگری فاکەڵتییەکە ئەنجامدرا و هێرشەکە لە نووسینگەی راگرایەتی کۆلێژەکە روویداوە و بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کارمەندان و خوێندکارانی ناو کۆلێژەکەدا دروستکرد.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان بڵاویکردوەتەوە، وێستگەیەکی نوێی کارەبایان خستوەتە خزمەتی هاووڵاتییان، کە توانای دابەشکردنی 189 مێگاوات کارەبای هەیە، ئەوەشیان خستوەتەڕوو، ئێستا خواست بۆ کارەبا لە سنورەکە 250 مێگاواتە و ئەوان توانیویانە بەرهەمی کارەبا بگەیەننە 480 مێگاوات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان تەواوبونی وێستگەیەکی دووی کەلاری راگەیاند، بە تێچوی 21 ملیار دینار، کە توانای بەرهەمهێنانی 189 مێگاوات کارەبای هەیە و لە ئێستادا کەوتوەتە کار و لە خزمەت هاووڵاتییانی سنورەکەدایە.
حازم کەریم ئاماژەی بەوەشکردوە؛ یەکێک لە تایبەتمەندییەکنی ئەو وێستەگەیە ئەوەیە چارەسەری بارگرانی کارەبا دەکات لە ناو کەلار و تێچوی پڕۆژەکەش لەسەر داهاتی وەزارەتی کارەبا تەواو کراوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەم ئامادەکارییە بۆ گەرمیانی داهاتووە، بە جۆرێک لە توانایاندا هەیە بڕی پێویست کارەبا بۆ تەواوی یەکەکانی نیشەجێبون و ئەو زەویانەشی تا ئێستا نەکراون بە خانوو دابین بکات، کە 24 هەزار یەکەی نیشتەجێبونن.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، تیمێکی تایبەت لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەت وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاسپێردراون بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە (١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) بڵاویکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ خانەوادەی ئەو هاونیشتیمانیانە دڵنیا دەکاتەوە کە "لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان."
وەزارەتەکە داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد "نەبنە هۆکاری بریندارکردنی هەستی خانەوادەی ئەو هاونیشتیمانیانە و هەواڵی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاونەکەنەوە."
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان، رونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاشکرای کرد کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تۆمەتبارانە کراوەتەوە کە لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە راوکردنی باڵندەیەک کراوە.
لە رونکردنەوەکەدا هاتووە: "دوای بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەتیدا باسی راوكردنی باڵندەیەك كراوە، ئاگاداری هەموو لایەك دەكەینەوە كە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارانی ئەو روداوە كراوەتەوە و رێكاری یاسایی پێویست لەدژیان دەگیرێتە بەر."
ئەمە لە پاش ئەوە دێت، هاووڵاتیەک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبووەو تێیدا بانگەشەی راوکردنی باڵندەیەکی دەکرد لەو سنورە.
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو ئەمریکییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، بەهۆی ناڕەزایەتییان لە ئاراستەی سیاسیی ئەمریکا، دەستیان لە رەگەزنامەی وڵاتەکەیان هەڵگرتووە.
رۆژنامەکە باس لە چیرۆکی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دانیشتووی بەریتانیا دەکات، کە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی رابردوو و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، نامەیەکی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: "دەمەوێت جیاببمەوە." ئەم پیاوە بەهۆی ترسی لە "تۆڵەسەندنەوەی ئیدارەی ترەمپ"، نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت.
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە، کە لە تەمەنی 25ساڵیدا ئەمریکای بەجێهێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەشی هەیە، ئێستا لە قۆناغەکانی کۆتایی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەی ئەمریکیدایە. ئەو دەبێت سوێند بخوات کە بە ئاگاییەوە ئەم بڕیارە دەدات و بڕی 2350 دۆلار وەک رسومات بدات.
بەپێی زانیارییەکانی "واشنتۆن پۆست"، ساڵانە لە نێوان5000 بۆ 6000ئەمریکی دانیشتووی دەرەوە دەستبەرداری رەگەزنامەی خۆیان دەبن. هەرچەندە زۆرجار هۆکارەکان باج یان کارگێڕین، بەڵام ئێستا، بەپێی وتەی پارێزەرانی کۆچ سیاسەت بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم بڕیارە.
داتاکانی کۆمپانیای "Greenback" بۆ راوێژکاریی باج نیشانی دەدەن کە رێژەی ئەو ئەمریکییانەی دانیشتووی دەرەوە کە بیریان لە دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەکەیان کردووەتەوە، لە %30 لە ساڵی 2024 بۆ %49 لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە. %51یان هۆکارەکەی بۆ "ناڕەزایەتی لە حکومەت یان ئاراستەی سیاسیی وڵات" دەگەڕێننەوە.
زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە ژیانیان لە دەرەوەی وڵات بەهۆی باجی دوولایەنە، قەدەغەکردنی بانکی، تێچووی زیادە، و هەستکردن بە نامۆبوون لە وڵاتەکەیانەوە، سەخت بووە.
لەناو ئەوانەدا کە ئەم بڕیارەیان داوە، "کۆلین مەکاتشین"ی تەمەن 33 ساڵ هەیە، کە لە ئۆهایۆ لەدایکبووە و دایکی ئەمریکی و باوکی کەنەدییە. ئەو دەڵێت تێکچوونی گوتاری سیاسی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان وای لێکردووە هەستی بۆ ئەمریکا نەبێت. لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی 2024، دوای دڵنیابوونەوە لە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە بەریتانیا، نامەی بۆ باڵیۆزخانە نارد بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامە.
پڕۆسەی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامە ئاڵۆزە و پێویستی بە هەبوونی رەگەزنامەیەکی جێگرەوە و رێکخستنی پابەندبوونە باجییەکانی 5 ساڵی رابردوو هەیە، و هەندێک کەس کە سامانێکی زۆریان هەیە، لەوانەیە بکەونە ژێر باری "باجی دەرچوون".
بزوتنەوەی حەماس ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای رەتکردەوە کە تیایدا تۆمەتباری دەکات بە "هێرش ئەنجامدان و پێشێلکردنی ئاگربەست"و جەختی کردەوە کە ئەم بانگەشانە "نادروست و راستن" و ئەمریکاش دەڵێت: وڵاتانی نێوەندگیرمان ئاگادارکردووەتەوە لە کردەوەکانی حەماس.
لە راگەیەندراوەکەی حەماسدا هاتووە: "ئەم بانگەشانە بە تەواوی لەگەڵ پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەی ئیسرائیل یەکانگیرن."
حەماس ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە تۆمەت هەڵبەستن و دەڵێت، "راستییەکانی سەر زەوی پێچەوانەی راگەیەندراوەکەی ئەمریکان، دەسەڵاتدارانی داگیرکەر خۆیان ئەو گروپە تاوانکارانەیان چەکدار کردووە و پارەیان پێداون کە کاری کوشتن و رفاندن و دزینی بارهەڵگرەکانی هاوکاری و تاڵانکردنی هاووڵاتیانی فەلەستینییان ئەنجامداوە، و بە ئاشکرا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە لە رێگەی میدیا و گرتە ڤیدیۆییەکانەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە داگیرکەر لە بڵاوکردنەوەی فەوزا و تێکدانی ئاسایشدا تێوەگلاوە."
پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدابوو لە "پێشێلکارییەکی نوێ" بۆ مەرجەکانی رێککەوتنی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بە وڵاتانی نێوەندگیری راگەیاندووە کە "راپۆرتی متمانەپێکراو" (بەبێ ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی) هەن کە ئاماژە بە پێشێلکارییەکی نوێی حەماس دەکەن بۆ رێککەوتنی ئاشتیی غەززە.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: "هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە دژی هاووڵاتیانی غەززە، پێشێلکارییەکی راستەوخۆ و مەترسیدارە و رێککەوتنەکە دەخاتە مەترسییەوە".