بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایەسەر سێ ناوچەی جیاواز لە بەغداد و بابل و ئەنبار
هەساو ئەمیر
٣١ی ئازاری ٢٠٢٦
بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایەسەر سێ ناوچەی جیاواز و بارەگانی حەشدی شەعبی لە بەغداد و بابل و ئەنبار.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، شەوی رابردوو دوو جار هێرشكراوەتە سەر بنكەیەكی سەربازیی لە ناوچەی جورف سەخر سەر بە پارێزگای بابل و لە قەزای موسیەب سەر بە هەمان پارێزگاش دەستبەسەر چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەواندا گیراوە، كە ئامادەكرابوون بۆئەوەی بارەگای پشتیوانی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی بەغداد بكەنە ئامانج.
لەلایەكی ترەوە، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لیوای 27ی سەر بە حەشدی شەعبی لە قەزای فەلوجە سەر بە ئەنبار بۆردومانكرا و تائێستا هیچ وردەكارییەك لەبارەی هێرشەكە بڵاونەكراوەتەوە.
جارێكیتریش هێرش كرایە سەر بنكەی پاڵپشتی لۆجستی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە بنكەی ئاسمانیی ڤیكتۆریا لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و میدیاكانی عیراقیش باس لەوە دەكەن، فڕۆكەكە ئامانجەكەی پێكاوە، بەڵام هیچ وردەكارییەكی تر لەسەر هێرشەكە بڵاونەكراوەتەوە.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرانی پۆلیس و هەواڵگریی و فەرماندەی فەوجی دووی لیوای 4ی پۆلیسی فیدراڵی بەغداد لە پۆستەكانیان لادراون و فەرمانی دەستبەسەركردنیشیان بۆ دەرچووە، بڕیاریشدراوە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی كەلێنە ئەمنییەكان و كەمتەرخەمی ئەو لێپرسراوانە پێكبهێنرێت.


