رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ،لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە،  دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا  بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە، ئامادەیە کۆتایی بە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە  ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر گەروی هورمز بە داخراویش بمێنێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە پرۆسەی کردنەوەی گەروەکە کاتێکی زۆر دەخایەنێت و لە خشتەی کاتیی دیاریکراوی ئەو چوار بۆ شەش هەفتە لادەدات، بۆیە بڕیاریداوە تەرکیز بخاتە سەر پەکخستنی هێزی دەریایی و جبەخانە موشەکییەکانی ئێران و دواتر لە رێگەی دیپلۆماسی و گوشاری هاوپەیمانە ئەوروپی و کەنداوەکانەوە کار بۆ کردنەوەی گەروەکە بکات.

ئەم زانیاریانەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە کاتێكدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بۆردومانکردنی ژێرخانی وزەی ئێرانی کردبوو، بەڵام  وادیارە ئێستا گرنگی گەروەکە بۆ ئەمریکا بە کەم دەزانێت.

بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، گەروەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و داخراویی بەردەوامی گەروەکە کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر ئابوری جیهان و بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمنی و کەمیی ئەو ماددانەی لە پیشەسازی تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵدا بەکاردێن.