دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، هۆشدارییان لە کەمبوونی توندی ئاو لە چەند پارێزگایەکی وڵاتەکە بەهۆی دابەزینی رێژەی بارانبارینەوە دا، و داوایان لە هاووڵاتیان کرد کە دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن.

ئەحەد فازڵی، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کەشوهەوا و قەیرانەکان لە رێکخراوی کەشناسی ئێران، جەختی لەسەر پێویستی دەستپێوەگرتنی بەکارهێنانی ئاو کردەوە بەهۆی بوونی شۆکی ئاوی لە شارە گەورەکانی وەک تاران، کەرەج، مەشهەد و ئەسفەهان، ئەمەش بەپێی ئەوەی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی گواستوویەتییەوە.

فازڵی رایگەیاند: رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ 225ملیمە لەبەرانبەر تێکڕای درێژخایەنی 217 ملیم، واتە بە رێژەی 4٪ بەرزترە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم زیادبوونە زیاتر لە مانگەکانی کانوونی دووەم و نیساندا چڕبووەتەوە (٢٥٪+)، لە کاتێکدا لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا کەمی کردووە.

پارێزگاکانی وەک تاران، قوم، قەزوین، سەمنان، مەرکەزی و گێڵان ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی ئاو بوونەتەوە.

بەتایبەتی لە تاران، ڕێژەی بارانبارین لە ١٥٥ ملیم تێپەڕی نەکردووە لەبەرامبەر تێکڕای ٢٥٠ ملیم، واتە بە ڕێژەی ٣٨٪ دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستی مێژووییە کە تۆمار کرابێت.

هەواڵی پەیوەندیدار:

پزیشکیان چەندین جار باسی لە قەیرانی ئاو لە ئێران کردووە.

ڕەگەزە شاراوەکان.. قەیرانی ئاو لە ئێران تەنها بەهۆی سروشتەوە نییە.

فازڵی ڕوونکردنەوەی دا کە دابەشبوونی بارانبارین لە نێوان پارێزگاکاندا وەک یەک نییە؛ تاران و ئەلبورز خاوەنی یەک حەوزی ئاون و هەردووکیشیان بەدەست قەیرانێکی توندەوە دەناڵێنن.

سەبارەت بە مەشهەد، ئەو شارە بەدەست "وشکەساڵی مرۆیی"یەوە دەناڵێنێت بەهۆی چڕی دانیشتووان و ڕێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕژانی ئاو بۆ ناو بەنداوەکان، سەرەڕای بارانبارینی ئاسایی لە خۆراسانی ڕەزەوی. شارەکانی ئەراک و ساوەش ڕووبەڕووی قەیرانێکی هاوشێوە بوونەتەوە.

لە کۆتاییدا ناوبراو داوای لە دانیشتووانی مەشهەد، تاران، ساوە، ئەراک و کەرەج کرد کە دەست بە ئاوەوە بگرن بۆ خۆدوورخستنەوە لە کەمی ئاوی خواردنەوە، و هۆشداریشی دا کە ڕەنگە قەیرانەکە بگاتە کەرتی ناوخۆ (ماڵان) و تەنها لەسەر کەرتی کشتوکاڵ نەوەستێت.