وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا ئاشکرای کرد کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦)، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم دەکرێت، و پرۆسەکەش لە رۆژانی جەژندا بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆتایی هەفتەی رابردوو لیستی موچەی مانگی ئایار و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانی ئاڕاستەی بەغداد کردووە، هەروەها سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەممە، بڕی (50 ملیار دینار)ی وەک نیوەی داهاتی نانەوتی مانگی ئایار خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.

وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە داواکردنی داهاتی مانگێک پێش شەش رۆژ لە کۆتاییهاتنی، لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاریی جیهاندا نییە، بەڵام هەرێم بۆ بڕینی هەر جۆرە بەهانەیەک ئەو بڕەی ناردووە.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەم رێکارانە، وەزارەتی دارایی عیراق لە کۆی بڕی شایستەی موچەی هەرێم کە (914.970،741.514دینار) بووە، تەنها بڕی (890.502.000.000 دینار)ی ناردووە، ئەمەش بەو بەهایەیە کە حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە (80 ملیار دینار) کورتهێنانی لە تەمویلی موچەی مانگی ئایاردا دروست کردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە و بێبەشنەکردنی موچەخۆران بەر لە جەژن، بڕیاریان داوە ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکەن.

سەبارەت بە شێوازی وادەی سەردانیکردنی بانکەکان، وەزارەتەکە ێنمایی موچەخۆرانی کردووە کە موچەخۆران بە شێوازی کاش دەتوانن لە کاتژمێر (5:00)ی ئێوارەی ئەمڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.

موچەخۆرانی پرۆژەی (هەژماری من) دەتوانن لە کاتژمێر (3:00)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) موچەکانیان وەربگرن.

دابەشکردنی موچە لە رۆژانی جەژندا لە دوای کاتژمێر (10:00)ی بەیانییەوە بە هەردوو شێوازی کاش و "هەژماری من" بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوەتە فەرمانبەران کە هەر کەسێک نەتوانێت لەم سێ رۆژەدا موچەکەی وەربگرێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی رەسمی دەتوانێت شایستە داراییەکانی وەربگرێت.