عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە. لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، دۆخی ناوچەکە و هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی تاوتوێ کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، ئاماژەی بەوەش کرد: هەردوولا پیرۆزباییان بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز گۆڕییەوە، بەو هیوایەی خودای گەورە ئەم جەژنە بە خێر و سەقامگیریی زیاترەوە بۆ هەردوو گەلی عیراق و ئێران و تەواوی ئوممەتی ئیسلامی بگێڕێتەوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتوە کە لەو پەیوەندییەدا باسی پەیوەندییە دووڵایەنەکان و گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کرا بە شێوازێک کە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی دراوسێ دەستەبەر بکات.

هاوکات هەردوولا تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد و جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردەوە لە پێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پێشخستنی زمانی دیالۆگ و هێورکردنەوەی دۆخەکە، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.