وەزارەتی كۆچی عیراق: تائێستا 21 هەزار عیراقی لە كەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە
لاڤە
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دوایین وردەكاری لەبارەی داخستنی كەمپی هۆل دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، كەمتر لە هەزار و 500 كەس لە كەمپەكە ماونەتەوە.
كەریم نوری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، لێپرسراوانی عیراق لە رێی 33 هەڵمەتی گواستنەوە، زیاتر لە 21 هەزار ژن و منداڵ و كەسوكاری داعشیان لە كەمپی هۆل گواستووەتەوە بۆ عیراق، لە ئێستاشدا كەمتر لە هەزار و 500 كەس لەو كەمپە ماونەتەوە.
وتیشی، لەو ژمارەیە 15 هەزاریان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و لەگەڵ كۆمەڵگە تێكەڵ كراونەتەوە، ئەوانەی تریش رەوانەی ناوەندی شییانەوە كراون لە پارێزگای نەینەوا و بەمنزیكانە تێكەڵی كۆمەڵگە دەكرێنەوە.
كەریم نوری ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق سەركەوتوو بوو لە هەڵوەشانەوەی كەمپی هۆل و لە ئێستاشدا ئەو كەمپە بە داخراو دادەنرێت و كۆتایی هاتووە.



