د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی 5ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق کرد.
لە دیدارێکدا تاوتوێی رەوشی کەرتی بانکی عیراق و رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی کرا و پاکێجی چاکسازیی بانکی ناوەندی بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابورییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر جوڵەی بازاڕی ناوخۆ باس و خواسی لەسەرکرا و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی هەوڵدان و داڕشتنی ستراتیژێکی پتەو بۆ سیاسەتی دارایی کردەوە بەشێوەیەک کە گەشەی ئابووری خوازراو بەهێز بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا پلانەکانی هاندانی کەرتی وەبەرهێنان لە رێگەی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت تاوتوێ کرا، بەتایبەتی کە وڵات سەقامگیرییەکی بەرچاوی لە ئاستی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەخۆوە بینیوە.
لە بەرانبەردا عەلی عەلاق سوپاسی سەرۆک کۆمار و رێنماییە بەنرخەکانی کرد و هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و پلانەکانی داهاتووی بۆ رونکردەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی سیاسەتی دارایی و سەقامگیری ئابووری لە وڵاتدا.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ د.نەعیم عوبدی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبووەوە و تاوتوێ رەوشی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان و پێشکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە وڵاتدا کرا.
لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی فێرکردن و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی پێگەی زانکۆکانی عیراقدا کردەوە.
هەروەها سەرۆک کۆمار دوپاتی لەپێویستی گرنگیدان بە خوێندکارانی دەرچوو و بەشدارپێکردنیان لەخولەکانی گەشەپێدان پێش دامەزراندنیان بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموون و لێهاتوویی و توانا تەکنیکییەکانیان، ئەمەش وایان لێدەکات بتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگەی کارکردندا بگونجێنن و پێشکەوتن و گەشەپێدانیش لەوڵاتدا دەستەبەربکرێت، هاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بە پێویستی فراوانکردنی سیستمی سکۆلەرشیپ کرد بۆ هاندانی خوێندکاران بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان لە بواری فێرکردن و زانستدا.
لەلای خۆیەوە وەزیری خوێندنی باڵا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی وڕونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کارەکانی وەزارەت و پلانەکانی داهاتوو بۆ پەرەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵای لەوڵاتدا خستەڕوو.
سەرۆک کۆمار، د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە، یاسین جابر وەزیری دارایی و جۆزێف سەدی وەزیری ووزە و ئاوی لوبنان.
لەسەرەتای دیدارەکەدا وەفدەکە، سڵاوی جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنانی گەیاندە سەرۆک کۆمار و لە بەرامبەردا د. لەتیف رەشید سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک کۆماری لوبنان وهیوای بەردەوامی، پێشکەوتن و سەقامگیری بۆ گەلی لوبنان خواست.
سەرۆک کۆمار دووپاتی لە قووڵی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، هەروەها پەرۆشی عیراقی بۆ فراوانکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لەکەرتەکانی بازرگانی، ئابووری، پیشەسازی و وزەدا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا نیشاندا.
هەروەها ئاماژەی بەئاڵنگاریەکان کرد کە روبەروی ناوچەکە دەبنەوە و پێویستی درێژەدان بەکاری هاوبەش و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان و هەڵوێستی پشتیوانی عیراقیشی بۆ گەلی لوبنانی برا دووپاتکردەوە.
سەرۆک کۆمار رونی کردەوە کە میوانداریکردنی عیراق بۆ لوتکەی عەرەبی دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی عەرەبی بەدیدێکی یەکگرتوو بۆ بەرنگاربونەوەی بارودۆخی ناوچەکە و هاوکات خواستی عیراقی بۆ بەشداری کاریگەرانەی لوبنان دەربڕی لە سەرکەوتنی لوتکەکە و چەسپاندنی هاوکاری کاریگەرانەی عەرەبی.
لەلای خۆشیانەوە هەردوو وەزیری لوبنان پابەندبوونی وڵاتەکەیان دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لەبەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد و بەشداریکردن لەسەرکەوتنی بەلەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە یەکخستنی ڕیزەکان و پێشخستنی گفتوگۆکان و ئاماژەیان بەوەشکرد، وڵاتەکەیان گرنگییەکی زۆر بە فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عیراق و لوبنان لە هەموو بوارەکاندا دەدات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە وەفدێکی لیژنەی هەماهەنگیی پێکهاتەی نیشتمانیی و هێزەکانی شنگال بە سەرۆکایەتی داود جوندی شێخ کالۆ کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 5-5-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار هەڵوێستی قارەمانانە و قوربانیدانی دانیشتوانی شارەکەی لە کاتی بەرەنگاربونەوەکان بەرانبەر بە تیرۆریزمی داعش و دواتر ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و سەرپێخستنەوەی ژێرخانی شارەکە بەبایەخەوە باسکرد.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی هەوڵی هاوبەشی نیشتمانی بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە شارەکە.
هەر لەدیدارەکەد باس لە گرنگترین کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم شەنگال کران.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە لیژنەی سەرۆکایەتی کۆمار چاودێری دۆخی ئاوارەکان دەکات و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە مرۆییە گرنگە دەکات.
جەختیشیکردەوە لە سەر پێویستی کاری جددی بۆ باشترکردنی رەوشی شارەکە و پەرەپێدانی ئاستی ژیانی هاووڵاتیانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆیان، هەروەها قەرەبووکردنی ئەوانەی زیانیان لێکەوتووە، و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بچەسپێنێت.
لای خۆشیانەوە ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی لە پای گرنگیدانی بە شەنگال و دابینکردنی مافی هاووڵاتیان، یەکخستنی پێکهاتەکان و رەتکردنەوەی هەموو جۆر دابەشبوونێک و پێداگرییان لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە تسوی وی باڵیۆزی کۆماری چین لە عیراق کرد و هەڵوێستی چینی بەرز نرخاند لە پشتیوانی عیراقدا.
لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و کۆماری گەلی چین لە بوارە گرنگەکان کردەوە و پێویستی هەماهەنگی و هاریکاری لەسەر مەسەلەکانی بەرژەوەندی هاوبەش دوپاتکردەوە بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، هەڵوێستی چینی بەرز نرخاند لە پشتیوانی عیراقدا.
لای خۆیەوە باڵیۆز سوئی وی پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ عیراق و قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا روونکردەوە و سوپاسگوزاری وڵاتەکەی بۆ رۆڵی عیراق لە ناوچەکەدا دەربڕی.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەندیکای وردبین و ژمێریارانی عێراقی بەسەرۆکایەتی جەواد غانم ئەلشهێلی سەرۆکی سەندیکا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە د.ئەلشهێلی کرد بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی سەندیکا بۆ خولێکی نوێ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.
هەروەها باس لە کار و ئامرازەکانی سەندیکا بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدانی پیشەی وردبین و ژمێریاران کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەڕۆڵی گرنگی سەندیکا کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و پەرەپێدانی ڕۆڵی چاودێری لەهەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئاماژەی بە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای وردبین و ژمێریاران و پاراستنی مافەکانیان کرد.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر گرنگی کاری وردبین و ژمێریاران لە پاراستن و پێشخستنی ئابوری نیشتمانیدا، هاوکات جەختیشی لەپێویستی گرتنەبەری شێوازی ژمێریاری ورد و زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕۆتین کردەوە.
لەلای خۆیەوە ئەلشهێلی و وەفدی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بەئامانجی بەرزکردنەوەی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئاماژەشیان بەوەدا کە سەندیکا هەنگاوی بەرچاوی ناوە لەبواری ژمێریاری و وردبینی بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی .
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ د.حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر کۆبووەوە و جەختی لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ عیراق کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنی سەقامگیری و پشتیوانیکردن لە دیالۆگی نێوان هێزە سیاسییەکان تاوتوێکرا، تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ عیراق.
لای خۆیەوە د.عەبادی ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە پاڵپشتیکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و پشتیوانی خۆی پیشاندا بۆ هەر هەوڵێک کە لە بەرژەوەندی وڵاتدا بێت و یەکڕیزی و سەروەری بەهێز بکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە شێخ سامی مەسعودی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای حەج و عومرە کرد و جەختی لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کردەوە بۆ دڵنیابوون لە ناردنی حاجیانی عیراق بۆ مەککە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانیان.
لەدیدارەکەدا، باس لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن کرا بۆ وەرزی حەج و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە حاجیانی عیراق دەکرێت، لەو بارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کردەوە بۆ دڵنیابوون لە ناردنی حاجیانی عیراق بۆ مەککە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانیان تا تەواوبوونی رێوڕەسمی حەج و گەڕانەوەیان بە تەندروستی و سەلامەتی.
لای خۆیەوە، شێخ سامی مەسعودی بەدواداچوونی سەرۆک کۆماری بۆ دۆخی حاجیانی عیراقی بەرزنرخاند و روونکردنەوەی پێویستی پێشکەش بە د.لەتیف رەشید کرد سەبارەت بەو ئاسانکاریانەی کۆمسیۆنەکەیان لەم وەرزەدا پێشکەش بە حاجیانی دەکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە وەفدێکی دامەزراوەی ئاشتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەکە لە برۆکسل مایکل کیتینگ کرد و پاڵپشتی عیراقی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ناوچەکەیە.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 30-4-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، وەفدەکە دەرئەنجامی ئەو دەستپێشخەرییەیان پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد کە لە لایەن دامەزراوەکەوە خراوەتەڕوو لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە عیراق و ئێران لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و لێکنزیکبوونەوە و هاریکاریی ئیقلیمی.
وەفدەکە باسی لە دەرئەنجامی گفتوگۆی فراوان کرد سەبارەت بە رێوشوێنەکانی ئێستا و داهاتوو، دیارترینیان سازکردنی کۆنفرانسێک بوو کە هەشت وڵات لە دەستپێشخەرییەکە بەشداربوو، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی رون بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆمار پاڵپشتی عیراقی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ناوچەکەیە، هەروەها جەختی کردەوە لە پێویستی دروستکردنی هەماهەنگی لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە میوانداریی داهاتووی بەغداد بۆ لوتکەی عەرەبی ئاماژەیە لەسەر رۆڵی کارای عیراق لە زۆنی عەرەبی و ئیقلیمیدا، هەروەها پابەندبوونیەتی بە پاڵپشتیکردن لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری و یەکڕیزی لە نێوان گەلان و وڵاتانی ناوچەکە.
لای خۆیەوە مایکل کیتینگ پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار نیشاندا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە زۆنی عەرەبی و ناوچەیی، جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکە و فراوانکردنی مەودای کارکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە شاندێکی خانەوادەی بێسەروشوێنەکانی کوردانی فەیلی کرد و ستایشی قوربانیدانی کوردە فەیلییەکانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری و بەرەنگاربوونەوەی کۆیلەکردن و نادادپەروەری.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغداد د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی کرد لە خانەوادەی بێسەروشوێنبووانی کوردانی فەیلی لە سەردەمی رژێمی پێشوو .
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار هاوخەمی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ کەسوکاری قوربانیان دووپاتکردەوە و جەختیشی کردەوە لە گرنگی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی رژێمی پێشوو و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و مسۆگەرکردنی دادپەروەری کە بگونجێت لەگەڵ نەهامەتیەکانیاندا.
سەرۆک کۆمار ستایشی قوربانیدانی کوردە فەیلییەکانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری و بەرەنگاربوونەوەی کۆیلەکردن و نادادپەروەری.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی عێراق کە شایستەی هەوڵی هاوبەشن بۆ پشتیوانیکردنیان لەپێناو بەهێزکردن و پتەوکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی ئاشتیانە، دوپاتیشی لە گرنگی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی روفاتی قوربانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خانەوادەکانیان وەک مافێکی مرۆیی و مۆراڵی.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە وەفدێکی سەندیکای پزیشکانی عیراق بە سەرۆکایەتی د.حەسەنێن سەفا شەبر سەرۆکی سەندیکای پزیشکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 28-4-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، باس لە رەوشی کەرتی تەندروستی وڵات و چۆنیەتی پشتیوانی و پەرەپێدانی کرا بۆ ئەوەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکات کە پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارمەندانی پزیشکی و ئەو هەوڵانە کرا کە بۆ پەرەپێدانی کارایی و باشترکردنی ژینگەی کارکردن دەنرێت بۆیان.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەو ڕۆڵە گرنگەی کە پزیشکان لە خزمەتکردنی کۆمەڵدا دەیگێڕن، دوپاتیشی کردەوە لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی پشتیوانی تەواو تا بتوانن ئەرکە مرۆیی و پیشەییەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی دکتۆر حەسەنێن سەفا شەبر کرد وەک یاریدەدەری سکرتێری گشتی یەکێتی پزیشکانی عەرەبی و سەرۆکی لیژنەی یاسایی، هەروەها هەڵبژاردنی دکتۆر ئەکرەم خەزرەجی وەک ئەندامی لیژنەکانی فریاگوزاری و کۆمەڵە پزیشکە عەرەبییەکان، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە توانای لێهاتوویی عیراق پشتڕاست دەکاتەوە بۆ نیشاندانی کاریگەری خۆیان لە مەکۆی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا.
لای خۆیەوە دکتۆر حەسەنێن سەفا شەبر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ بەردەوامی پاڵپشتیکردنی بۆ کەرتی پزیشکی، جەختی لەسەر پابەندبوونی سەندیکا کردەوە بۆ هاریکاریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە عیراق.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە عون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوەکانی ئاو کرد.
لەدیدارەکەدا باس لە رەوشی ئاو و کاریگەریەکانی کەمی ئاو لەوڵاتدا کرا و سەرۆک کۆمار گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو بۆ زیادکردنی رێژەی بەردانەوەی ئاو و بەردوامبوونی هەوڵەکان کرد لەسەر ئاستی ناوچەکە بۆ دەستەبەرکردنی پشکی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عیراق.
سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگیدان بەواقیعی ئاو و پەرەپێدانی کرد لەڕێگەی بەردەوام بەدواداچوون بۆ دروستکردنی بەنداوەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی ودوپاتیش لەباشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی کرد چ بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و چ بۆ بەکارهێنانی راستەوخۆ و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە بۆ بەکارهێنانی ئاو .
لەلای خۆیەوە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، رونکردنەوەیەکی لەبارەی بەرەوپێشچوونی کارەکانی وەزارەت و پلانەکانی بەڕێوەبردنی دۆسێی ئاو لەوڵات و ئەو هەوڵانەی دەدرێن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێشکەش کرد، بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی یەکسانی پشکی ئاو ،کە ژیان و ژینگە مسۆگەر بکات و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەمووان بپارێزێت.
سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عیراق دەکات
لە هەمان رۆژدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە وەفدێکی سەندیکای پزیشکانی عیراق بە سەرۆکایەتی د.حەسەنێن سەفا شەبر سەرۆکی سەندیکای پزیشکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، باس لە رەوشی کەرتی تەندروستی وڵات و چۆنیەتی پشتیوانی و پەرەپێدانی کرا بۆ ئەوەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکات کە پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارمەندانی پزیشکی و ئەو هەوڵانە کرا کە بۆ پەرەپێدانی کارایی و باشترکردنی ژینگەی کارکردن دەنرێت بۆیان.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەو ڕۆڵە گرنگەی کە پزیشکان لە خزمەتکردنی کۆمەڵدا دەیگێڕن، دوپاتیشی کردەوە لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی پشتیوانی تەواو تا بتوانن ئەرکە مرۆیی و پیشەییەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی دکتۆر حەسەنێن سەفا شەبر کرد وەک یاریدەدەری سکرتێری گشتی یەکێتی پزیشکانی عەرەبی و سەرۆکی لیژنەی یاسایی، هەروەها هەڵبژاردنی دکتۆر ئەکرەم خەزرەجی وەک ئەندامی لیژنەکانی فریاگوزاری و کۆمەڵە پزیشکە عەرەبییەکان، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە توانای لێهاتوویی عیراق پشتڕاست دەکاتەوە بۆ نیشاندانی کاریگەری خۆیان لە مەکۆی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا.
لای خۆیەوە دکتۆر حەسەنێن سەفا شەبر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ بەردەوامی پاڵپشتیکردنی بۆ کەرتی پزیشکی، جەختی لەسەر پابەندبوونی سەندیکا کردەوە بۆ هاریکاریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە عیراق.
بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم، دەزگای نوسەر و روناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژی شەممە، 26-4-2025 رێوڕەسمی خەڵاتی زێڕینی "بلە"ی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.
لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و رەیان کیلدانی سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن و عەبد سادە فورەیجی ئەمینداری گشتی نەهجی نیشتیمانی و ئیبراهیم بەحر علوم سەرۆکی دامەزراوەی عەلامەین و سەرکردە و سەرۆکی حزب و هێزە سیاسییە کوردییەکان و عێراقییەکان ئامادەی بوون.
لە رێوڕەسمەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژ لە دوای رۆژ گیانی ئەو لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئێمە نزیکتر دەبێت ، راشیگەیاند؛ کاتێک تەماشای لاپەڕەکانی مێژوو دەکەین، دەبینین لە ماوەی سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە نامیلکەی (کورد و عەرەب)دا، نوسەر و روناکبیر و خەباتگێڕ ئیبراهیم ئەحمەد پێشنیاری شەراکەتی راستەقینەی بۆ کورد و عەرەب کردووە بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی و ئارامی لەسەر ئەم خاکە بژین. ئەم پێشنیازە لەو کاتەدا زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ دەسەڵاتداران و هەر بەوهۆیەشەوە ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر ئەوە دادگایی کرا . دوای سەدەیەک ئەم هاوبەشییە راستەقینەیە هێشتا بەدی نەهاتوە و رەنگدانەوەی نەهاتنەدی بۆتە هۆی دروستبونی کێشەی نێوان هەولێر و بەغداد .
هاوکات خانمی یەکەم داوای دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی کرد بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، بەتایبەت مەسەلەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. هەروەها جەختیکردەوە لە گرنگی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالکراوان بۆ کەسوکار و ئازیزانیان و قەرەبووکردنەوە و هێنانەدی دادپەروەریش بۆ کەسوکاری قوربانیانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی.
لە وتارەکەیدا خانمی یەکەم جەختیکردەوە کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێویستی بە بیرکردنەوەی باش هەیە، وەک ئەوەی روناکبیر و نوسەر ئیبراهیم ئەحمەد لە سەرەتای شەستەکاندا تێگەیشتووە، بەتایبەتی مەترسیی ماددەی سێی دەستووری کاتی ئەوسای عیراق، کە لە دوو ژمارەی رۆژنامەی (خەبات)دا لەسەری نووسیویەتی، کە خۆی سەرنوسەری رۆژنامەکە بوە بەهۆی ئەوەوە لەسەر ئەو بابەتە دادگایی کراوە کە نووسیویەتی، ئەوەی تا ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە ئەو مادە و بڕگانەی لە دەستووری عیراقدا هەن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە نەک هەر فەرامۆش کراون بەڵکو هیچ کاریان پێ ناکرێت کە دەتوانن رێگەیەک بن بۆ گەیشتن بە پێکەوەژیانی راستەقینە، بەتایبەتی مەلەفی کەرکوک و ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە چوارچیوەی مادەی (140)ی دەستوورەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا خەڵات بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی دیاری بوارە جیاوازەکاندا دابەشکرا.
بۆ پێزانینی هەڵوێستە نەمر و مرۆڤدۆستانەکانی و هەڵوێستی بەرانبەر نادادپەروەری و زوڵم و داکۆکیکردن لە گەلی کورد، خەڵاتێک پێشکەش بە خوالێخۆشبوو ئایەتوڵڵا سەید موحسین حەکیم (سڵاو و سەلامی خودای لەسەر بێت) کرا کە خەڵاتەکە لە لایەن سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید پێشکەش بە سەید عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرا.
خەڵاتێکی دیکە پێشکەش بە نووسەر ساڵح حسێن محەمەد کرا کە زیاتر لە 90 کتێبی جیاوازی بە زمانی کوردی نووسیوە و زیاتر لە حەوت هەزار وێنەی گرتووە کە لە شاری ئامودا لە رۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە.
خەڵاتێکی دیکە بەخشرایە خاتوو زارا محەممەدی، خەڵکی پارێزگای سنەی ئێران، بۆ نووسین و هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی.
مەراسیمەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بە هونەرمەند عوسمان کەمەنی بۆهۆرەو گۆرنیەکانی ناوچەی هەورامان.
هەروەها رێز لە تیپی وەرزشی ئامەد گیرا کە لە ساڵی 1972 لە باکووری کوردستان دامەزراوە. خەڵاتەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانی پێشکەش بە سەرۆکی تیپی وەرزشیەکە کرا.
فەهیمە واحید تێکۆشەر و رزگاربووی هەڵمەتەکانی ئەنفال و جینۆساید و هێرشی کیمیایی، کە شەش منداڵی خۆی و یەکێک لە نەوەکانی بۆتە قوربانی، خەڵاتی زێڕینی بلەی پێ بەخشرا.
خەڵاتێکی دیکە بەخشرایە تێکۆشەری شەهید ئەفدۆ عەبدی، چالاکوانی دیاری خەڵکی کۆبانی کە بەشداری شۆڕشی گەلی سوریای کردبوو.
هەروەها خەڵاتێک لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە پێشکەش بە ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرا و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە وەرگیرا.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بانگهێشتنامەیەکی رەسمی لە لایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی نیس بۆ ئۆقیانوسەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆک کۆماری عییراق، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە ئەمەش لە پاتریک دۆڕێل باڵیۆزی فەرەنسا له عیراق کرد و سڵاو و رێزی سەرۆکی فەرەنسای گەیەندرایە سەرۆک کۆماری عیراق.
د.لەتیف رەشید، جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و پێویستی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عیراق و فەرەنسا بکات .
سەرۆک کۆمار سڵاو و سوپاسی بۆ هاوتا فەڕەنسییەکەی بە باڵیۆز دۆرێلدا نارد و سوپاسی دەربڕی بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە و هیوای خواست لوتکەکە ئەنجامە خوازراوەکانی بەدەست بهێنێت و لەبەرژەوەندی ژینگەیی و ئابووری گەلانی جیهان بێت.
لای خۆیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق لەپاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا و ستایشی ڕۆڵی ئیجابی عێراقیشی کرد لەپتەوکردنی ئاشتی لەناوچەکەدا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمرۆ پێنجشەممە 24ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە ئەحمەد سەفەدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن و وەفدی هاوڕێی کرد.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان پەرلەمانتارانی عیراق و ئوردن و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزایی کردەوە لەنیوانیان هەروەها پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان له بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییه برایانەکان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە رەوشی ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە ململانێ و گرژییەکان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کردەوە و کارکردن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەپێویست زانی و تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی عیراق لە پشتیوانیکردن لە گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی کرد.
سەرۆک کۆمار ستایشی بەستنی دانیشتنی گشتی پەرلەمانی عەرەبی کرد لە بەغداد و تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئەم کارە بەرجەستەکردنی ئەو پەیوەندییە پتەوەیە کە عیراق لەگەڵ براکانیدا دەبەستێتەوە و رەنگدانەوەی پەرۆشی عیراقە بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی کاری هاوبەش.
لەبەرانبەردا ئەندامانی وەفدی میوان خواستی حکومەت و گەلی ئوردنیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و پەرەپێدانی هەماهەنگی لەبوارەکاندا دووپاتکردەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 4ـی 2025، ئامادەی دیداری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە شاری سلێمانی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی بەشدارییان تێیدا کردبوو.
لەمیانەی مەراسیمی کردنەوەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ یەکێتی خواست و ئاماژەی به ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری سەرۆکی کۆچکردوو مام جه لال کرد له بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا دژ بە رژێمی دیکتاتۆری و ئەو تێکۆشانەی کە بووه هۆی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی له عیراقدا.
سەرۆک کۆمار تەئکیدیکردەوە لەسەر گرنگی نوێبوونەوە و پەرەپێدانی وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەم لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق بەگشتی کە ئەمەش کارەکانی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە لەبەردەمیدایە بۆ خزمەتکردنی باشتر بەکوردستان و سەرجەم هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی .