د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە وەفدێکی دامەزراوەی ئاشتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەکە لە برۆکسل مایکل کیتینگ کرد و پاڵپشتی عیراقی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ناوچەکەیە.

لە دیدارەکەدا  کە ئەمڕۆ چوارشەممە 30-4-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، وەفدەکە دەرئەنجامی ئەو دەستپێشخەرییەیان پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد کە لە لایەن دامەزراوەکەوە خراوەتەڕوو لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە عیراق و ئێران لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و لێکنزیکبوونەوە و هاریکاریی ئیقلیمی.

وەفدەکە باسی لە دەرئەنجامی گفتوگۆی فراوان کرد سەبارەت بە رێوشوێنەکانی ئێستا و داهاتوو، دیارترینیان سازکردنی کۆنفرانسێک بوو کە هەشت وڵات لە دەستپێشخەرییەکە بەشداربوو، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی رون بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆمار پاڵپشتی عیراقی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ناوچەکەیە، هەروەها جەختی کردەوە لە پێویستی دروستکردنی هەماهەنگی لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە میوانداریی داهاتووی بەغداد بۆ لوتکەی عەرەبی ئاماژەیە لەسەر رۆڵی کارای عیراق لە زۆنی عەرەبی و ئیقلیمیدا، هەروەها پابەندبوونیەتی بە پاڵپشتیکردن لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری و یەکڕیزی لە نێوان گەلان و وڵاتانی ناوچەکە.

لای خۆیەوە مایکل کیتینگ پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار نیشاندا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری  لە زۆنی عەرەبی و ناوچەیی، جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکە و فراوانکردنی مەودای کارکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکە.