د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە وەفدێکی سەندیکای پزیشکانی عیراق بە سەرۆکایەتی د.حەسەنێن سەفا شەبر سەرۆکی سەندیکای پزیشکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 28-4-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، باس لە رەوشی کەرتی تەندروستی وڵات و چۆنیەتی پشتیوانی و پەرەپێدانی کرا بۆ ئەوەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکات کە پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارمەندانی پزیشکی و ئەو هەوڵانە کرا کە بۆ پەرەپێدانی کارایی و باشترکردنی ژینگەی کارکردن دەنرێت بۆیان.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەو ڕۆڵە گرنگەی کە پزیشکان لە خزمەتکردنی کۆمەڵدا دەیگێڕن، دوپاتیشی کردەوە لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی پشتیوانی تەواو تا بتوانن ئەرکە مرۆیی و پیشەییەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن.

سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی دکتۆر حەسەنێن سەفا شەبر کرد وەک یاریدەدەری سکرتێری گشتی یەکێتی پزیشکانی عەرەبی و سەرۆکی لیژنەی یاسایی، هەروەها هەڵبژاردنی دکتۆر ئەکرەم خەزرەجی وەک ئەندامی لیژنەکانی فریاگوزاری و کۆمەڵە پزیشکە عەرەبییەکان، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە توانای لێهاتوویی عیراق پشتڕاست دەکاتەوە بۆ نیشاندانی کاریگەری خۆیان لە مەکۆی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا.

لای خۆیەوە دکتۆر حەسەنێن سەفا شەبر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ بەردەوامی پاڵپشتیکردنی بۆ کەرتی پزیشکی، جەختی لەسەر پابەندبوونی سەندیکا کردەوە بۆ هاریکاریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە عیراق.