سەرۆککۆمار

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسرە کرد و و جەختی لە پێویستیی هەوڵدان کردەوە بۆ ئەوەی بەسرە ببێتە ‌ژینگەیەکی گونجاو بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان.

لە میانی دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە بارودۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسی پارێزگاکە کرا و سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە پارێزگای بەسرە و هەڵکەوتەی جوگرافیای کە رۆژهەڵات بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ببێتە ‌ژینگەیەکی گونجاو بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان، ئەوەش پێویستی بە کارکردنی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدان و گەشەکردنی بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێگەی ئابووری و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکەیدا بگونجێت.

هەروەها سەرۆک کۆمار دووپاتی لە گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی لە پارێزگا و هەوڵدان بۆ باشترکردنی واقیعی خزمەتگوزاری شارەکە و گرنگیدان بە پڕۆژە گرنگ و وەبەرهێنانەکان بۆ گەیشتن بەگەشەسەندنی بەردەوام و هەمەچەشن کردەوە، هاوکات پشتیوانی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو هەوڵەکانی بەئامانجی باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان دووپاتکردەوە.

لەبەرانبەردا، ئەلعیدانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی پلانەکانی حکومەتی خۆجێی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی خستەڕوو کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان و هەوڵ و پەرۆشی سەرۆک کۆماریشی بەرزنرخاند بۆ پەرەپێدانی واقیعی پارێزگاکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە دانیشتووانی بەسرە بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە بەغداد پێشوازیکرد لە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران .

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات تاوتوێ کرا، هاوکات  باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاستی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرا، بۆ یاسادانان و دەرکردنی یاسا گرنگەکان بە شێوەیەک کە ویستی گەل بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەدیبهێنێت.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە چەسپاندنی بناغەکانی هاریکاریی هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو هێز و پێکهاتە نیشتمانییەکان، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عیراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی.

لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی دەربڕی و جەختیکردەوە، لەسەر پەرۆشی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانی لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق د.لەتیف رەشید، جەختی لەوە کردەوە کە پێگەی جوگرافیای عیراق رۆڵێکی سەرەکیی پێبەخشیوە لەناوچەکەدا، ئەمە جگە لەوەی خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ئابووری و کلتوورەکانە.

سەرۆک کۆمار لە ووتارێکیدا کە ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمز لە 4ی شوباتی 2025 بڵاویکردەوە، دەڵێت : " ئێمە لەپێشینەی کارەکانمان گرنگی بە نیشتەجێبوون و چاودێری تەندروستی و رەخساندنی هەلی کار  دەدەین، نەک خەرجکردنێک بۆ جەنگ کەتێچووی زۆر و بێهودەیە، و سەرنجمان لەسەر گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانە".

 

دەقی ووتارەکەی  سەرۆک کۆماری عیراق:

سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەمای دیالۆگ دامەزراوە نەک جەمسەرگیری.

هەڵکەوتەی جوگرافیای عیراق وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ئابووری و کلتوورەکان، هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکیی لەناوچەکەدا پێبەخشیوە.

 لە جیهان زۆرجار بەهۆی بەرژەوەندیی کێبڕکێیەکان و ململانێی دەسەڵاتەوە دابەشبووە، سیاسەتی دەرەوەی عیراق رێگایەکی جیاواز لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکاری و رێزگرتنی یەکتر پەیڕەو دەکات، سیاسەتێکە کە هەوڵدەدات پرد دروست بکات نەک دووبەرەکی قووڵ بکاتەوە، هەروەها لەڕێگەی هاوبەشییەوە ئاڵنگاریەکان چارەسەر بکات نەک رووبەڕووبوونەوە. ئەم رێبازە یەکێک بوو لەگرینگترین تەوەرەکانی وتارەکەم لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەمساڵ لەداڤۆس، کەتێیدا داوای ڕوونکردنەوەم لێکرا لەبارەی دیدگاکەمان.

عیراق لەمێژووی هاوچەرخی خۆیدا ئاڵنگاری گەورەی بەخۆوەبینیوە. وڵاتەکەمان سەرەڕای زۆری توانای ماددی و مرۆیی، بەهۆی دیکتاتۆرییەت و جەنگ و چەوسانەوە تووشی ماڵوێرانییەکی بەرفراوان بووە، رژێمی بەعس و لەو جەنگانەیدا کاریگەری قووڵی بەجێهێشت، کەبوە هۆی وێران کردنی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئیفلیج کرد و پێشکەوتنی لەبوارە گرنگەکانی وەک فێرکردن و تەندروستی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان تێکدا، هەروەها سزاکان و دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم ئازارەی گەورەتر و ئاڵنگاریەکانی ئاڵۆزتر کرد.

رووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 کۆمەڵێک ئاڵنگاری نوێی هێنایە ئاراوە، وەک دابەشبوونی سیاسی، جەنگی تائیفی و سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014، ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژوومانی هێنایە ئاراوە، کە رووبەرێکی بەرفراوانی خاکی داگیرکرد، شوێنەوارە کەلەپورییەکانی پیس کرد و خەڵکی سیڤیلی بێتاوانی کردە ئامانج و کۆمەڵگەی مەدەنیی وێران کرد، بەڵام عیراق بەیەکڕیزی و قوربانیدانێکی یەکجار زۆر، توانی تا ساڵی 2017 ئەم هەڕەشەیە تێکبشکێنێت و خاکی خۆی و هیواکانی بەدەست بهێنێتەوە،کەم وڵات هەیە توانیبێتی شکست بە هەڕەشەیەکی تیرۆریستی بەم قەبارەیە بێنێت و ئەم شەڕە نەک تەنها عیراق و ناوچەکە بەڵکو هەموو جیهانیش هێورکردووە.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بەنرخێکی گەورەتر بەدەستهات، دەیان هەزار هاووڵاتی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە، ملیۆنان کەس ئاوارەبوون، ژێرخانی ئابوری زیاتر لەناوچووە، خزمەتگوزارییەکان وەستاون، سەرچاوەی ئابووریمان لەکار کەوت، بەڵام هەشت ساڵی رابردوو وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، بەو پێیەی عیراق پێشکەوتنی بەرچاوی لەبوارەکانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان بەدەستهێناوە، هەنگاوە نراوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان، پێشکەوتن لەدەستەبەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کشتوکاڵ، فێکردن، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری .

ئێمە لەپێشینەی کارەکانمان گرنگی دەدەین بەنیشتەجێبوون و چاودێری تەندروستی و ڕەخساندنی هەلی کار، نەک خەرجکردن بۆ جەنگ کە تێچووی زۆر و خەرجییەکی بێهودیە، سەرنجمان دەخەینە سەر گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان، پێشکەوتنی ئەمنی هاندانی وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری بووە، بۆ نموونە پاراستنی ژینگە و مۆدێرنکردنی سیستمی ئاو و کشتوکاڵی بەردەوام بووەتە لەپێشینەکانی کار لە وڵاتێکدا کە بۆ کشتوکاڵ زۆر پشت بەرووبارەکان دەبەستێت، لەهەمان کاتدا ئێمە بەهاوسەنگی لەگەڵ گۆڕانکاری دیجیتاڵی و مۆدێرنکردنی ژێرخانی ئابوریمان هەنگاودەنێن، هەروەها کاردەکەین بۆ رەخساندنی دەرفەتی ئابووری بۆ راستکردنەوەی ئەو ئاستەنگە درێژخایەنانەی کە وڵات رووبەڕووی بووەتەوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لەم گۆڕانکاریانەدا، بەو پێیەی ناوچەکە ماوەیەکی زۆرە قۆرغکراوبوو، ئێستا کاتی پێکهێنانی هاوبەشی و قازانجی هاوبەشە، پاڵپشتیکردنی ئەم ناوچەیە تەنها ئیمتیازێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ژیرانەیە لەسەقامگیری و خۆشگوزەرانی جیهانیدا.

سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکارییە نەک دابەشبوون. بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ بەو مانایە نییە کە لایەنێک هەڵبژێرین، بەڵکو ئەو رێگایە هەڵدەبژێرین کەیارمەتیمان دەدات رووبەڕووی ئاستەنگەکان ببینەوە، ئێمە زۆر کارمان کردووە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها زۆر بەپەرۆشبووین  بەشێک بین لەچارەسەرەکانی ململانێ ناوچەییەکان، بەڵام هێشتا لە هەندێک بواردا ئاڵنگاری هەیە، لەوانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا سەرەڕای پتەویی ئابووریی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە، بەڵام رووبەڕووی نیگەرانی دەبینەوە سەبارەت بەهەندێک سیاسەت کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری و سەرچاوەکانی عیراق هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاو، ئێمە پابەندین بەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەرێگەی دیالۆگەوە، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش عیراق لەپشتیوانیکردنی نەگۆڕی خۆی بۆ دۆزی فەلەستین دەمێنێتەوە، ئێمە ئەو دەستدرێژییە مەحکوم دەکەین کەدژی خەڵکی مەدەنی دەکرێت، داوای دادپەروەری و مافی چارەنووسیشیان بۆ دەکەین، هەروەها پێشوازی لە ئاگربەست و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەکەین بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، شەڕانگێزی قازانج بەهیچ لایەک ناگەیەنێت، تەنها بازنەیەکی رق و کینە دروست دەکات کە هەرگیز کۆتایی نایەت.

هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ سوریا و لوبنان دەردەبڕین، و ئاواتەخوازین حکومەتێکی گشتگیر و بنکە فراوان پێکبهێنن لەگەڵ سەقامگیری لەسەرتاسەری ناوچەکەدا، ئێمە بەشێوەیەکی راستەوخۆ ناسۆریەکانی ژیانمان لەژێر دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا دیوە و لەهەمووی گرنگتریش عێراق رەتیدەکاتەوە ببێتە ئامرازێکی ململانێی زلهێزەکانی ناوچەیی یان جیهانی.

زۆرجار پرسیار دەکرێت دەربارەی کاریگەریی وڵاتانی دیکە لەکاروباری ناوخۆی عیراقدا، بەپێویستیشم دەزانم جیهان دڵنیا بکەمەوە کەعیراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆیە، کەس ناتوانێت پێمان بڵێت چی بکەین، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەین پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان دروست بکەین، لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆمان.

سیاسەتی دەرەوەی ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دیدگەی گەلەکەمان بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دامەزراوە، بەبێ ئەوەی لەژێر کاریگەری فشاری دەرەکیدا بێت.

دیدگەی عیراق هاوتەریبە لەگەڵ بەڵێنی سەرۆک ترەمپ کە "ئاشتیخوازی بێت و "هەموو جەنگەکان رابگیرێت" ئێمە هەوڵ بۆ ئاشتی و دیالۆگ دەدەین، نەک بەردەوامی ململانێکان یان دەستێوەردانی دەرەکی، ئامانجمان پەرەپێدانی هاوکاری و فێربوونە لەئەزمونی ئەوانی دیکە، لەهەمان کاتدا هاوبەشکردنی وانەکان وسودوەرگرتنمان لەئاڵنگاریەکانمان.

گەشتی عیراق دوورودرێژ و سەخت بوو، بەڵام ئیرادەمان بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، ئێمە سوورین لەسەر بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و بەشداریکردن لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە، لەچەند ساڵێکی ئاشتیدا عیراق ئەوەی بەدەست هێناوە کە لەدەیان ساڵی ئاڵۆزیدا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت.

ئەمڕۆ عیراق کراوەیە لەبەرانبەر دەرفەتەکان، چ لەبواری کار و چ لەنێوەندگیری دیپلۆماسیدا و هەوڵدەدات رۆڵێکی سەرەکی لەسەقامگیری ناوچەکەدا بگێڕێت، ئامانجمان ئەوەیە کەهەموومان سوود لەئاشتی و دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوام وەربگرین، عیراق ئامادەیە نەک تەنها بۆ سەرکردایەتیکردن و بەشداریکردن، بەڵکو بۆ ئامێزگرتنی ئایندەیەکی گەش لەسەر بنەمای هیوا و پێشکەوتن و لەو روانگەیەشەوە چالاکانە بەشداری دەکات لە داڕشتنی جیهانێکی باشتر.

 

د.لەتیف رەشید

سەرۆک کۆماری عیراق

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شای ئوردن دۆسیەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکه تاوتوێکرد 

ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم بن ئەلحوسێن شای ئوردن گفتوگۆی کرد لەسەر ئەو هەوڵانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە و سەقامگیرکردنی ناوچەکە ئەنجام دراوە. 

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا د.لەتیف رەشید و شای ئوردن پشتیوانی پتەوی خۆیان بۆ مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر بنەمای بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردەوە، کە ئەمەش بنەمایەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر لە ناوچەکەدا. 

لەگفتوگۆکەیاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی هەماهەنگی هاوبەشیان تاوتوێکرد، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان و قوڵکردنەوەی هاوکاری نێوانیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی کۆیە کرد بە سەرۆکایەتیی د.محەمەد حەسیب صدیق سەرۆکی زانکۆ و جەختیکردەوە لە پاڵپشتی  بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ  و خوێندکاران دابین بکات.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە شاندی میوان کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زانستی بەرز لە بواری ئەکادیمیا بۆ ساڵی 2024 و ستایشی ڕۆڵی کارگێڕی و ستافی وانەوتنەوەیکرد لە پەرەپێدانی توانا و ئاستی زانکۆکە.

لای خۆیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی عیراق و هاوتاکانیان و پەرەپێدانی میکانیزمی پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و هاوبەشی نێوان خۆیان و وڵاتانی پێشکەوتوو، جەختیکردەوە لە پاڵپشتی  بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ  و خوێندکاران دابین بکات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەی بەردەمیان.

لە بەرامبەردا ئەندامانی وەفدەکە باسێکی گشتگیریان سەبارەت بە پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی زانکۆکە پێشکەش کرد و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار  و گرنگیدانی بە  بواری پەروەردە دەربڕی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق رایدەگەیەنێت، پەیوەندی بەغداد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە ئاستێكی زۆر باشدایە.

د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازی كرد لە محەمەد جەواد زەریف جێگری سەرۆكی ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی پەیوەندی هەردوو وڵات و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان كرد. 

جەواد زەریف سڵاو و رێزی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێرانی گەیاندە سەرۆك كۆمار و جەختی لە پەرۆشی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات.

باسی لە پەیوەندیە دوو قوڵەكانی عیراق و ئێران كرد و پاڵپشتی بۆ عیراق دەربڕی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریەكەی.

لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند، كە عیراق پەیوەندەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا باشە و هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی دەدات لە ناوچەكدا. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەغداد لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چۆنیەتی هاوکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ئێستا و پتەوکردنی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرا.

هەروەها جەنابیان پشتیوانی عیراقی بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەلەستین و یەکڕیزی و سەقامگیری سوریا و گرنگی بەشداریکردنی هەموو لایەن و پێکهاتەکان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەکەی دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە بۆگدانۆڤ سوپاسگوزاری وڵاتەکەی بۆ ئەو پەیوەندییە نایابانە دەربڕی و تەئکیدیشیکردەوە لەسەر پشتیوانی مۆسکۆ بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی و ڕۆڵی لەهەنگاوەکانی بەرقەرارکردنی ئاشتی لەناوچەکەدا.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە ناتۆ كرد توانای هێزە عیراقییەكان بەرزبكاتەوە و عیراق لە شەڕی تیرۆردایە

د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازی كرد لە مارك روتە ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ و وەفدێكی یاوەری كرد و تاوتوێی دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و هاوپەیمانێتیەكەیان كرد. 

لەمیانەی دیدارەکەدا کەیسە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ناتۆ تاوتوێ کران و سەرۆک کۆماریش جەختی لەفراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری دوو قۆڵی لە بوارەکانی پێشکەشکردنی ڕاوێژ و بەشداریکردن لەبنیاتنانەوە و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە.

هاوکات ئاماژەی بەپەرەپێدانی دەزگا ئەمنییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانی و گەشەکردنی تواناکانیان لەبواری مەشق و ئامادەکاریدا کرد و دوپاتیشی لەوە کردەوە کەعێراق دۆخە سەختەکانی جەنگی تیرۆری تێپەڕاند وهێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە چەتەکانی داعش و پاشماوەکانیان لەناوببەن، ئێستاش ئامادەیی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە جیاوازەکانیان هەیە.

سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کەئەمڕۆ عێراق سەقامگیری ئەمنی و ئابوری بەخۆە دەبینێت، هەروەها لایەنە سیاسییەکان پرەنسێپی دیالۆگ لەنێوان خۆیاندا دەگرنەبەر و بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کەپەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر باشە و پێشوازی لەهاتنی بازرگانان و وەبەرهێنەران دەکەین بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو دەرفەتانەی فەراهەم کراون لەوڵاتدا .

هەروەها لەدیدارەکەدا پێداچوونەوە بەدۆخی گشتی ئەمنی ناوچەکە و  تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بەپشتیوانی لۆجستی بۆ نوێنەرایەتی ناتۆ لەعێراق کران.

لەلای خۆیەوە بەڕێز مارک روتە، ستایشی سەقامگیری ناوخۆیی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لەعێراقدا کرد و جەختی لەپەرۆشی نوێنەرایەتی ناتۆ کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاری دووقۆڵی لەبواری مەشق و ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەشێوەیەک کەتوانای هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەرجەم پێکهاتەکانیەوە بەرز بکاتەوە، هاوکات ئاماژەی بەڕۆڵی جەمسەریی گرنگی عێراق کرد لەچەسپاندنی سەقامگیری لەناوچەکەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەکۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی گرتنەبەری دیالۆگی کاریگەر و جددی کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا. 

هەروەها باس لە دەنگدانی ئەنجومونی نوێنەران کرا لە سەر پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوجەی گشتی فیدراڵی و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم هەموارکردنە ببێتەی مایەی خەرجکردنی شایستەدارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و خواستەکانی هاوولاتیان بەدیبهێنێت و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات.

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بۆ هەموو خەڵک مسۆگەر بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، چاوی بەسکرتێری گشتی بزووتنەوەی بابلیون، رەیان کلدانی کەوت.

لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و ناوچەکەو کاردانەوەکانیان تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی هاوبەش کردەوە، روونیشیکردەوە کە لێکتێگەیشتن و وتووێژی بنیاتنەر بنەمای سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نیشتمان و گەیشتنە بە خواستەکانی هاووڵاتیان لە داهاتوویەکی ئارامتر و ئاوەدانتر .

لەلای خۆیەوە رەیان کلدانی، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و جەختی لەپاڵپشتی خۆی بۆ هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی وڵات دەکەن، لە رێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پشتیوانیکردن لە رێچکەی بونیادنان و چاکسازی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025 سەردانی ئایەتوڵڵا سەید حوسێن ئیسماعیل ئەلسەدری کرد لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پیرۆزی کازمیە بۆ هەواڵپرسینی باری تەندروستی.

لەمیانی سەردانەکەدا سەرۆک کۆمار هیوای تەندروستی و سەلامەتی و چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەربڕی.

سەرۆک کۆمار ستایشی هەڵوێستەکانی حوسێن ئیسماعیل ئەلسەدر و رۆڵی بەرچاوی کرد لە بڵاوکردنەوەی بەهاکانی لێبوردەیی و پەرەپێدانی پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا.

لای خۆیەوە سەدر سوپاسگوزاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری کرد و سەردانەکەی بەرزنرخاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ د.لەتیف رەشید خواست لە ئەرکەکانی لە خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەدیهێنانی خواستەکانیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف ڕەشید سەرۆ کۆماری عیراق لەگەڵ قەداسەتی مار کیورکیس سێیەم یۆنان ئەلجەپلیق پاتریارکی کڵێسای ڕۆژهەڵاتی کۆن لە عیراق و جیهان کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتی وڵات و واقیعی پێکهاتە ئایینییەکان و ڕۆڵی دامەزراوە ئاینییە جۆراوجۆرەکان لە چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو عیراقییەکان کرا و تیایدا سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کە عیراق شانازی بە هەمەچەشنی ئایینی و کەلتووری خۆیەوە دەکات کە سەرچاوەی هێز و یەکڕیزییە و تەئکیدی لەسەر پابەندبوونی پتەو بە دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان و پاراستنی ئازادییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و دڵنیابوون لە بەشداری چالاکیان لە بنیاتنانی نیشتیمان کردەوە.

هەروەها ستایشی ڕۆڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی مەسیحییەکانی کرد وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلی عیراق و بەشدارییان لە برەودان بە ڕۆحی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و چەسپاندنی بنەماکانی هاووڵاتیبوون لە نێو هەموو گەلی عیراقدا.

لەبەرامبەردا وەفدەکە سوپاسگوزاری قووڵی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی بۆ کۆمەڵگەی مەسیحی لە عیراقدا و جەختی لەسەر پەرۆشی کڵێسا کردەوە بۆ بەشداریکردن لە بەهێزکردنی یەکێتی نیشتیمانی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا و کارکردن بۆ چەسپاندنی کەلتووری ئاشتی و خۆشەویستی.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆمار لەبارەی دەستگیرکردنی پاسەوانێکی سەرۆک کۆمارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

نووسینگەی سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵی دەستگیرکردنی چالاک سەباح عومەریان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە سکرتێری تایبەتی سەرۆک کۆمارە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوبراو یەکێکە لە کارمەندانی پاراستنی سەرۆک کۆمار نەک سکرتێر، سەرۆکایەتی کۆماریش پێشتر لە 26ی تشرینی دووەمی 2024 راگەیەنراوێکی بڵاوکردبووەوە سەبارەت بەوەی ئەو کەسە بە ناوی سکرتێری سەرۆک کۆمارەوە چەند کارێکی ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، سەرۆک کۆمار روونیکردووەتەوە، کردەوەکانی ناوبراو تایبەتن بەخۆی و ئەوان لێی بەرپرس نین، بۆیە بڕیاریان داوە چالاک سەباح دەست لەکار بکێشێتەوە و هەموو رێوشوێنێکی یاسایی لە بەرامبەر بگیرێتە بەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 29 ی کانوونی دووەمی 2025، سەردانی قاوەخانەی شابەندەری لە شەقامی موتەنەبی بەغدا کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کۆچکردوو حاجی محەمەد ئەلخەشالی خاوەنی قاوەخانەکە کرد کە کەسایەتییەکی ناسراوی کۆمەڵایەتی و کەلەپووری بوو.

 سەرۆک کۆمار ستایشی ڕۆڵی خوالێخۆشبووی کرد لە پاراستنی کەلەپووری بەغدادی پایتەخت، چونکە قاوەخانەکە جێگەیەکی کلتوری و ئەدەبی جیاواز بوو بۆ سەرجەم نەوەکان کە بایەخ بە دیمەنی کەلتوری و ئەدەبی و رۆشنبیری دەدەن. 

د.لەتیف رەشید پێویستی پاراستنی ئەم شوێنەی دوپاتکردەوە کە یارمەتیدەرە بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی یادەوەری عێراقی و بەردەوامیدانی.

لای خۆیانەوە بنەماڵەی کۆچکردوو سوپاسگوزاری زۆریان بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی، وەک ئاماژەیەکی گرنگ بۆ رێزلێنان لە خوالێخۆشبوو و بەرزنرخاندنی رۆڵەکەی، هەروەک سوپاسی بەڕێزیانیان کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامی بۆ دامەزراوە و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سکرتێری ناوەندی بزوتنەوەی فەتح لە کۆشکی بەغداد کۆبووەوە و باسیان لە دۆخی غەززە کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغدا لەگەڵ جەنەراڵ جبریل رەجوب ئەمینداری گشتیی کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی فەتح کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار خەجتی لە هەڵوێستی عێراق کردەوە لەبارەی پرسی فەڵەستین و مافی چارەنووس و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد بە گرنگی بڕیاری ئاگربەست لە غەززە، کە وەک سەرەتایەکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لەو بارەیەوە جەنەراڵ رەجوب سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پێشوازیکردن لێیان، هەروەها پشتیوانی بەردەوام و نەگۆڕی سەرۆک کۆماری بۆ دۆزی فەڵەستین بەرز نرخاند و جەختی لەسەر قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

WhatsApp Image 2025-01-29 at 2.45.29 PM.jpegWhatsApp Image 2025-01-29 at 2.45.23 PM.jpegWhatsApp Image 2025-01-29 at 2.45.35 PM.jpeg

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی هاوڕێی کەتیایدا د.فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی دیدارەکە بوو.

لە کۆبونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاریکاری لەبوارە جیاجیاکاندا باسکرا و سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عیراق هەر دەستێوەردانێک کاریگەری لەسەر خاکەکەی هەبێت رەتدەکاتەوەو پێویستە رێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەربەخۆیی عیراق بگرێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پابەندبوونی هەردوو وڵات کرد بەوەی کە هیچ کامیان سەکۆی بازدان نین بۆ هەڕەشە کردن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوی تریان و ئاماژەی بەوەدا کە عیراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عیراق.

هەروەها پەرەسەندنەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە تاوتوێکران و جەختیان لەسەر گرنگی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عیراق بەپەرۆشە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە پێشکەوتووەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە ئەو یاداشتنامەیەی لێکتێگەیشتنە کە لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا ساڵی رابردوودا بۆ عیراق لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کرابوو بەمەبەستی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عیراق و تورکیا جێبەجێبکرێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کاری هاوبەش و هاوکاری ناوچەیی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا، هیوای خواست ئیدارەی نوێ لە سوریا کار بکات بۆ پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەدی بهێنێت و پارێزگارییان لێ بکات و مافەکانیان بۆ بەشداری سیاسی بپارێزێت بەشێوەیەک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بۆ برایانی سوریا بەدی بهێنێت.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی حکومەتەکەی بۆ سەقامگیری عیراق و پاراستنی ئاسایش و سەربەخۆیی و گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی کرد کە عیراق و سوریا و ئوردن و تورکیا لەخۆبگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و لەناوبردنی خاڵە گەرمەکانیان و وشککردنی سەرچاوەی دارایییان بەشێوەیەک کە سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە دەرفەتەکانی هاوکاری و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاو و ژینگە کرد و هیوای خواست ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکان بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر بەرز بکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...45678...23