سەرۆک کۆمار پێشوازی لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد
سام
٧ی ئایاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی 5ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق کرد.
لە دیدارێکدا تاوتوێی رەوشی کەرتی بانکی عیراق و رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی کرا و پاکێجی چاکسازیی بانکی ناوەندی بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابورییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر جوڵەی بازاڕی ناوخۆ باس و خواسی لەسەرکرا و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی هەوڵدان و داڕشتنی ستراتیژێکی پتەو بۆ سیاسەتی دارایی کردەوە بەشێوەیەک کە گەشەی ئابووری خوازراو بەهێز بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا پلانەکانی هاندانی کەرتی وەبەرهێنان لە رێگەی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت تاوتوێ کرا، بەتایبەتی کە وڵات سەقامگیرییەکی بەرچاوی لە ئاستی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەخۆوە بینیوە.
لە بەرانبەردا عەلی عەلاق سوپاسی سەرۆک کۆمار و رێنماییە بەنرخەکانی کرد و هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و پلانەکانی داهاتووی بۆ رونکردەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی سیاسەتی دارایی و سەقامگیری ئابووری لە وڵاتدا.
