سەرۆک کۆمار: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی عێراق
هەساو ئەمیر
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە شاندێکی خانەوادەی بێسەروشوێنەکانی کوردانی فەیلی کرد و ستایشی قوربانیدانی کوردە فەیلییەکانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری و بەرەنگاربوونەوەی کۆیلەکردن و نادادپەروەری.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغداد د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی کرد لە خانەوادەی بێسەروشوێنبووانی کوردانی فەیلی لە سەردەمی رژێمی پێشوو .
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار هاوخەمی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ کەسوکاری قوربانیان دووپاتکردەوە و جەختیشی کردەوە لە گرنگی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی رژێمی پێشوو و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و مسۆگەرکردنی دادپەروەری کە بگونجێت لەگەڵ نەهامەتیەکانیاندا.
سەرۆک کۆمار ستایشی قوربانیدانی کوردە فەیلییەکانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری و بەرەنگاربوونەوەی کۆیلەکردن و نادادپەروەری.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی عێراق کە شایستەی هەوڵی هاوبەشن بۆ پشتیوانیکردنیان لەپێناو بەهێزکردن و پتەوکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی ئاشتیانە، دوپاتیشی لە گرنگی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی روفاتی قوربانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خانەوادەکانیان وەک مافێکی مرۆیی و مۆراڵی.



