سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەمی عیراق بەشدارییان لە رێوڕەسمی خەڵاتی زێڕینی "بلە" کرد
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥
بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم، دەزگای نوسەر و روناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژی شەممە، 26-4-2025 رێوڕەسمی خەڵاتی زێڕینی "بلە"ی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.
لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و رەیان کیلدانی سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن و عەبد سادە فورەیجی ئەمینداری گشتی نەهجی نیشتیمانی و ئیبراهیم بەحر علوم سەرۆکی دامەزراوەی عەلامەین و سەرکردە و سەرۆکی حزب و هێزە سیاسییە کوردییەکان و عێراقییەکان ئامادەی بوون.
لە رێوڕەسمەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژ لە دوای رۆژ گیانی ئەو لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئێمە نزیکتر دەبێت ، راشیگەیاند؛ کاتێک تەماشای لاپەڕەکانی مێژوو دەکەین، دەبینین لە ماوەی سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە نامیلکەی (کورد و عەرەب)دا، نوسەر و روناکبیر و خەباتگێڕ ئیبراهیم ئەحمەد پێشنیاری شەراکەتی راستەقینەی بۆ کورد و عەرەب کردووە بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی و ئارامی لەسەر ئەم خاکە بژین. ئەم پێشنیازە لەو کاتەدا زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ دەسەڵاتداران و هەر بەوهۆیەشەوە ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر ئەوە دادگایی کرا . دوای سەدەیەک ئەم هاوبەشییە راستەقینەیە هێشتا بەدی نەهاتوە و رەنگدانەوەی نەهاتنەدی بۆتە هۆی دروستبونی کێشەی نێوان هەولێر و بەغداد .
هاوکات خانمی یەکەم داوای دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی کرد بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، بەتایبەت مەسەلەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. هەروەها جەختیکردەوە لە گرنگی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالکراوان بۆ کەسوکار و ئازیزانیان و قەرەبووکردنەوە و هێنانەدی دادپەروەریش بۆ کەسوکاری قوربانیانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی.
لە وتارەکەیدا خانمی یەکەم جەختیکردەوە کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێویستی بە بیرکردنەوەی باش هەیە، وەک ئەوەی روناکبیر و نوسەر ئیبراهیم ئەحمەد لە سەرەتای شەستەکاندا تێگەیشتووە، بەتایبەتی مەترسیی ماددەی سێی دەستووری کاتی ئەوسای عیراق، کە لە دوو ژمارەی رۆژنامەی (خەبات)دا لەسەری نووسیویەتی، کە خۆی سەرنوسەری رۆژنامەکە بوە بەهۆی ئەوەوە لەسەر ئەو بابەتە دادگایی کراوە کە نووسیویەتی، ئەوەی تا ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە ئەو مادە و بڕگانەی لە دەستووری عیراقدا هەن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە نەک هەر فەرامۆش کراون بەڵکو هیچ کاریان پێ ناکرێت کە دەتوانن رێگەیەک بن بۆ گەیشتن بە پێکەوەژیانی راستەقینە، بەتایبەتی مەلەفی کەرکوک و ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە چوارچیوەی مادەی (140)ی دەستوورەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا خەڵات بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی دیاری بوارە جیاوازەکاندا دابەشکرا.
بۆ پێزانینی هەڵوێستە نەمر و مرۆڤدۆستانەکانی و هەڵوێستی بەرانبەر نادادپەروەری و زوڵم و داکۆکیکردن لە گەلی کورد، خەڵاتێک پێشکەش بە خوالێخۆشبوو ئایەتوڵڵا سەید موحسین حەکیم (سڵاو و سەلامی خودای لەسەر بێت) کرا کە خەڵاتەکە لە لایەن سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید پێشکەش بە سەید عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرا.
خەڵاتێکی دیکە پێشکەش بە نووسەر ساڵح حسێن محەمەد کرا کە زیاتر لە 90 کتێبی جیاوازی بە زمانی کوردی نووسیوە و زیاتر لە حەوت هەزار وێنەی گرتووە کە لە شاری ئامودا لە رۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە.
خەڵاتێکی دیکە بەخشرایە خاتوو زارا محەممەدی، خەڵکی پارێزگای سنەی ئێران، بۆ نووسین و هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی.
مەراسیمەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بە هونەرمەند عوسمان کەمەنی بۆهۆرەو گۆرنیەکانی ناوچەی هەورامان.
هەروەها رێز لە تیپی وەرزشی ئامەد گیرا کە لە ساڵی 1972 لە باکووری کوردستان دامەزراوە. خەڵاتەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانی پێشکەش بە سەرۆکی تیپی وەرزشیەکە کرا.
فەهیمە واحید تێکۆشەر و رزگاربووی هەڵمەتەکانی ئەنفال و جینۆساید و هێرشی کیمیایی، کە شەش منداڵی خۆی و یەکێک لە نەوەکانی بۆتە قوربانی، خەڵاتی زێڕینی بلەی پێ بەخشرا.
خەڵاتێکی دیکە بەخشرایە تێکۆشەری شەهید ئەفدۆ عەبدی، چالاکوانی دیاری خەڵکی کۆبانی کە بەشداری شۆڕشی گەلی سوریای کردبوو.
هەروەها خەڵاتێک لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە پێشکەش بە ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرا و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە وەرگیرا.









