د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی لە نەبیە بەڕەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنانەوە پێگەیشت.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی عەلی ئەدیب حەبحاب باڵیۆزی لوبنان لە عیراق، پێشوازیکرا لە "قەبلان قەبلان" نێردەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پەیام و سڵاوی نەبیە بەڕی، گەیاندە سەرۆک کۆمار.
لەپەیامەکەدا باس لەپەیوەندییەکانی عێراق و لوبنان و چۆنیەتی کاراکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی برا کراوە.
سەرۆک کۆماریش لەڕێگای قەبلانەوە سڵاو ڕێزی خۆی گەیاندە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و ئاماژەیدا بە قووڵایی پەیوەندیی برایانە و هاوکاریی نێوان هەر دوو وڵات وجەختیشی کردەوە لەپێویستی پێشخستنیان بۆ ئەوەی بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کلتووریش بگرێتەوە بەشێوەیەک کەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکەن و بناغەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا چەسپێنێت.
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی حزبی پێشكەوتن كۆبوونەوە و دووپاتیان كردەوە، پێویستە هەڵبژاردن رەنگدانەوەی ویستی گەلانی عیراق بێت بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانیان.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی كرد لە محەممەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی پێشكەوتن و لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردەوە لە لێكتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردن لە پێشكەوتنی وڵات و چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا د. لەتیف رەشید و محەممەد حەلبوسی باسیان لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد و دوپاتیان كردەوە پێویستە بەشێوەیەك بێت ڕەنگدانەوەی ویستی گەلانی عیراق بێت بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانیان، هەروەها پاڵپشتیان بۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەئامانجی سەرخستنی ئەو پڕۆسە دیموكراسییە دووپاتكردەوە.
سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەک 19ەمین پارێزگایی عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپارێزگابونی هەڵەبجە هەنگاوێکی مێژووییە و مافێکی لەمێژینە چاوەڕوانکراوە
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عیراق .......
گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین بە بۆنەی سەرگرتنی هەوڵ و كۆششەكانتان كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو خستبووتانەتە گەڕ، ئەوەش بە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو بۆ بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی عیراقی لە ناو هەرێمی كوردستاندا وەك وەفایەك بۆ شەهیدانی تاوانی ئەنفال و كۆمەڵكوژی كیمیاوی كە لە ئازاری 1988 لە دژیان ئەنجامدرا و وەك پەڵەیەكی شەرمەزاری بە نێوچاوی ستەم كاران و چەوسێنەرانەوە دەمێنێتەوە.
ئەگەر دانایی و كۆششە بەردەوامەكانی ئێوە و هەڵوێستە نەگۆڕەكانتان بۆ پشتیوانیكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە هەموو پێكهاتەكانی گەلەكەمان و سووربوونتان لەسەر ساڕێژكردنی برینەكانی ڕابردوو نەبوایە ئەم دەستكەوتە بەدەستنەدەهات.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە سەركەوتووتان بكات و ئەم بڕیارە بكاتە هەنگاوێكی تر بەرە و عیراقێكی فیدرالی دادپەروەر كە تێیدا ماف و شكۆی مرۆڤی تێدا دەپارێزرێت و رێز لە قوربانیدانەكان دەگیرێت.
هەڵەبجە سیمبولی نەهامەتیەكانی مرۆڤە، دیمەنێكی ئازابەخشی جەور و ستەمە لە دژی رۆڵەكانی گەلی كورد و تا ئێستاش وەك شایەتحاڵێك ماوە لەسەر قەبارەی قوربانیەكان كە عێراقیەكانی بەخشیویانە لە پێناوی ئازادی و شكۆمەندیدا.
پیرۆزباییتان لێدەكەم و ڕێز و ستایشمان قبوڵ بفەرموون
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 4ـی 2025 لەکۆشکی سەلام لەبەغداد، پێشوازی لە ئەحمەد ئەلجبوری جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد.
لەدیدارەکەدا، ئەلجبوری باسی لە لەئامادەکارییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی پەرلەمانی عەرەبی کە بڕیارە لەم مانگەدا لەبەغداد بەڕێوەبچێت. سەرۆک کۆمار پشتیوانی سەرۆکایەتی کۆماری دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی عەرەبی.
هەوەرەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، لەئامێزگرتنی کارەکانی پەرلەمانی عەرەبی لەلایەن بەغدادەوە، رەنگدانەوەی پێگە و رۆڵی کاری هاوبەشی عەرەبیە و پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی هاوسۆزی نێوان گەلانی عەرەبی بەرجەستە دەکات.
لەلای خۆیەوە ئەلجبوری، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و دوپاتی کردەوە کە پەرلەمانی عەرەبی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە عیراق دەڕوانێت لەکارەکانیدا و هەوڵەکانیشی لەمیوانداریکردنی ئەم دانیشتنەدا بەرز دەنرخێنێت.
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە بەڕێز حەمید ئەلغزی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، هەردوو لا بارودۆخی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزاریی گشتیی وڵاتیان تاوتوێ کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر گرنگی چالاککردنی کاری هاوبەش لە نێوان سێ دامەزراوەی سەرەکی حکومەتدا بۆ پاڵپشتی و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنیان بە هاووڵاتیان. هەروەها باسی لە گرنگی بوژاندنەوەی کاری دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتیان و هێنانەدی ئومێدیان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێنماییە بەنرخەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و دڵنیای کردەوە لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانی.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 14 ی نیسانی 2025 لەکۆشکی سەلام لەبەغداد، داتاکانی هەڵبژاردن و کارتی بایۆمەتری خۆی لەسەرۆکایەتی کۆمار نوێکردەوە.
سەرۆک کۆمار جەختی لەچڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ نوێکردنەوەی دەنگدەران کارتی دەنگدانیان بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەشداریکردن وهاوکات ئاماژەی کرد بە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی دیاریکراودا، بۆ ئەوەی عیراقییەکان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن.
سەرۆک کۆمار داوای لەکۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ هاندان و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بەمەبەستی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا و هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بەئازادی و شەفافییەت و ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات لەپێناو تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەئاسانی و سەرکەوتووانە بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی سەرجەم گەل لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، سەرۆك كۆماری عیراق داوا دەكات كۆمەڵی نێودەوڵەتی تاوانەكە بە جینۆساید بناسێنێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بۆ یادی 37 ساڵەی ئەنفال بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ساڵیادی تاوانە دڕندانەكەی ئەنفال كە رژێمی پێشوو لە دژی گەلی كورد ئەنجامیدا و بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 180 هەزار منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو، دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو تاوانە بە جینۆساید دادەنرێت.
سەرۆك كۆمار دەڵێت، خوێنی شەهیدان پایە بنەڕەتییەكانی سیستمی دیموكراسییە، داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران كردوە یاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەربكات، جەختیشی كردووەتەوە لەسەر پێویستی ناساندنی تاوانی ئەنفال وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی جینۆساید و داوایكردوە نوێنەرایەتی هەمیشەیی عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵی پێویست بدات بۆئەوەی ئەو تاوانە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی جینۆساید بناسرێت.
لەو پەیامەدا سەرۆك كۆمار دەڵێت، هەموو عیراقییەكان و بەتایبەتیش گەلی كورد بە دەست تاوانەكانی رژێمی دیكتاتۆرییەوە ناڵاندویانە، داواشی لە هەموو عیراقییەكان كردوە یەكگرتوو بن و پابەندبن بە سیستمی دیموكراسییەوە، كە گرەنتی ئاشتی و دادپەروەری و پێكەوەژیان لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقدا دەكات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە بەغدا پێشوازیکرد لە نزار محەمەد سەعید بەرپرسی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا .
له کۆبوونەوەیەکدا رەوشی سیاسی و ئەمنی عیراق و هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنی ناوچەکه تاوتوێکرا.
سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر گرنگی یەکڕیزی سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەمان و ئاماژەی بەپێویستی هەماهەنگی وهاریکاری کرد بەشێوەیەک کە تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عیراقدا بەهێز بکات.
د.لەتیف رەشید جەختی لەسەر گرنگی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەهاووڵاتیان و روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگ و پێشکەوتنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان تاوتوێکراو جەخت لەسەر پێویستی بەردەوام بوونی راوێژ و کۆبوونەوه و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان به پێی یاسا و ده ستور و لێکتێگه یشتنی سیاسی کرایەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز شەمەری باڵیۆزی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە عیراق.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەیکرد، بە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەشی نێوان عێراق و شانشینی عەرەبستانی سعودی بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەلی برا بکات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە تاوتوێ کرا و سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە پێویستی کارکردن بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکان دژی گەلی فەلەستین و پشتیوانیکرد لە دۆزی رەوایان و زامنکردنی پاراستنی خەڵکی مەدەنی.
لای خۆیەوە باڵیۆزی عەرەبستانی سعودی ستایشی هەوڵەکانی عیراقی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی شانشینی عەرەبستانی سعودی بۆ پاراستنی هاریکاری دووقۆڵی بۆ خزمەتکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە تیمی باڵۆنی عەرەبی بە سەرۆکایەتی کاپتن عەبدولعەزیز ناسر ئەلمەنسوری و پشتیوانی عیراقی بۆ هەموو ئەو کردانە دووپاتکردەوە کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش.
لە دیدارێکدا سەرۆک کۆمار ئامانجەکانی دەستپێشخەری تیمی باڵۆنی عەرەبی و رۆڵی لە پتەوکردنی پەیوەندییە کلتوری و مرۆییەکانی نێوان گەلان بەرز نرخاند و پشتیوانی عیراقی بۆ هەموو ئەو کردانە دووپاتکردەوە کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش، بەتایبەتی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە پەیامی ئاشتی و پەیوەندییە مرۆییەکان هەڵدەگرن و رەنگدانەوەی رۆحی هاوسۆزی و کەلتووری هاوبەشن.
لای خۆیەوە کاپتن عەبدولعەزیز ئەلمەنسوری سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی و ئاماژەی بەوەدا کە عیراق وێستگەیەکی سەرەکییە لە رێڕەوی دەستپێشخەرییەکەدا بەهۆی پێگەی مێژوویی و کەلتووری دێرینی لەهۆشیاری عەرەبیدا و رۆڵی پێشەنگایەتی لە پشتیوانیکردن لە بەهاکانی یەکڕیزی و لێکنزیکبوونەوەی گەلان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمەکە بەبۆنەی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیەوە باڵۆنی عەرەبی لە بەغداد هەڵدەدەن بەمەبەستی بەرجەستەکردنی هاوخەباتی برایانەی نێوان عیراق و براکانی.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق و محەمەد حەسان سەرۆکی نێردەی یونامی کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی عیراق و چۆنیەتی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لەوڵاتدا کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی رۆڵی نێردەی نێودەوڵەتی کردەوە لە پاڵپشتیکردنی گەشەپێدان لە عیراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و ئاماژەی بەپەرۆشی عیراق بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانیەوە کرد.
لەلای خۆیەوە محەمەد حەسان، سڵاو و رێزی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانی گەیاندە سەرۆک کۆمار و سوپاسی کرد و روونکردەوەیەکی هەوڵەکانی یونامی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ عیراق لە بوارەکانی گەشەپێدان و پەروەردە و مرۆییدا بەشێوەیەک کەبنەماکانی هاوکاری بنیاتنەرانەی نێوان عیراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025 بەشداری لە رێوڕەسمی ناوەندی یادکردنەوەی ساڵانەی رۆژی شەهیدی فەیلی و رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو کرد، کە لەژێر دروشمی (کوردانی فەیلی پرسی نیشتمانن) بەڕێوەچوو.
سەرۆک کۆمار لەو بۆنەیەدا ووتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە عیراقییەکان لەم رۆژەدا یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید دژ بەم پێکهاتە رەسەنەی کوردە فەیلییەکان بەبیردەهێننەوە و ئاماژەی بە پێویستی دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوەیەکی دادوەرانە بەرانبەر ئەو کەسانە کرد کە ئەم تاوانانەیان ئەنجامیان داوە لەپێناو بەرقەرارکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتەی سەرۆک کۆمارە لەمیانەی رێوڕەسمی یادکردنەوەدا:
به ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووان خوشکان برایانی بەڕێزان
دروود وسڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.
لەم رۆژەدا عیراقییەکان یادی چل و پێنجەمین ساڵیادی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا دەکەنەوە، کە ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی تاوانی کوشتن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و دەست بەسەرداگرتنی سەرمایەی کوردە فەیلییەکان، ئەو پێکهاتە عیراقییە ڕەسەنەی کەکاریگەرییەکی روونی هەیە لەبنیاتنانی دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخ و ژیانی سیاسی و هەڵوێستە بەرچاوەکانیان لەبەرنگاربونەوەی رژێمی پێشوودا کە ستەم و چەوساندنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عیراقی گرتبوەوە لە سەروی هەموویانەوە کوردە فەیلییەکان.
لە کاتێکدا یادی رۆژی شەهید فەیلی دەکەینەوە، بە ئازارێکی زۆرەوە ئەو ستەم و زۆرداریە بەبیر دەهێنینەوە کەبەسەر رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە رەسەنەدا هاتووە.
ئەم پێکهاتە رەسەنە پێویستیان بە پاکێجێک لە رێوشوێنی گونجاو هەیە کە هەندێکیان پەیوەستە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و هەندێکیش لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کەهێشتا کاری پێدەکرێت وپێویستی بە هەڵوەشاندنەوە و جێگرتنەوەیان بە بڕیاری نوێ هەیە، سەرەڕای پێویستیی قەرەبووکردنەوەی دەست بەسەرداگرتنی پارە و موڵک و سامانیان کە ئەوەندەی ئێمە بزانین قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووەکانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو نەکراوەتەوە، بەڵام ئەو تۆڵەسەندنەوەی دادوەری لەلایەن ئەوانەی ئەو تاوانانەیان ئەنجام داوە ئێستا بۆتە پێویستییەکی گرنگی دادپەروەری بۆ قوربانیان، لەکاتێکدا کە هەندێک دەنگ مژدەی گەڕانەوەی تاگڕەوی و زۆرداری دەدەن.
لەم پلاتفۆرمەشەوە داوا دەکەین کاری جددی بکرێت بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەزموونە تاڵەی کە هەموو عیراقییەکان چەشتویانە، چونکە زۆرێک لە کاریگەری و تراژیدیای ڕژێمی سەرکوتگەر تا ئەمڕۆ نەدۆزراونەتەوە و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخەی سەر بە پارێزگای موسەننا دۆزرانەوە و کارەکانیش بەردەوامن بۆ ناساندنەوەی روفاتی شەهیدان و رادەستکردنیان بە خانەوادەکانیان .
خوشکان و برایانی بەڕێز
سەرۆکایەتی کۆمار هەمیشه ئامادەیی خۆی دەربڕیوه بۆ پشتیوانی لەمافه کانی رۆڵەکانی پێکهاتەی کوردی فەیلی و ئامادەیه پشتیوانی لە مافەکانی هەموو گەلی عیراق بکات، بۆ ئەوەی گوێ لە نەهامەتیەکانی رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە رەسەنە بگرێت، چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆرێک لەشاندەکان کراوە و گوێ لە داواکارییەکانیان گیراوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندیش لە سەرۆکایەتی کۆمار پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی داواکانیان.
لەکاتێکدا داوا لە هەمووتان دەکەین هەوڵەکانتان یەکبخەن بۆ مێژوو و کلتووری کوردە فەیلییەکان و رۆڵی سیاسیتان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواکان و جێگای خۆیەتی کە سوپاسی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش برامان موحسین مەندەلاوی بکەین بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم چالاکییە گرنگە و دەستخۆشی لە بەرپرسانی ئەم مەراسیمەیش دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین.
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی باس لە پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش و چەسپاندنی سەقامگیری ناوچەکە دەکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەر دوو وڵاتی دراوسێ و چۆنییەتی پەرەپێدانی هاریکاریی لە بوارە جیاجیاکانی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێکرا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەر دوو گەل بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
هەردوو سەرۆک بەبۆنەی جەژنی رەمەزان و نەورۆزەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ گەلانی عێراق و ئێران خواست.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە زیاد هاب ئەلریح وەزیری ناوخۆی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان رووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، بارودۆخی خاکی فەلەستین له رووی ئەمنی و ئابووری و مرۆییەوه تاوتوێکرا و د.لەتیف رەشید بۆچونی عیراقی له پشتیوانی لە فەلەستین و مافی گەلەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووپاتکردەوه.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت و ئاسایش و سەلامەتی ئەوان دەستەبەر بکرێت، ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیرکردنی بارودۆخی فەلەستین تاکە رێگایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فەلەستین سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار بۆ پرسی فەلەستین و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لەداکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆماری عیراق هیوای سەرکەوتن بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازێت و بەبۆنەی ساڵی نوێی بابلی-ئاشووری پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل دەکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ پێنجشەممە، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی-ئاشوورییەوە، پیرۆزبایی لە بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ فێستیڤاڵەکە خواست ، داوایکرد کە ئەم فیستڤاڵە بەشداربێت لە بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی عیراق.
وتارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن سەکفان موراد جوندی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکرا کە سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری گەیاندە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ، جەختیشی لە پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆماری کردەوە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مەدەنی لە نێوان هەموو عیراقییەکان و پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە عیراق شانازی پێوە دەکات، وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ ئێستا و داهاتووی خۆی.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆکایەتی کۆمارە:
بەڕێزان لێپرسراوان
بەڕێزان، ئامادەبوانی بەڕێز
سەرەتا، شەرەفی ئەوەم پێدراوە کە سڵاوی سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ بگەیەنم. ئەو مەبەستی بوو لەگەڵ ئێوە بەشداری چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە پڕ شکۆیە بکات، ئەگەر دەرفەت بگونجایە.
هەروەها پیرۆزبایی بەڕێزیان بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی-ئاشووری و سریانیمان دەگەیەنم بە رۆڵەکانی کلدانی و ئاشووری و سریانی و هیوای سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازین، کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، هەروەها چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیان و پاڵپشتیکردنی فرەیییە لە وڵاتەکەماندا، کە ئەمەش هەوڵەکان چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ پشتگیریکردن لە یەکێتی نیشتمانی.
ئەمڕۆ بە دروشمی (فێستیڤاڵی ئەکیتو.. فێستیڤاڵی شارستانیەتی عێراقی) لە یەکەم فێستیڤاڵی ئەکیتودا کۆدەبینەوە بە واتا گەورەکانیەوە کە ئاماژە بە قووڵایی و ڕەسەنایەتی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا دەکەن، کە تیایدا یەکەم پیتی نووسین دەستیپێکرد و یەکەم یاسا و ڕێسای بەڕێوەبردنی کاروباری مرۆڤایەتی ناسێنرا، جگە لە گەشەسەندنی هونەر و ئەدەب و زانستەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەم شێوەیە پشکێکی گەورەیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەکەوێت کە تا ئەمڕۆش دیارە.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەمان و گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورە بوونەتەوە لە شەڕ و توندوتیژی و ستەمکاری کە ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقمانیان رەتدەکردەوە .
ئەو فرەچەشنییەی کە وڵاتەکەمان شانازی پێوە دەکات، بەهۆی سیاسەتی گۆشەگیری و جیاکاری و پەراوێزخستن و گومان خستنە سەر رۆڵەکانی گەل کە تاکە تاوانیان ئەوەیە کە سەر بە پێکهاتە ڕەسەنەکانی خاکی دوو ڕووبارن شێوێندراو کە بەم هۆیەوە فرەڕەنگیان شێواند ، بۆیە سەیر نەبێت لاتان کە ئەم دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە لە ئەنجامی قۆرغکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون روخاو لەناوچوو .
دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەت، عێراقییەکان بە هەموو بیروراجیاوازەکانیەوە دەستوورێکی نوێیان بۆ وڵات داڕشت، کە یەکێک لە بناغە گرنگەکانی بریتی بوو لە پاراستنی فرەچەشنی و پاراستنی تایبەتمەندی و سەرکەوتنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون، بەو پێیەی هەمووان یەکسانن لە ماف و ئەرکەکاندا ، سەرەڕای کێشە و ئاڵەنگارییە گەورەکان، بە تایبەت ئەو پەلامارە تیرۆریستییە تاریک پەرستانەی کە بێهودە هەوڵی تێکدانی ویستی عێراقییەکان و شکستپێهێنانی تاقیکردنەوە نوێیەکەیان دا.
عێراقییەکان بەهێزتر لەم ئاڵەنگارییانە دەربازبون، ئەمەش لە سایەی خۆڕاگری و پابەندبوونیان بە ژیان و شکۆمەندی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەوە بوو، بە ویستێکی پتەوەوە بۆ ژیان بە ئازادی و شکۆمەندییەوە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمە تیرۆریستییە تاریک پەرستەکان یەکیانگرت و قوربانییەکی یەکجار زۆریان دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
سەرۆکایەتی کۆمار ویستی پتەو و نەگۆڕە لە چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و مەدەنی بون و تائێستا پێشوازی لە دەیان وەفدی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵ کردووە بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرێت و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە چارەسەر بکات، لەسەر بنەمای باوەڕی سەرۆک کۆمار بە پێویستی پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە لە وڵاتەکەماندا بونی هەیە، بەو پێیەی سەرچاوەی هێزە بۆ ئێستا و داهاتووی وڵات.
ئەمڕۆ ئێمە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان هەیە، هەریەکە لە پێگەی خۆیەوە، بۆ چەسپاندنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و زامنکردنی ئازادی و مافەکان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی وڵات. ئەمەش بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتە کە بریتیە لە : یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری.
لەم نێوەندەدا سەرۆک کۆمار گرنگییەکی زۆر بە مافەکانی مرۆڤ دەدات و سەرۆکایەتی کۆمار کار لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بە داواکارییەکانی هاوڵاتیان کردووە و کاری کردووە بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ١٥ هەزار دەستگیرکراو و زیندانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار چەندین پرۆژە یاسای گرنگی پەیوەست بە ماف و داواکاری عێراقییەکان بە هەموو پاشخان و مەزهەبەکانەوە پێشکەشی پەرلەمان کردووە و دەرگای سەرۆکایەتی کۆماریش بەڕووی هەموواندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا سڵاوی سەرۆک کۆمار بەئێوە دەگەیەنم و هیوای سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئێوە دەخوازم. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی لێپرسراوانی ڕێکخستنی فیستفاڵەکە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
سەرۆك كۆماری عیراق بە ئامانجی چاودێریكردن و ئامادەبون لە یادی رۆژی جیهانی شارستانییەتی بابل گەیشە ئەو شارە و بەشداری ژمارەیەك چالاكی كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق گەیشتە ناوەندی پارێزگای بابل و لەلایەن پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسانی شارەكەوە پێشیوازی لێكرا.
لە پەراوێزی كۆبونەوەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق ژمارەیەك دیداری لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی پلاندانان و چەند راوێژكارێكی سەرۆكایەتی كۆمار ئەنجامدا و رایگەیاند، بەرزڕاگرتنی ئەم رۆژە بیرهێنانەوەی مێژوی دێرینی ئەو شارە و میراتی كولتوری و ئەو زانستانەیە كە بۆ مرۆڤایەتی دابینی كردوە.
ئاهەنگی یادی رۆژی شارستانیەتی بابل بە ئامادەبونی ژمارەیەك وەزیر و پارێزگار و دیپلۆماتكار بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆك كۆمار لە مەراسیمێكدا پێشانگایەكی گوڵ و كشتوكاڵی كردەوە و بەشداری چەند چالاكیەكی جۆراوجۆری تری كرد.