سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەفدی لیژنەی هەماهەنگیی پێکهاتەی نیشتمانیی و هێزەکانی شنگال دەکات
سام
٥ی ئایاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە وەفدێکی لیژنەی هەماهەنگیی پێکهاتەی نیشتمانیی و هێزەکانی شنگال بە سەرۆکایەتی داود جوندی شێخ کالۆ کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 5-5-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار هەڵوێستی قارەمانانە و قوربانیدانی دانیشتوانی شارەکەی لە کاتی بەرەنگاربونەوەکان بەرانبەر بە تیرۆریزمی داعش و دواتر ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و سەرپێخستنەوەی ژێرخانی شارەکە بەبایەخەوە باسکرد.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی هەوڵی هاوبەشی نیشتمانی بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە شارەکە.
هەر لەدیدارەکەد باس لە گرنگترین کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم شەنگال کران.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە لیژنەی سەرۆکایەتی کۆمار چاودێری دۆخی ئاوارەکان دەکات و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە مرۆییە گرنگە دەکات.
جەختیشیکردەوە لە سەر پێویستی کاری جددی بۆ باشترکردنی رەوشی شارەکە و پەرەپێدانی ئاستی ژیانی هاووڵاتیانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆیان، هەروەها قەرەبووکردنی ئەوانەی زیانیان لێکەوتووە، و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بچەسپێنێت.
لای خۆشیانەوە ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی لە پای گرنگیدانی بە شەنگال و دابینکردنی مافی هاووڵاتیان، یەکخستنی پێکهاتەکان و رەتکردنەوەی هەموو جۆر دابەشبوونێک و پێداگرییان لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە.



