سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەفدی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن دەکات
سام
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمرۆ پێنجشەممە 24ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە ئەحمەد سەفەدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن و وەفدی هاوڕێی کرد.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان پەرلەمانتارانی عیراق و ئوردن و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزایی کردەوە لەنیوانیان هەروەها پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان له بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییه برایانەکان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە رەوشی ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە ململانێ و گرژییەکان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کردەوە و کارکردن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەپێویست زانی و تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی عیراق لە پشتیوانیکردن لە گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی کرد.
سەرۆک کۆمار ستایشی بەستنی دانیشتنی گشتی پەرلەمانی عەرەبی کرد لە بەغداد و تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئەم کارە بەرجەستەکردنی ئەو پەیوەندییە پتەوەیە کە عیراق لەگەڵ براکانیدا دەبەستێتەوە و رەنگدانەوەی پەرۆشی عیراقە بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی کاری هاوبەش.
لەبەرانبەردا ئەندامانی وەفدی میوان خواستی حکومەت و گەلی ئوردنیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و پەرەپێدانی هەماهەنگی لەبوارەکاندا دووپاتکردەوە.








